پەرلەمانتار

ليست هناك تعليقات

 

هەرچەند دوا کەوتبێت بەڵام دواجار پەرلەمان کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتاران دەچنە نێو مومارەسەی کاری پەرلەمانتاری، لە عێراقیش کۆبونەوەکان و مومارەسەی کارەکەیان دەستی پێکردوە.

 لە ڕاستیدا کاری پەرلەمانتاری موهیمەی تایبەت بە خۆی هەیە و هەردوکیشیان بنەمای دەوڵەتدارین بۆ سیستمێکی دیموکراسی، چ یاسادانان و چ بەدواداچون و لێپرسینەوە، بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەزمونی تاڵمان هەیە لەگەڵ پەرلەمانتاری لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش، چونکە خەریکە پەرلەمانتاری دەبێتە جۆرێك لە بازرگانی و خزمەت بە شتێک کە لە موهیممەی کاری پەرلەمانتاریدا نیە و نابێ ببێت.

"کەم نین ئەو پەرلەمانتارانەی لەسەنگەری خەڵکەوە چون و بۆ چوار لایک و دوو چەپڵە ژینگەکەیان پڕ کردین لە درۆ و هیوای ساختە"

 متمانە زۆر گرنگە بۆ پەرلەمانتار، بە جۆرێك کە نەك تەنها بۆ پەرلەمانتار بەڵکو بنەمای هەموو کارێکی سیاسی و رێکخراوەیی و پیشەییە، متمانە کرۆکی سەرکەوتنی هەر کارێکە، بۆیە باشترین کارێك کەسێك بیکات مومارەسەی کاری پەرلەمانتاریە وەك خۆی، دواجار گەر پەرلەمانتار بە ئەرکی خۆی هەستا ئیدی گرنگ نیە سەر بە چ لیستێکە یان سەربەخۆیە، چونکە کەم نین ئەوانەی لە سەنگەری خەڵکەوە ڕۆشتن و دۆڕان، خەڵک بەسەر شانی خۆی سەری خستن و بێ توانا بوون و موومارەسەی هەموو کارێکیان دەکرد پەرلەمانتاری نەبێت، کەم نین ئەو پەرلەمانتارانەی لەسەنگەری خەڵکەوە چون و بۆ چوار لایک و دوو چەپڵە ژینگەکەیان پڕ کردین لە درۆ و هیوای ساختە، بۆیە هەرکەسێک دەبێتە پەرلەمانتار دەبێت بەر لە هەموو شتێ متمانەی خۆی بپارێزێ و تێ بگات کە پیشەی پەرلەمانتاری ڕۆژنامەنوسی نیە، خۆ گەر کەسێک حەزی لە پیشەی رۆژنامەنوسیە ئەوا ئەو مەیدانە زۆر فراوانە و با بڕوات لەوێ کار بکات، چونکە دەبێت بزانێت کە خەڵک ئێستا هوشیارە و کەمتر شوێن هەڵای میدیایی دەکەوێت، دەزانێ لە پشتەوە چی دەگوزەرێ و سەفەقاتەکان چۆن مرۆڤ بەتاڵ دەکەنەوە، ئێستا خەڵک دەزانێت چۆن کرین و فرۆشتن بە واژۆ و نیسابەوە دەکرێت، چۆن مامەلە نەك بە پەرلەمانتارەوە بەڵکو بە فراکسیۆنەوە دەکرێت بۆیە پێویستە پەرلەمانتار مومارەسەی کاری خۆی بکات، ئەو یاسایانەی بە بەرژەوەندی خەڵکن لەگەڵی بێت و دژی ئەوانیتربێت، بتوانێ ببێتە تاکێکی ئیجابی لە لێپرسینەوە و ڕوو بەڕوو بونەوەی گەندەڵی، ئیتر گرنگ نیە لە چ فراکسیۆنێکە یان سەر بەخۆ.

"هەندێك پەرلەمانتار دوای دەرچونیان وێنەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە و بڕیار دەدەن، دژی سیاسەتی حیزبەکە، دژی سەفەقات و رێککەوتن، دژی کڕین و فرۆشتنی بەکۆمەڵی پشت پەرد"

هەندێك پەرلەمانتار دوای دەرچونیان وێنەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە و بڕیار دەدەن، دژی سیاسەتی حیزبەکە، دژی سەفەقات و رێککەوتن، دژی کڕین و فرۆشتنی بەکۆمەڵی پشت پەردە

لە بەرامبەردا خەڵکیش بە فراکسیۆنەکاندا بڕیار لەسەر پەرلەمانتار نەدەن بەڵکو لەسەر بنەمای تاک ڕۆڵی هەر پەرلەمانتارێك هەڵسەنگێنن و پشتیوانی ئەوانەبن کە متمانەی خۆیان دەپارێزن و بە ئەرکی پەرلەمانتاری هەڵدەستن. 

بۆیە دەبێت پشتیوانی لەسەر بنەمای تاك بێت سەرەتا پاشان فراکسیۆن، چونکە دواجار دەبێت لەوە تێبگەین هەندێك پەرلەمانتار دوای دەرچونیان وێنەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە و بڕیار دەدەن، دژی سیاسەتی حیزبەکە، دژی سەفەقات و رێککەوتن، دژی کڕین و فرۆشتنی بەکۆمەڵی پشت پەردە، ئەو کات دەبێت رای گشتی پشتیوانی ئەوانەبن کە دژن بەئاراستەی سەرۆک یان فراکسیۆنەکەیان، خۆ ئەگەر فراکسیۆنێکیش متمانەی خۆی بپارێزێ و ڕاستگۆبێ لەگەڵ دروشمەکانی ئەوا جێ پێی خۆی بەهێزتر دەکات و کۆمەڵگە و پێگەی پەرلەمانتاریش بەهێز دەکات بۆیە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پەرلەمانتار تێ بگات کاری ئەو چیە و مومارەسەی بکات، تا پەرلەمان پێگەکەی بپارێزێ و بە ئەرکی خۆی هەستێ عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif