فارس نەوڕۆڵی
-
لە پرسەی دوو هاوژینە شەهیدەکەدا کە بە درۆن لە گوندێکی نزیک لە هەولێر شەهیدکران، میدیاکاران پرسیاریان لە فازڵ میرانی کرد: «بۆچی هاوڵاتیی مەدەنی دەکرێتە ئامانج؟» لە وەڵامدا، فازڵ میرانی وتی: «نە مەسەلە هاوڵاتییە، مەسەلە کوردن؛ بۆیە دەکرێنە ئامانج.» دواتر وتی: «کوفر بەردەوام دەبێت، زوڵم بەردەوام نابێت.»
ئەم وەڵامەی فازڵ میرانی لەناو چوارچێوەی فکری سیاسیدا دەچێتە ئاستێکی فراوانتر و قووڵتر. لێرەدا، ئەم وتەیە بەو مانایە دێت کە کۆمەڵگە و دەوڵەت دەتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات لەسەر هەر ئاین و بیروباوەڕێک، تەنانەت ئەگەر نائاینییش بێت، بەڵام بە مەرجێک: ئەگەر دادپەروەر بێت. بە پێچەوانەوە، هەر سیستەمێک ئەگەر نادادپەروەر بێت و بە کوشتن و زوڵم هەوڵ بدات ناسنامەی نەتەوەیەکی تر بسڕێتەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت.
"ئەم وتەیەی فازڵ میرانی هەڵگری جیهانبینییەکی ئازادیخوازانەی نەتەوەیەکی چەوساوەیە"
چونکە زوڵم، هەرچەندە بەهێزبێت، لە کاتێکدا ڕادەگیرێت و دەکەوێت. بەڵام هەڵگرانی پەیامی ئازادیخوازی، هەرچەندە بەهێواشی ڕێ بکەن، دواجار ڕێگای خۆیان دەدۆزنەوە. ئەم وتەیەی فازڵ میرانی هەڵگری جیهانبینییەکی ئازادیخوازانەی نەتەوەیەکی چەوساوەیە. لێرەدا «کوفر» و «زوڵم» تەنها دوو چەمکی ئاینی نین، بەڵکو دوو شێوازی جیاوازن بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە: یەکێک لەسەر بنەمای ئازادی، و ئەوی دیکە لەسەر بنەمای زەبر و زەنگ.
میرانی :.مەبەستی ئەوەیە ئاماژە بدات کە لە سیاسەتدا تەنها هێز ناتوانێت سیستەمێک بپارێزێت یان بەردەوامی پێ بدات. لەمێژوودا نموونە زۆرن. ئەوەی سیستەمێک دەتوانێ مانەوەی خۆی پێ بپارێزێت ، دادپەروەری و متمانەی خەڵک و دراوسێکانەتی. زۆرجار، ئەگەر خەڵک هەست بکەن کە سیستەمێک دادپەروەرە، تەنانەت ئەگەر لە ڕوانگەی کەسانی ترەوە «کوفریش» بێت، دەتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.
واتە، ئەو سیستەمانەی لەسەر بنەمای ئازادی و ڕێزگرتن لەوانی تر دروست بوون، دەتوانن بەردەوام بن، هەر ئاین و فەلسەفەیەکیان هەبێت. بەڵام هەر سیستەمێک کە لەسەر بنەمای زوڵم دروست بووبێت، هەرچەندە بەهێزیش بێت، توانای بەردەوامی نابێت. لەمێژەوە کورد وتویەتی: «هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچڕێت، تەنها زوڵم نەبێت کە لە قایمیدا دەپچڕێت.» تەنها قایمی ڕیزەکانی خۆمانە کە دەتوانێت بەرامبەر قایمی ستەمکاری بوەستێتەوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق