ئێران، لە ئەفسانەی مەزڵومیەتی بیابانەکانی کەربەلاوە بۆ مەیدانی ئازادی لە تاران

ليست هناك تعليقات

د.ئەمیر حسێن
-
لە فەرهەنگی سیاسیی کلاسیکدا، دەوڵەتی کاراو ئەکتیڤ بە توانای یەکلاییکردنەوەی ململانێکان دەپێورێت؛ یان سەرکەوتنێکی گەورە لە کاتی جەنگ و قەیرانەکاندا، کە سەرکەوتو ئیرادەی خۆی دەسەپێنێت، یان شکستێکی قورس، هێندە دەنگدانەوەی دەبێت، تەنانەت ناسنامەی مێژویی شکستخواردو جارێکی تر دادەڕێژێتەوە. بەڵام دۆخی ئێران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە، لەم دیالێکتیکە دوالیزمیەی ( شکست و سەرکەوتن ) تێدەپەڕێت و مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش دەکات. دەوڵەتێک لە جەنگ و قەیرانەکاندا سەرناکەوێت، بەڵام هەرگیز نادۆڕێ و ناش بەزێت . جەوهەری کێشەکە بێتوانایی سەربازی نییە، بەڵکو بژاردەیەکی بونگەرایییە ( Existential )، ئێران هەمیشە جەنگ وەک ساتەوەختی ( تاقیکردنەوەی توانای خۆڕاگری ) دەبینێت، نەک وەک بژاردەی بەیەکدادانی فعلی هێزەکان . لای ئێران، جەنگ مەیدانێک نیە بۆ داگیرکردنی جوگرافیا، یان سەپاندنی ئیرادە بەسەر بەرامبەردا، بەڵکو تاقیگەیەکە بۆ داڕشتنەوەی ناسنامە و جارێکی تر هەوڵدان لە پێناو گۆڕینی واقیع، لە ڕێگەی درێژەدان بە جەنگ، بەڵام لە سەرمێزی ڕوبەڕوبونەوەی دانوستاند و گفتوگۆدا .

لە جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا، هەرچەندە ئیمام خومەینی دواجار پیاڵە ژەهرەکەی هەڵداو ڕێکەوتنی قبوڵکرد، لە کۆتایدا هیچ لایەک ئاڵای سەرکەوتنی ڕەهاو یەکلاکەرەوەی هەڵنەکرد، ئەگەرچی تاران بە دەستکەوتێکەوە لەم جەنگە هاتە دەرێ، بە لای خۆیانەوە لە باڵادەستیی هێزی سەربازی بەنرختر بو، ئەویش ( دەستەبەرکردنەوەی باڵادەستی ئێران وەک میراتگری ڕەسەن و مەرجەعی مەزڵومییەت ). جەنگ لە ململانێ و بەیەکدادانی سەربازی سەر سنورەوە گۆڕا، بۆ (دوبارەکردنەوەی داستانێکی خوێناوی کەربەلایی)، بەڵام لە فۆڕمێکی سەردەم و هاوچەرخدا ؛ تیایدا سەرکەوتن بەواتای تێکشکاندن و لە ناوبردنی دوژمن نەبو، بەڵکو بەواتای (مانەوە) بو پێچەوانەی ویستی هەمو جیهان . لێرەوە فەلسەفەی (ئێمە هەرگیز ناکەوین) لای ئێرانیەکان سەری هەڵدا، لە ئەنجامدا بو بە هەوێنی بنیادنانی نەفەسێکی درێژی دیپلۆماسیی بۆ ئایندە .

لە دۆسیەی ئەتۆمیدا، پارادۆکسی ئێرانی بە ڕونترین شێوە دەردەکەوێت. دەوڵەتێکی گەمارۆدراو و گۆشەگیر، کەچی نەک لە پێگەی لاوازییەوە ناچێتە سەر مێزی دانوستان، بەڵکو بە لەخۆ ڕادیویەوە، بە سەبرێکی درێژی ئەیوبیەوە، گرێ لە دوای گرێ، ڕایەڵ و ڕەنگ و تەوەرەکان وەک چۆن لە کارخانەکانی چنینی فەرشی دەستکردا دادەڕێژێ و دەچنێت، تا ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر خۆی لەبەردەم واقیعێکی سەپێنراودا دەبینێتەوە. ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هێزێکی سەربازیی ئاشکرای بە دەست نەهێنا، بەڵکو( هێزی دانپێدانان )ی وەگیرخست و بەرهەمهێنا. سیستەمی نێودەوڵەتی ناچارکرد وەک (هێزێکی ئەتۆمیی شاراوە) قبوڵی بکات و لەگەڵیدا بچێتە گفتوگۆو ڕێکەوتنەوە . لێرەدا وتوێژ پاشکۆو پەراوێزی هێز نییە، بەڵکو بەلای ئێرانیەکانەوە خودی وتوێژ ئەو ئامرازەیە دوبارە هێز دەخوڵقێنێت.

ئەوەی ئێران لە ناوچەکەدا بەتایبەت (عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن ) دەیکات، هەوڵدان نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکی سەربازی، بەڵکو خوڵقاندنی ژینگەیەکە لە (نا یەکلابونەوەی بەردەوام) . ئەو تۆڕە ئاڵۆزە چەکدارو هەواڵگیریە تائیفی و عەقائیدیانەی ئامادەیان دەکاو دواتر بە ناوچەکەدا بڵاویان دەکاتەوە، نەیارەکانی ناچاری نەزیفی قورسی سیاسی و ئابوری دەکات، تەنانەت سەرکەوتن بەسەریاندا، بەواتای وێرانکردنی هەمو پێکهاتەکە دێت. وەک چۆن بینیمان سەرکەوتن بەسەر ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران لە سوریا وێرانکردن و نابوتکردنی عەلەویەکانی لێکەوتەوە، یان هەوڵەکان بۆ شکاندن و چەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان، وەک مەترسیەکی وجودی وێنا دەکەن بۆسەر شیعەکان، لە کاتێکدا پێکهاتەیەیەکی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن . ئەمە جۆرێکە لە فەلسەفەی (هەڵپەساردنی ئەنجامەکان)، لە جەنگدا ڕێگری لە کەوتن دەکات، تا نەیارەکەی لە دۆخی داخورانی ئومێدو بارگرانی بەردەوامدا بهێڵێتەوە . لە دانوستاند و وتوێژدا، ڕێگری لە کۆتاییهاتنی یەکجاری دەکات، تا تەڵەزمی کایەکە لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. لە سیاسەت و جیۆپۆلەتیکدا ڕێگری لە سەقامگیریی تەواو دەکات، چونکە سەقامگیری واتا کۆتایی یان دروستبونی سیستەمێک ئیتر ئەو هیچ ڕۆڵی تێدا نامێنێت . ئێران هەرگیز بەدوای(کۆتایی) دا ناگەڕێت، چونکە کۆتایی لە مانا فەلسەفییەکەیدا واتە مردن یان دۆگم و چەقبەستویی. بۆیە ئەو بەردەوام ژیان و جوڵە لە (هاوسەنگییەکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ) دا هەڵدەبژێرێت.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە لە (مانەوە)دا، ڕوبەڕوی بنبەستێکی بونیادی قوڵ دەبێتەوە. چونکە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەواتای ڕزگاربون یان دەرچون لێیان نییە، هەروەها دواخستنی بڕیاری کۆتایی چارەسەرێکی مێژویی نییە. ئێران بەهۆی لێهاتویی لە بون بە (کێشەیەکی هەمیشەیی) لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، ڕەنگە بۆ هەمیشە لەم نیوەندەدا گیر بخوات. جەنگی مانەوە وەک پارادایمی خۆڕاگری زۆر جیاوازە لە پرۆسەی بونیادنان وەک گەشەو پێشکەوتن . ( دەوڵەتانی خلیج بە نمونە)، بۆیە ئەو دەوڵەتە تەنها لەوەدا سەرکەوتو بوە ببێتە ( گرێ کوێرە ) بە دامێنی جەستەی فشۆڵی سیستەمی هەرێمی و جیهانیدا، بەڵام بەو ئەندازەیە سەرکەوتو نەبوە ببێتە (مۆدێلێکی) سەقامگیر بۆ گەلەکەی، یان بۆ کۆپی کردنەوەی لە ناوچەکە. ئەگەرچی ئێران لە جەنگ و ئاشتیدا تا ئێستا نەدۆڕاوە، چونکە هەرگیز گرەوی لەسەر خستنە ڕوی هەمو کارتەکانی لەسەر مێز و لە مەیداندا نەکردوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە سەرکەوتنیش بەدەست بهێنێت، بەردەوام لەو ساتەوەختە دەترسێت کایەکە بە لایەکدا بکەوێ و کۆتایی پێبێت . ئەوکاتەش بکەوێتە بەردەم لێپرسینەوەی ئەخلاقی لە دادگای توڕەو پەنگخواردوی میللەتە مەزڵومەکەی .

ئەمە ئەو کۆمارەیە 47 ساڵە، لە (مەودایەکی بەرزەخی)، نێوان ئاگری جەنگ و جرت و فرتی مەکوکی هۆڵەکانی گفتوگۆدا، دەژی و هاتوچۆدەکات. لەوێدا هیچ شتێک یەکلایی نابێتەوە، هیچ شتێک ناڕوخێت، وەک چۆن هیچ سەرکەوتنێکیش بەدەست نایەت، بەڵکوهەمو شتێک بە ڕایەڵێکی باریکی (بەرژەوەندی ستراتیژی ویلایەتی فەقێ) وە هەڵپەسێردراوە . ڕایەڵێک، ڕاستە ڕەنگە چەند جارێک لە کەوتن بتپارێزێت، بەڵام هەرگیز بەس نییە، بۆ ئەوەی تەواوی متمانەتی پێداهەڵبواسی، تا لەهەڵدێرێکی ئاوا مێژویدا بتگرێتەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif