دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە لە لێواری "داڕمانێکی گەورەی ئابووریدایە" و بۆ رزگاربوون لەو دۆخە، "تینووی پارەی نەختینەیە."
رۆژی چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، ترەمپ لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران و گوتی، "ئێران لە رووی داراییەوە خەریکە دادەڕمێت! ئەوان دەیانەوێ تەنگەی هورمز دەستبەجێ بکرێتەوە، چونکە تینووی پارەی نەختینەن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماری نوێی لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز و بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانەوە تاران "رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات."
بە گوتەی ترەمپ، قەیرانە داراییەکە گەیشتووەتە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانیش. ترەمپ دەڵێت، "سوپا و پۆلیسی ئێران سکاڵا دەکەن و دەڵێن مووچەیان پێ نادرێ."
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، بڕیار بوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 2:50 خولەک بە کاتی هەولێر، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی بێت، بەڵام ترەمپ پێش تەواو بوونی ئاگربەستەکە، بڕیاری درێژکردنەوەی دا.
ترەمپ لە ترووس سۆشیەڵ نووسی، فەرمانم دا بە سوپاکەمان کە بەردەوام بێ لە گەمارۆکەی (گەمارۆی سەر بەندەرکانی ئێران) و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە." گوتیشی، "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکێش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق