رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستیپێکرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی حیزبوڵڵا کرد و داوای لێکردن ئەم دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بقۆزنەوە و بە "رێکوپێکی" رەفتار بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پۆستیدا لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "هیوادارم حیزبوڵڵا لەم ماوە گرنگەدا بە باشی و بە رێکوپێکی رەفتار بکات. ئەگەر وا بکەن، دەبێتە ساتێکی گەورە بۆیان. چیدی کوشتن نەبێت. دەبێت دواجار ئاشتی هەبێت."
پێش ئەم پۆستە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەم ئاگربەستە دوای زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی "نایاب" لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، هاتووەتە ئاراوە.
ترەمپ گوتی، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژی داهاتوودا، هەردوو سەرکردەکە لە واشنتن کۆببنەوە، کە ئەمە دەبێتە یەکەمین دیداری رووبەڕووی سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان لە مێژوودا.
ئەم ئاگربەستە لە کاتێکدایە کە بەرەی لوبنان لە 2ـی ئادارەوە بە قورسی تێوەگلاوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2,000 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
تەنیا چەند کاژێرێک بەرلە ئاگربەست، ئیسرائیل لانیکەم 380 ئامانجی حیزبوڵڵای لە باشوور بۆردوومان کرد.
لە دوایین هێرش بۆ سەر شارۆچکەی غازیە، حەوت کەس کوژران و 33ـی دیکە بریندار بوون.
بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیسرائیل "ناوچەیەکی ئەمنی" بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی باشووری لوبناندا دەهێڵێتەوە. نەتەنیاهوو دوو مەرجی سەرەکیی بۆ ئاشتیی هەمیشەیی داناوە: چەککردنی تەواوەتیی حیزبوڵڵا و رێککەوتنێکی ئاشتی لەسەر بنەمای "هێز".
لە بەرامبەردا، پەرلەمانتارێکی حیزبوڵڵا گوتی، گرووپەکەیان "بە وریاییەوە" پابەندی ئاگربەست دەبێت، بە مەرجێک ئیسرائیل هێرشەکان رابگرێت.
تاران پێداگری کردبوو کە هەر رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، دەبێت ئاگربەستی لوبنانیشی تێدا بێت. سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا و گوتی، واشنتن لە رێککەوتنێکی "مەزن" لەگەڵ ئێران زۆر نزیکە و رەنگە بۆ واژۆکردنی گەشت بۆ پاکستان بکات.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق