لە دوای کۆبونەوەی تۆم باراك و مەزڵوم و بارزانی لە شاری هەولێر، پرسی ڕۆژئاوا لە ڕووی سیاسیەوە بە خێرایی وەك بۆمب لە ناوچەکەدا تەقیەوە و بوە یەکێك لە گرنگترین پرسەکان.
لە دوای ئەو کۆبونەوەیە و فراوانبونی شەڕو ئاڵۆزیەکان و مەترسیەکانی داگیرکردنی تەواوی ناوچەکانی ڕۆژئاوا، پرسی ئازاد کردنی هەزاران زیندانی داعش مەترسیەکەی فراوانتر کرد و عێراقی وەك بە ئامانج گیراو خستە نێو دۆخێکی ئەمنی جیاوازەوە کە ڕەنگە کاریگەریەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ببینین.
" بڕیاری بەرگری و تەسلیم نەبوون یەکەمین هەنگاوی بوێرانەی مەزڵوم عەبدی بوون و پاشآن هەنگاوە سیاسیەکان دەستیان پێکرد"
لە دوای فراوان بوونی مەترسیەکانەوە و بە کردار بونیان زۆرترین چاو لەسەر بارزانی و مەزڵوم عەبدی بوون، عەبدی وەك سەرکردەی هێزێك کە هەموان چاویان لە خستنیەتی، ئیرادە و نەخێر و لە ڕوو وەستانەوە و بڕیاری بەرگری یەکەمین هەنگاوی بوێرانە بوون و لەدوای ئەمەوە ئیتر هەنگاوی سیاسی دەستی پێکرد، هیچ هەنگاوێکی سیاسی بەرهەمی نابێت گەر هەنگاوی یەكەم بە ورەیەکی بەرزەوە بوونی نەبێت، بۆیە مەزڵوم خۆی بۆ هەنگاوی یەكەم یەکلا کردەوە، لێرەوە ڕۆڵی بارزانی باوك و پەیوەندیەکانی بەدیار کەوتن، هەرچەند لە دۆخی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکاندا هاوسەنگی زۆر قورسە و سیاسەتێکی زۆر ورد و ئەزمونێکی گەورەی دەوێ، چونکە بارزانی لە بەردەم چەندین ئیختیاردایە کە هەریەکەیان لەویتریان قورسترە، ئەوەی رێگاکەی بۆ بارزانی سەخت کردوە ئەوەیە بەرامبەرەکانی ڕۆژئاوا بەشێکیان ئەوانەن کە گرفتیان لە گەڵ بارزانی و سیاسەتەکانیدا نیە، لەلایەکیتریشەوە ئەمریکا بەپاشەکشەکردنی لە پشتیوانی لە ڕۆژئاوا ئەرکەکەی بە جۆرێ قورس کردوە کە سیاسی دەبێت زۆر ورد کاری لەسەر بکات.
"ئاسان نیە کە بارزانی ڕۆڵی پشتیوانی لە رۆژئاوا بگێڕێت و بەرەی ناکۆکی بۆ هەرێمی کوردستانیش نەکاتەوە، چونکە دوور نیە ئەم پشتیوانیەی رۆژئاوا گرفتی گەورە بۆ هەرێم دروست بکات لە داهاتوودا"
وڵاتانی هاوپەیمان پشتیان کردە رۆژئاوا، بەشێك بێدەنگ و بەشێك بونەتە فشار لەسەری بۆ ئەوەی تەسلیم ببێ، لێرەدا بارزانی دەبێت ڕۆڵی پشتیوانی لە رۆژئاوا بگێڕێت و بەرەی ناکۆکی بۆ هەرێمی کوردستانیش نەکاتەوە، چونکە دوور نیە ئەم پشتیوانیەی رۆژئاوا گرفتی گەورە بۆ هەرێم دروست بکات لە داهاتوودا، هەندێك جار یەك لێدوان بەسە بۆ ئاڵۆزبونی دۆخەکە، لە یەکەم کۆبونەوەی هەولێر و دوەمی دیمەشق و سێهەمی هەولێر وێنەکە کەمێك ڕوون بوویەوە بێگومان کۆبنەوەی گرنگی لەو شێوانە پێویستیان بە چەندین پەیوەندی تلفۆنی گرنگی پشت پەردە هەیە، ئەوەی لای ئێمەوە دیارە نای مەزڵوم بوو بۆ تەسلیم بوون ئەم نایەش پشتئەستور بووە بەو پشتیوانی و گفتوگۆیانەی لە نێوان عەبدی و بارزانیدا هەبوو، لەم لاشەوە دەرگای فراوانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا خرایە سەر پشت، خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی رۆژ بەڕۆژ فراوان بوون و هەموان بە یەك ئاراستە پشتیوانیان هەڵبژارد.
"پرسی ڕۆژئاوا ئینتیمایی نیشتمانی تاکی کوردی گەیاندە ئاستێکی هیوابەخش بۆ داهاتوو"
هەرێمی کوردستان بە هەردوو زۆنەکەوە بوونە یەك تابلۆی پشتیوانی، کردنەوەی سنورەکان بە ڕووی خەڵكدا و خۆپیشاندانەکانی بەردەم نوێنەرایەتی ئەمریکاو سەنتەری شاری هەولێر و سلێمانی و شاروشارۆچکەکانیتر پێیان وتین کە بە ئاراستەی نەکەوتنی رۆژئاوا هەوڵەکان چر کراونەتەوە، ئەمەش بۆ ناکەی مەزڵوم عەبدی پشتیوانیەکی گەورە و سیاسەتێکی جیاوازبوو لە هەندێك قۆناغی ڕابردوو، چونکە لە پرسی رۆژئاوادا هەنگاوەکانی هەرێم بەدڵی تورکیاو تۆم باراکی نوێنەری ئەمریکا نەبوو، هەر ئەمەش نا بەڵکو هاوکات لەگەڵ پەیمانی خۆراگری ڕۆژئاوا و تەسلیم نەبوون، هەوڵە سیاسیەکان دەستیان پێکردو بارزانی بۆ خۆی چوە نێو هاوکێشەکان و قسەکانی زۆر بە دیقەتەوە دەکردن، لەلایەك هاوتای ئەو پشتیوانیە فراوانە بوو کە تەواوی کوردستانی گرتبویەوە، لە لاکەیتریش بە ئاراستەی ئاڵۆز نەبوونی زیاتری دۆخەکە بوون نەك تەنها بۆ ڕۆژئاوا بەڵکو بۆ پرسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چونکە دەکرێت هەنگاوێکی هەڵەی سیاسی دۆخێکی قورس بۆ ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان بهێنێتە ئاراوە و پرسی ئاشتی تورکیاش بهێنێتەوە خاڵی سفر، بۆیە سەخترین دۆخی سیاسی بۆ کورد ئەم قۆناغەیە، رۆژئاوا نەکەوێت و مەترسی نەیەتە سەر هەرێم و پرسی ئاشتی تورکیاش پاشەکشە نەکات دەبێت لەم پێناوەشدا هەرچی ڕەخنەو ناکۆکی هەیە وەلا بنرێت، ئەمەش پێویستی بە ئەو ورە بەرزیەی رۆژئاوا هەیە وەك چەقی پرسەکە و لە ڕووی سیاسیشەوە پێویستی بە بەردەوامی ئەو جوڵانەوە هەیە کە بارزانی خۆی بە تەمەنی ٨٠ ساڵیەوە بوەتە واجیهەیان و هەر هەولێکیتری هاو ئاراستە چ لە ئاستی نەتەوە یەکگرتوەکان و پەیوەندیەکانی دکتۆر بەرهەم ساڵح و چ هەموو پەیوەندیەکانتری پارتی و یەکێتی و حیزبە کانیتر، کە خۆشبەختانە تا ئێستا ئاراستەی سیاسەتی یەکێتی لە پرسی رۆژئاوادا هەمان ئاراستە گشتیەکەیە و ناکۆکیەکانیان لەگەڵ پارتی لەو پرسەدا بردۆتە ئاستی متبونەوە، بەمەش هەفتەی زێرینی یەک خەمی کورد دەستی پێکرد، بە جۆرێك کە دەتوانین بلێن پرسی ڕۆژئاوا گڕی بەردایەوە ئاگری خامۆش بوی ئینتیمای نیشتمانی تاکی کورد و جارێکیتر گەیاندیەوە لوتکە بەلام لە ڕووی سیاسیەوە تا دێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، نەك تەنها بۆ ڕۆژئاوا بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە ئاسان نیە گەمە کردن لە نێوان ئەم همووی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە.
"سەخترین دۆخی سیاسی بۆ کورد ئەم قۆناغەیە، رۆژئاوا نەکەوێت و مەترسی نەیەتە سەر هەرێم و پرسی ئاشتی تورکیاش پاشەکشە نەکات، ئەمەش پێویستی بەو ورە بەرزیەی رۆژئاوا و بەردەوامی ئەو جوڵە سیاسیانەوە هەیە کە بارزانی خۆی بوەتە واجیهەیان"
ئێستا ماوەتەوە بڵێین پرسی سوریە تەنها پرسی کورد نیە بەڵکو پرسی ئاڵۆزبونی ناوچەکەیە، پرسی بەریەککەوتنی دوو مەزهەبەکە و دوو ئاراستە پێچەوانەکەیە، پرسی شەڕی بەوەکالەتە لە ناوچەکە، پرسی پاشەکشە و بەرژەوەندیەکانی نێوان وڵاتانە، پرسی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکانی تورکیاو ئێران و ئەمریکاو ڕووسیا و ئیسرائیلە، پرسی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکەیە و ئامادەکردنی بۆ گەرێکیتری ململانێی گەرم، لەم ئاڵۆزیەدا دەکرێت کورد بەیەك دەنگی و وردی و سەرنجەوە هەنگاو هەڵگرێ، تا بتوانرێ ئەوەی هەیە بپارێزرێ و لە نێو ئەو هموو بەریەككەوتنی بەرژەوەندیەدا کورد قۆناغێکیتر بچێتە پێشەوە.
لە ئێستادا ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە شەڕ بە سودی کورد نیە، بۆیە پرسی ئاشتی و رێککەوتن و چارەسەری سیاسیانە و دۆزینەوەی رێککەوتنێکی هاوسەنگ، رێگا سەختەکەیە کە کورد دەبێت هەوڵی بۆ بدات هەرچەند باجیشی لە پێناوا بدات، بۆیە هێشتا لەسەرەتای گەمەکەداین و ئاسانیش نیە لە نێو ئەم هموو ئاڵۆزی و بەریەککەوتنەدا بزانیت دەگەیتە کوێ.
عوسمان گوڵپی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق