میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، ئەمریکا لە وەڵامی پێشنیازەکانی ئێراندا بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن، داوای لە تاران کردووە پێنج مەرجی سەرەکی جێبەجێ بکات.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس نیوز)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، زانیاریی نوێی لەبارەی داواکارییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکەی فارس نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە بڵاوکراوەتەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە گوێرەی مەرجەکان، ئەمریکا قەرەبووی ئێران ناکاتەوە و دەبێت یۆرانیۆمەکەشی رادەست بکات.
پێنج مەرجە سەرەکییەکەی واشنتن بەم شێوەیەن:
- نەدانی هیچ جۆرە قەرەبوو و زیانێکی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە.
- بردنەدەرەوە و رادەستکردنی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم لە ئێرانەوە بۆ ئەمریکا.
- چالاک هێشتنەوەی تەنیا یەک کۆمەڵگە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
- ئازادنەکردنی تەنانەت 25٪ی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.
- بەستنەوەی راگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا بە ئەنجامدانی دانوستاندن.
ئاژانسی فارس نیوز جەخت دەکاتەوە، تەنانەت لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەش لەلایەن ئێرانەوە، هێشتا مەترسیی هێرش و دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لە راپۆرتی ئەم میدیا ئێرانییەدا هاتووە، پڕۆژەپێشنیازەکەی ئەمریکا لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیەوێت ئەو ئامانجانە بپێکێت کە نەیتوانیوە لە ماوەی شەڕدا بەدەستیان بهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم میدیایەی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، ئێران بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا، چەند پێشمەرجێکی داناوە. فارس نیوز لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران ئەنجامدانی هەر دانوستاندنێکی لەگەڵ ئەمریکا بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی پێنج پێشمەرج بۆ دروستکردنی متمانەی دوولایەنە کە بریتین لە:
- کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا، بەتایبەت لە لوبنان.
- هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران.
- ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
- قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ.
- قبووڵکردنی مافی سەروەریی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە میدیاکانی ئێران دەڵێن، تاران دوای وەرگرتنی کۆمەڵێک پێشنیازی لایەنی ئەمریکی لەلایەن پاکستان، شەوی رابردوو وەڵامی پێشنیازەکانی لە رێگەی پاکستانەوە داوەتەوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق