كاریگەری جەنگ لەسەر ئاسایشی دەروونی و كۆمەڵایەتی تاك

ليست هناك تعليقات


لاجان محه‌مه‌د عوسمان
-
جەنگ بە یەكێك لە گەورەترین مەترسیەكان دادەنرێت؛ بۆ سەر لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتی تاك.

چونكە جەنگ بە تەنیا كوشتنی جەستەو داگیركاری و ئاوارەی و دەربەدەری نییە، بەڵكو تێكشكانی دیووی ناوەوەی مرۆڤە لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە.

جەنگ كاریگەریەكی ئێجگار قوڵی هەیە و تا ئەو ڕادەیە كاریگەریەكانی بە كۆتایی هاتنی جەنگ و بەرقەرار بوونی ئاشتی كۆتایی پێ نایەت؛ بەڵكو دەبێتە هۆی گواستنەوەی ئەو ترس و تراژیدیانە بۆ سەر نەوەكانی داهاتوو ، كە خۆی دەبینێتەوە لە جۆرە جیاوازەكانی ناڕەحەتی دەروونی و كۆمەڵایەتی ، كاریگەری لەسەر بیركردنەوە، هەست و هەڵسووكەوتی تاك دەبێت ، كە ڕەنگە ئەمەش بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەردەوام بێت.

هەر چەندە تاك بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی بێت و پەیوەست بێت بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە ، كەچی جەنگ ئەم پەیوەندیە و متمانە كۆمەڵایەتیەی بەرەو لاوازی و داڕووخانی كۆمەڵایەتی دەبات. جەنگ هۆكارە بۆ تێكشكانی هەستی متمانەی تاك بە كۆمەڵ و مرۆڤایەتیەوەو تاك بەرەو داڕوخانی كۆمەڵایەتی دەبات و بێمتمانەی و ترس وا لە تاك دەكات؛ ببێت بە بوونەوەرێكی خۆویستی بەرژەوەندی خواز.

هەرچەندە جەنگ پێمان دەڵێت: كە ئازاری جەنگ تەنیا ئازاری جەستەی نییە؛ بەڵكو ئازاری دەروونی کە ئازارێكی نەبینراوی مەترسیدارە لە نێو دەروونی مرۆڤدا كە وەك برینێكی نەبینراو دەمینێتەوە و دواتر لە شێوەی هەڵسووكەوت و نیشانە لەسەر جەستەی مرۆڤ خۆی دەردەخات.

جەنگ دەتوانرێت وەک دۆخێکی بنەڕەتی نائاسایش بخوێنرێتەوە کە دوو بنەمای سەرەکی ژیانی مرۆڤ هەست بە پاراستن و هەست بە پەیوەندی لەناو دەبات و ناسنامەی دەروونی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تاکیش تێکدەشکێنێت.

لەم ڕوانگەیەوە، كۆتایی هاتنی جەنگ تەنها بە وەستاندنی هێرشە سەربازییەکان و بێدەنگبوونی چەک نابێت. پێویستی بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی چاکسازی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە.

پرۆسەیەک کە لە ڕێگەیەوە تاک بتوانێت دووبارە هەست بە ژیان، بە مرۆڤ‌بوونی خۆی و بە متمانەکردن بە کۆمەڵگا بکاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif