ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێک دا کە پشتیوانی لە پلانی ئۆتۆنۆمیی مەغریب بۆ (بیابانی رۆژئاوا) دەکات وەک "گونجاوترین" چارەسەر بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکە. ئەم هەنگاوە بووەهۆی ئاهەنگگێڕان لە رەبات و جەزائیریشی تووڕە کرد.
بیابانی رۆژئاوا ناوچەیەکە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و لەگەڵ مەغریب، مۆریتانیا و جەزائیر هاوسنوورە؛ رووبەرەکەی 272 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی 600 هەزار دانیشتووی هەیە.
ناوچەکە پێشتر لەلایەن ئیسپانیاوە داگیرکرابوو، خاکەکەی بە کانزا دەوڵەمەندە و بەشێکی زۆری لەلایەن مەغریبەوە بەڕێوەدەبرێ، بەڵام دەیان ساڵە بەرەی پۆلیساریۆ کە لایەنگری سەربەخۆییە و لەلایەن جەزائیرەوە پشتیوانی دەکرێ، داوا دەکات ناوچەکە لەژێر دەستی هەموو لایەک دەربچێت دەرەوە و سەربەخۆ بێ.
نزیکەی 50 ساڵە پۆلیساریۆ لەگەڵ مەغریب لە ململانێدایە و نایەوێ بیابانی رۆژئاوا بچێتە ژێر سەروەریی رەبات.
پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە مەغریب، بەرەی پۆلیساریۆ، جەزائیر و مۆریتانیا کردبوو دەست بە گفتوگۆ بکەن و پێکەوە هەوڵی گەیشتنە رێککەوتنێک بدەن.
لەسەر دەستپێشخەریی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئەنجوومەنەکە پشتیوانی لە پلانێک کرد کە مەغریب لە ساڵی 2007ـەوە پێشکێشی کردبوو کە تێیدا بیابانی رۆژئاوا دەتوانێ ببێتە ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر، بەڵام لەژێر سەروەریی تاکلایەنەی مەغریبدا دەمێنێتەوە.
لە دەنگدانەکەی رۆژی هەینی 31-10-2025ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، 11 ئەندام دەنگی بەڵێیان دا، هیچ ئەندامێک دەنگی نەخێری نەدا و سێ وڵاتیش دەنگیان نەدا. جەزائیر رەتیکردەوە بەشداری بکات و رایگەیاند، خۆبەڕێوەبەری بۆ بیابانی رۆژئاوا لەژێر سەروەریی مەغریبدا رەنگە بنەمایەک بێ بۆ دانوستاندنەکانی داهاتوو.
بڕیارنامەکە دەڵێت: "خۆبەڕێوەبەریی راستەقینە لەژێر سەروەریی مەغریبدا دەتوانێ گونجاوترین چارەسەر پێکبهێنێت."
شا محەممەدی شەشەم، شای مەغریب ستایشی دەنگدانەکەی کرد و بە "مێژوویی" ناوی برد و گوتی: "ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ لە پرۆسەی چەسپاندنی تایبەتمەندیی مەغریب لە بیابانی رۆژئاوا هەڵدەدەینەوە."
لە رەباتی پایتەختی مەغریب، هەزاران کەس بە سەما و گۆرانییەوە ئاهەنگیان بۆ دەنگدانەکە گێڕا. لە شاری سماریش، کە شارێکە لە ناوچە کێشەلەسەرەکە، دانیشتووان یەکسەر دوای راگەیاندنی دەنگدانەکە یاریی ئاگرینیان تەقاند.
بڕیارنامەکە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بوو
ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا لە ساڵی 2020 دانی بە سەروەریی مەغریبدا بەسەر بیابانی رۆژئاوا نا، ئەوەش دوای ئەوەی مەغریب پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروستکرد. لەو کاتەوە ئیسپانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەروەریی مەغریب بەسەر ناوچەکەدا دەربڕیوە.
ستافان دی میستورا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بیابانی رۆژئاوا پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەمریکا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام گوتی، پلانەکەی مەغریب وردەکاریی کەمە.
عەمار بن جامع، نوێنەری جەزائیر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، دەقەکە "هیچ رەنگدانەوەیەکی بنەمای نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر لابردنی داگیرکاری تێدا نییە."
عەمار بن جامع گوتیشی، بڕیارەکە "لە ئاستی چاوەڕوانی و ئاواتە رەواکانی گەلی بیابانی رۆژئاوادا نەبوو، کە لەلایەن بەرەی پۆلیساریۆوە نوێنەرایەتی دەکرێن و زیاتر لە 50 ساڵە بەرگری دەکەن بۆ ئەوەی، وەک تاکە لایەن، قسەیان لەسەر چارەنووسی خۆیان هەبێت."
بڕیارنامەکەی رۆژی هەینی داوا لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ستافان دی میستورا دەکات، لەسەر بنەمای پلانەکە دانوستاندن بکەن، هەروەها ئەرکی نێردەی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بیابانی رۆژئاوا بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە.
ئاهەنگ گێڕان لە مەغریب
درەنگانی شەوی هەینی لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکە، هەزاران کەس لە رەباتی پایتەختی مەغریب رژانە سەر شەقامەکان، گۆرانییان گوت و ئاهەنگیان گێڕا.
خەڵک پێکەوە بە ئاوازەوە دەیانگوت، "بیابانی رۆژئاوا مەغریبییە و هەر مەغریبی بووە."
سانای، ژنێکی تەمەن 40 ساڵەیە و گوتی، "شانازی دەکەین و سەرمان بەرزە. ئەمە وڵاتی ئێمەیە؛ دۆزی ئێمەیە."
دانیشتووانی رەبات بە ئاڵای وڵاتەکەیان و جلوبەرگی سەوز و سوور، کە رەنگی نیشتمانییانە، لەسەر شەقامەکان سەمایان کرد و گۆرانییان چڕی.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق