دوای چەندین هەفتە لە پێکدادانی سەربازی و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەتر، دواجار حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنێکی نوێیان واژۆ کرد. پێگەی مۆنیتەری ئەمریکی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی "یەکلاییکەرەوە و سەرەکی" لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و رەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان گێڕاوە.
نێچیرڤان بارزانی؛ ئەندازیاری پشت پەردەی رێککەوتنەکە
ئەمبرین زەمان، شرۆڤەکار و رۆژنامەڤانی دیاری بواری کاروباری ناوچەکە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
پێش ئەوەی رێککەوتنەکە واژۆ بکرێ، خانمە رۆژنامەڤان و شرۆڤەکارەکە نووسیبووی: "ئەگەر رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ بکرێ، دەبێت ستایش و پێزانینێکی زۆر ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی و لیندزی گراهام بکرێت."
"نێچیرڤان بارزانی تەواوی تواناکانی خستنەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێککەوتن شوێنی شەڕ بگرێتەوە و سەرکەوتوش بوو"
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (مۆنیتەر)، لەکاتێکدا تیمە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا سەرقاڵی گفتوگۆ بوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبێ دەنگی و لەرێگەی پێگە و پەیوەندییە بەهێزە نێودەوڵەتییەکانییەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەی دەدا.
راپۆرتەکە کە لە لایەن ئەمبرین زەمانەوە نووسراوە، ئاشکرای کردووە کە نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە فرانکلین گراهام، سەرۆکی دەزگەی بیڵی گراهام و یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە هەرە کاریگەرەکانی ئەمەریکا کردووە. لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەدا گراهام نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە و داوای لێکردووە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە "لەنێوبردن"ی گەلی کورد. ترەمپ لە وەڵامدا نووسیوویەتی: "بەجێگەیێندرا. دۆناڵد."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نێچیرڤان بارزانی بەو پێیەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە و هاوکات جێگەی متمانەی تەواوی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەیە، توانیویەتی وەک کۆکەرەوەی دژەکان رۆڵ بگێڕێ و رێگە بۆ رێککەوتنەکە خۆش بکات.
نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە
بەپێی راگەیێندراوەکان، دیمەشق و هەسەدە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون:
• ئاگربەست و تێکەڵکردن: پرۆسەیەکی قۆناخبەندی بۆ تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و یەکە کارگێڕییەکان دەستپێدەکات.
• پێکهاتەی سەربازی: سێ لیوای سەر بە هەسەدە دەخرێنە سەر سوپای سووریا.
• تایبەتمەندی کۆبانێ: هەسەدە لیوایەکی تایبەت و جیا بۆ پاراستنی شاری کۆبانێ دەبێت.
• گەڕانەوەی حکومەت: هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەگەڕێنەوە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ.
گۆڕانی هەڵوێستی تورکیا و دیمەشق
رێککەوتنەکە لەکاتێکدایە کە سوپای سووریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە پێشڕەوی بەرچاوی کرد، بەڵام گوشاری دیپلۆماسی و هەڕەشەی سزاکانی ئەمەریکا لەلایەن سیناتۆر لیندزی گراهامەوە وایکرد ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا نەرمی بنوێنێت.
تورکیاش کە پێشتر هەموو جۆرە مانەوەیەکی هەسەدەی رەت دەکردەوە، ئێستا ئاماژەی بە قبووڵکردنی رێککەوتنەکە داوە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، "تێکەڵبوونێکی راستەقینە لە بەرژەوەندی سووریادایە." ئەمبرین زەمان پێیوایە، ئەم رێککەوتنە دەرگا بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری نێوان ئەنقەرە و کوردی سووریا دەکاتەوە، هاوشێوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق