لەم دنیا جەنجاڵەی ئەمڕۆدا کێ بکەینە سەرمەشقی خۆمان؟

ليست هناك تعليقات


پ. د. سەعید عەلی محەمەد
-
بەدرێژایی مێژوو مرۆڤەکان کاتێک دەگەڕان و دەیانویست کەسی سەرکەوتوو و سەرمەشق و نمونەیی و کاریگەر بۆ ژیانی خۆیان بدۆزنەوە تەنها ئەو کەسەیان لە نێو زانا بیرمەندو چاکەخوازەکان و ، لە نێو پیاوانی حیکمەت و مەعریفەت و عەقڵدا دەست دەکەوت و دەدۆزیەوە ، چونکە تەنها ئەوانە ڕێنموونیکاری عەقڵەکان بوون و ، مرۆڤسازییان دەکرد و تاکەکانیان پەروەردە دەکرد و کۆمەڵگاکانیان بەرەو هۆشیاری و بێداری گەشەکردن و پێشکەوتن دەبرد و ، نمونەی دیاری سیاسەت و دین و فیکر و ئەخلاق و زانست و سەربڵندی و شکۆمەندی و ئازادیخوازیی بوون .

بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژگارەدا و لە دنیای ئەمڕۆدا پێوەرەکان زۆر گۆڕاون ، سەرکەوتوویی و ناوبانگ لە سەر بناغەی فیکرو زانست و مەعریفە نەوەستاوە ، بەڵکو لەسەر جەدەل و وروژاندن و ڕواڵەتبازی و ئاستی توانای خۆنمایش کردن و خۆدەرخستن وەستاوە !

بۆ نمونە : گەنجێک بە دوای ئەوەوە وێڵە ببێتە مرۆڤێکی سەرکەوتوو ، کاتێک دەگەڕێت دەیەوێ کەسایەتیەکی سەرکەوتوو بدۆزێتەوە بیکاتە سەرمەشقی خۆی لە ژیانیدا ، کەسی دەست ناکەوێت تەنها ئەوانە نەبێت کە ڕۆژانە بەرهەمی بێ ناوەڕۆک یان ناوەڕۆکێکی سادەی بێ سوود پێشکەش دەکەن ، ناوەڕۆکێک کە جگە لە پڕوپوچی و کات بەسەر بردن و تەمەن کوشتن و چێژێکی کاتی ساختە هیچ دەرەنجامێکی تری نیە ! لە کاتێکدا بیرمەندو زاناو پیاوە مەزنە هەڵکەوتووەکان کەس نابینی گوێیان لێ بگرێت !

نمونەیەکی تر : ئافرەتێک بەدوای دۆزینەوی شوناسی خۆیەوە دەگەڕێت ، دەبینێ پێوەرەکانی جوانی و هەڵکەوتوویی و سەرکەوتن ( ترەند)ەکان دیاری دەکات ، نەک ئەو بەها باڵا ڕاستەقینانەی مرۆڤ دروست دەکەن و کەسایەتی بنیات دەنێن ! ئەڵبەتە گرفتەکە لەبوونی ( کەسە کاریگەرەکان) نیە ، گرفتەکە لەوەدایە زۆرێک لە کەسە کاریگەرەکانی دنیای ئەمڕۆ ئەوانەن کە ڕەواج بە بابەت و ناوەڕۆک و شتە پووچ و بێ کەڵکەکان دەدەن ، ئەو بابەت و ناوەڕۆکانەی کە لەبری بنیاتنان هۆشیاری و بێداری تاکەکان لاواز دەکەن ، لەبەرانیەر ئەم جۆرە تایپە مرۆڤانەشدا کە وشەی ( کاریگەر ) یان پێوە لکێنراوە ، دەبینین بیرمەندو کەسایەتیە گەورەو مرۆڤسازەکان زۆر بە ناڕەحەت دەنگیان دەگاتە خەڵک و بەدەگمەن خەڵک گوێیان لێ دەگرێت !! دەزانن بۆ ؟

وەڵام : لەبەرئەوەی سەکۆکان و پێگەکان و پەیجەکان و سۆشیال میدیا بازاڕی بابەت و بڕگە خێراو خەفیف و ساکارەکان گەرم دەکەن ، لەجیاتی ئەوەی گرنگی بە بیری قوڵ و ناوەڕۆکی ئامانجدار بدەن..

لەڕاستیدا ئەم دیاردەیە پرسیارێکی جەوهەریش لە بەرانبەر ئێمەدا دەوروژێنێ کە ئەویش ئەوەیە : ئایا ئێمە چۆن بتوانین عەقڵەکانمان و عەقڵی مندااڵەکانیشمان لەوە بپارێزین ببنە مەیدانێک کەسە پڕوپووچەکان بە ئارەزوو و هەوەسی خۆیان یاری تێدا بکەن ؟ ئێمە چۆن دەتوانین ڕێزو قەدرو قیمەت و قورسایی بگێڕینەوە بۆ ئەو پێشەنگ و سەرمەشقەی کە لەبری تێکدان و ڕووخاندن و وێرانکردن بنیاتنان بکات ، مرۆڤسازی بکات ؟!


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif