جەنگ و سیاسەت لە کاتی جەنگدا.

ليست هناك تعليقات


فازڵ میرانی
-
 جەنگ دیمەنێکی کورتکراوەی چڕی سیاسەتە، و پردێکی ڕاستەوخۆیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کە دیپلۆماتکار نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، یان وای نیشان داوە کە ناتوانێت.

 بڕیاری جەنگ -ئەگەرچی ڕێسایەکی غەریزییە لە سروشتی زۆربەی بوونەوەراندا، بەڵام جەنگ هەڕەمەکی و بێ‌حسابە- لای مرۆڤ بڕیارێکی وشیارانەیە، هەروەک بڕیاری بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی، بڕیاری جەنگ هەرچییەک بێت و جۆری وەڵامدانەوەی کە هەر چۆنێک بێت. 

هەرگیز ڕووی نەداوە بوونەوەرەکانی تر جگە لە مرۆڤ، لە ململانێکانیاندا شتێک لە مرۆڤ بە قەرز وەربگرن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە؛ ئەمەش هەمووی سەرزەنشت نییە، چونکە لە لایەنێکی ڕەفتاریدا، مرۆڤ زۆرجار لە دەوروبەری خۆی و لە ئاژەڵان و ئەوانی دیکەوە فێردەبێت و لاساییان دەکاتەوە. چەمکی جەنگ لەگەڵ گەشەکردنی عەقڵی مرۆڤدا گەشەی کردووە، لەوانەش گەشەکردنی سیاسەتەکەی لە کاتی جەنگدا. ڕاستە بزوێنەر و ئامانجەکانی جەنگ لە دەستکەوتەکان چ بە تەماحی چاوچنۆکی یان بەرگری جیانەبوونەتەوە، بەڵام دۆزینەوە و بنیاتنان و جووڵاندنی ئامرازە سیاسییەکان بە گەورەترین پاشکەوت ماونەتەوە بۆ سەرکەوتن یان کەمکردنەوەی زیانەکان. 

سەربازەکان لە جەنگدا ئامرازی دەستی سەرکردە سیاسییەکانیانن، و لەو دەوڵەتانەی خاوەن هەژموون و کاریگەرن لەسەر بڕیاری نێودەوڵەتی، ڕێگەیان پێنادرێت دەستوەردان لە سیاسەتدا بکەن، چونکە ئەوان پلانە جێبەجێکارییە سەربازییەکانیان لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئامانجەدا دادەڕێژن کە سیاسییەکە دەینەخشێنێت. زۆرێک لە ڕژێمە سیاسییەکان لەسەر دۆخی ئامادەباشی بۆ شەڕ جێگیر بوون، و تێگەیشتوون چۆن ئێستا و داهاتوویان لە شوێنێکی کاریگەر لەناو بازنەکانی ململانێدا بنیات بنێن. یەکەمین پێکهاتەی هێزیشیان ئابووری و سەرچاوەکانە (مرۆیی، سروشتی و پیشەسازی)، واتە "بازاڕ" بە هەموو وردەکارییەکانییەوە. بەواتایەکی تر، هێزی سەربازیی دەوڵەتە خاوەن هەژموونەکانن، ئەگەرچی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا وا دەردەکەوێت لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام لە ڕاستیدا لە پلەی سێیەمدا دێت، واتە دوای ئابوری و سیاسەت . 

دەکرێت نەشتەرگەرییەک بۆ توێکاریی (تەشریح) جەنگ ئەنجام بدرێت؛ ئەگەر پەردەی پڕوپاگەندەی کۆکەرەوە لێ بکرێتەوە پڕوپاگەندەی جموجوڵ ڕەنگدانەوەی کلتووری تێگەیشتنە لەو کاریگەرییانەی کۆمەڵگە دەبزوێنن، وەک بانگەوازە ڕۆحی و ئەخلاقییەکان و بزوێنەرانی حەماسەت، کە پارەی زۆریان بۆ خەرج دەکرێت بۆ مەبەستی دیاریکراو)، ئەوا کاریگەریی ئەم پەردەیە تەنها وەک یادەوەری دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەندامە زیندووەکانی جەنگن: دەستکەوت و پێگە، و بەراوردکردنی قەبارەی کاریگەری لە ڕووی جێگیری، دابەزین یان بەرزبوونەوەوە. 

جەنگان زۆرجار ڕێگایەکی ناچارییە و هەندێکجاریش ڕێگایەکی بە ئەنقەستە کە سیاسییەکان دەیا نەوێت بۆ ئەوەی بە کاتێکی خێراتر ئەوە بکات کە بە خاو یان بێسوود دەبینرێت لەگەڵ نەیارەکەیدا، پاشان دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ؛ یان وەک یەکسان، یان وەک سەرکەوتوویەکی سەپێنەر، یان وەک شکستخواردوویەکی تەسلیمبوو.

 بڕیاری جەنگ ئەگەر نەتوانێت وێنایەکی واقیعی بۆ ئەنجامەکانی دوای جەنگ و زیانەکانی هەبێت، بڕیارێکی ناهاوسەنگە. جەنگ و شەڕ دوو خاڵی بێ گەڕانەوەن، ئەگەر ڕوویاندا، ئەوەی دوای ئەوان دێت هەمان شتی پێش ئەوان نییە، نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوە. هەموو پڕوپاگەندە و ئاراستەکردنێک هیچ بەهایەکی نابێت لە واقیعدا، مەگەر ئەو لایەنەی دەچێتە ناو شەڕ بزانێت زیان و قازانجەکانی لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا چییە. ئەم بابەتە لە عەقڵی مرۆڤدا، پێوەری جیاوازییە لەگەڵ ململانێی بوونەوەرەکانی تر کە لە مرۆڤ نزمترن و شەڕ دەکەن. سیاسەت لە کاتی جەنگدا تاقیکردنەوەیەکی سەختی بڕیاردانە، و هۆکارێکە بۆ دەرخستنی قوڵی عەقڵ و مەودا کانی و بەپێچەوانەشەوە، عەقڵەکەی دیکەکورت مەودا و بچوک و سەرلێشێواوە.

 وەرگێڕانی سەردار پێنجوێنی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif