دکتۆر بەرهەم ساڵح نەریتە ئەوروپیەكەی شكاند

ليست هناك تعليقات



ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، د. بەرهەم ساڵح كە پەنابەرێکی پێشوە و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە، وەک کۆمیسیاری باڵای داهاتوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان (UNHCR) دەستنیشانکرا لەكاتێكدا زۆربەی سەرۆکەکانی پێشوی کۆمیسیۆنەكە ئەوروپی بون. دەشڵیت، "د. بەرهەم ساڵح لە سایەی قەیرانی داراییدا کار لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکات و بەڵینی داوە پەنابەران بخاتە چەقی کارەکانیەوە".
وردوردشتی هەواڵ؛

 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا لە چەوساندنەوە هەڵهاتبو، وەک کۆمیسیاری باڵای داهاتوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستنیشانکرا، بەوەش ئەو نەریتەی شکاند کە سەرکردەکانی ئەم ئاژانسە زیاتر لە وڵاتە بەخشەرە گەورەکانی ئەوروپا هەڵدەبژێردران.

ئاماژەی بەوەشكرد، نامەیەکی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پشتڕاستی کردەوە کە خولی پێنج ساڵەی د. بەرهەم ساڵح لە 1ی (کانونی دوەم/1)ـی 2026ـەوە دەستپێدەکات، بە مەرجی ئەوەی لەلایەن لیژنەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانەوە پەسەند بکرێت. ناوبراو شوێنی فیلیپۆ گراندی ئیتاڵی دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2016ـەوە سەرۆکایەتی ئاژانسەکەی کردوە. وتەبێژی UNHCR ئامادە نەبو لێدوان بدات، لە کاتێکدا وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، "پرۆسەکە بەردەوامە".

بەگوێرەی ڕۆیتەزر، د. بەرهەم ساڵح کە بۆ ڕزگاربون لە دەسەڵاتی سەدام ڕویكردوەتەوە بریتانیا و لەوێ ئەندازیاری خوێندوە، لە ساڵی 2018 تا 2022 وەک سەرۆک کۆماری عێراق خزمەتی کردوە. ئەو لە کاتێکدا پۆستەکە وەردەگرێت کە ئاوارەبونی جیهانی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردوە - نزیکەی دو هێندەی ئەو ئاستەی کە گراندی تێیدا دەستبەکاربو - ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمەک داراییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.

ئەوەشیخستەڕو، بەخشەرە سەرەکییەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتوەکان لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا بەخشینەکانیان کەمکردوەتەوە و وڵاتانی دیکەش پارەکانیان بۆ کەرتی بەرگری گواستوەتەوە. د. بەرهەم ساڵح، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵێنی داوە دڵنیایی بدات لەوەی پەنابەران لەناو ئەوەی پێی دەوت "بازنەی پشتبەستن بە یارمەتییەکان" گیر نەخۆن و دەستیان بە خوێندن و هەلی کار بگات.
لێدوانی پەیوەندیدار؛

د. بەرهەم ساڵح لە میانی بانگەشەکەیدا ڕاگەیاندوە، "من باوەڕێکی قوڵم بە ئەرکی UNHCR هەیە - چونکە من خۆم ئەزمونم کردوە، دیدگای من بریتییە لە UNHCRێک کە پەنابەران بخاتە چەقی کارەکانیەوە، و دان بەوەدا بنێت کە یارمەتییە مرۆییەکان دەبێت کاتی بن".

د. بەرهەم ساڵح ئامانجی فراوانکردنی سەرچاوەکانی داراییە، لەوانە سودوەرگرتن لە دارایی ئیسلامی و بەشداریکردنی هاوبەشەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی پێشنیاری "ئەنجومەنی جیهانی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری مرۆیی". ناوبراو ڕوبەڕوی سنوردارکردنی زیاتری ڕۆژئاوا دەبێتەوە بۆ مافی پەنابەرێتی لە سایەی هەستی دژە کۆچبەری، هەروەها بێزاربونی وڵاتە هەژارەکان کە پەنابەریان داڵدە داوە.
پاشخانی هەواڵ؛

ئاژانسەکە کە بنکەکەی لە جنێڤە و زیاتر پشت بە بەخشینی خۆبەخشانە دەبەستێت، بودجەی ساڵی 2026ی نزیکەی پێنج یەک کەمکردوەتەوە بۆ 8.5 ملیار دۆلار و نزیکەی پێنج هەزار هەلی کار کەمدەکاتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ململانێکان لە سودان و ئۆکرانیا پێداویستییەکانیان زیاتر کردوە. بەپێی UNHCR، ئەوە ناچاریان دەکات بڕیاری قورس بدەن لەسەر ئەوەی کێ یارمەتی بدرێت و مەترسی نوێ بۆ سەر ژیانی پەنابەران دروست دەکات.

بەگوێرەی ڕۆیتەزر، نزیکەی 10 کاندید کێبڕکێیان بۆ پۆستەکە دەکرد، لە نێوانیاندا سیاسەتمەداران، بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای ئیکیا (IKEA)، پزیشکێکی فریاکەوتن و کەسایەتییەکی تەلەفزیۆنی كە زیاتر لە نیوەیان ئەوروپی بون، ئەوەش ڕەنگدانەوەی نەریتی ئاژانسەکەیە کە تەمەنی 75 ساڵە و بنکەکەی لە جنێڤە، کە 9 لە کۆی 11 سەرۆکی پێشوی خەڵکی ئەوروپا بون.

د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح (د. به‌رهه‌م ساڵح) له‌دایكبوی 8ی (ئه‌یلول/9)ی 1960ی شاری سلێمانیه‌، سیاسه‌تمه‌دارێكی كوردی عێراقه‌ و له‌ 2ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2018 تا 13ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2022 وه‌ك سه‌رۆكی عێراق كاریكردوه‌، پێشتریش وه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كاریكردوه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif