ناوچەکە بە دۆخی جەنگێکی چارەنوس نادیاردا تێدەپەڕێت و ڕوون نیە کە هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەگاتە کوێ و چەند دەخایەنێت، تا ئێستا هەرێمی کوردستان ئەگەرچی بە چەندین هێرشی درۆنی کراوەتە ئامانج بەڵام نەبوەتە بەشێک لەشەڕەکە.
لەم سەرو بەندەدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵێكی چڕی نێو خۆیی دەستپێکردوە بە ئامانجی رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و بە زەرورەتی قۆناغەکە باسی لێوە دەکەن
بە پێی زانیاریەکان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسانی باڵای حیزبەکەی ڕاسپاردوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێزە سیاسیەکانەوە بکەن، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دۆخی نائاسایی هەرێم ئاسایی بکرێتەوە و هێزە سیاسیەکان کۆببنەوە و ناکۆکیەکان وەلا بنرێن، تاوەکو بەیەكدەنگیەکی نیشتمانیانە ئەم دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە تێدەپەڕێت
بە پێی زانیاریەکان هەوڵەکانی بارزانی لە ئێستادا بۆ دوو مەبەستە، یەکەمیان کۆدەنگی سیاسی نێوان هێزە کاریگەرەکان بۆ هەر پێشهات و ئەگەرێك کە بۆ ناوچەکە دێتە پێشەوە لەم دۆخە ناجێگیرەدا، ئامانجی دووەمیش کۆبونەوەی پەرلەمان و ئاساییکردنەوەی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بە جۆرێك کە لە ئاست ئەم دۆخەی ئێستاو رێکخستنی نێوخۆی هەرێم بێت
بارزانی پێی وایە لە دوای گۆڕانکاری و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەرێمی کوردستان پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسانی باڵای حیزبەکەی پەیوەندیان بە هێزە سیاسیەکانەوە کردوە و بە ڕوونی پێیان ڕاگەیاندون کە ئامانجی سەرۆکی پارتی رێکخستنەوەی ئەم دۆخە نێوخۆییەیە لە هەردوو ڕووی سیاسی و دامەزراوە فەرمیەکانەوە، بە هێزە سیاسیەکانیشیان ڕاگەیاندوە کە بۆ ئەم مەبەستە پارتی بۆ هەر هەنگاوێك ئامادەیە.
لە هەمان کاتدا لە پەیامەکەی بارزانیدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێك لەم گرژیەی ناوچەکەی گرتۆتەوە و ئەرکی سەرەکیان پاراستنی هەرێمی کوردستانە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق