ئەمریکا هاڕەی بە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیا کردووە

ليست هناك تعليقات



کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیا، وەکو ڤۆڵکسواگن و مێرسیدس بێنز دەڵێن، قازانجیان لە 9 مانگی ساڵی 2025دا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کاریگەریی ئەو پێناسە گومرگییانەی ئەمریکا سەپاندوویەتی، زیانێکی گەورەی لە کەرتی ئۆتۆمبێلی ئەو وڵاتە داوە.

ئەو پێناسە گومرگییەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەسەر ئۆتۆمبێلی دروستکراوی یەکێتیی ئەورووپادا سەپاندوویەتی، زیانێکی گەورەی بە کەرتی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیا گەیاندووە. هەرچەندە رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکادا بووە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی باجەکە لە 25%ـەوە بۆ 15%، بەڵام نوێترین ئامارەکانی پیشەسازییەکە دەریدەخەن پێناسە گومرگییەکان زیانی زۆریان هەبووە.

کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن لە نوێترین راپۆرتی دارایی خۆیدا رایگەیاند، باجە گومرگییە زیادکراوەکانی ئەمریکا ئەم ساڵ وادەکەن کە 5 ملیار یۆرۆ لەدەستبدات.

قازانجی ئەم کۆمپانیا زەبەلاحەی بواری ئۆتۆمبێل لە نۆ مانگی ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 58% دابەزیوە و گەیشتووەتە 5.4 ملیار یۆرۆ.

فرۆشی کۆمپانیاکە لە بازاڕی کیشوەری ئەمریکای باکووردا لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵدا بە رێژەی 11% دابەزیوە، چونکە پێناسە گومرگییەکان کاریگەریی خۆیان هەبووە.

ئاڕنۆ ئانتلیتز، بەرپرسی باڵای دارایی و کارگێڕیی گرووپی ڤۆڵکسواگن، لە راپۆرتەکەدا هۆکاری دابەزینی قازانجەکەی بۆ پێناسە گومرگییە زیادکراوەکانی ئەمریکا گەڕاندەوە و رایگەیاند، پێدەچێ کاریگەرییەکانی بەردەوام بن.

کۆمپانیای پۆرشە، کە لقێکی ڤۆڵکسواگنە بۆ ئۆتۆمبێلی وەرزشی، دابەزینێکی سەرسوڕهێنەری لە قازانجەکانیدا تۆمارکرد و لە نۆ مانگدا تەنیا 40 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە، ئەمەش دابەزینێکی یەکجار زۆرە بەراورد بەو 4 ملیار یۆرۆیەی کە ساڵی رابردوو تۆماری کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای مێرسیدس بێنز رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، قازانجی پەتی لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵدا 3.88 ملیار یۆرۆ بووە کە دابەزینێکە بە رێژەی نزیکەی 50% بەراورد بە هەمان ماوەی پار.

فرۆشی ئۆتۆمبێل، داهات و قازانجی کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا هەمووی لە دابەزیندا بووە. راپۆرتێکی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەو ئاستە بەرزەی ناجێگیری کردووە کە بەهۆی سیاسەتەکانی باجی گومرگیی ئەمریکا و هۆکارە گەورەکانی دیکەی ئابوورییەوە دروست بووە.

رۆژنامەی بازرگانیی ئەڵمانی "هاندلسبلات" رۆژی پێنجشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، باجە گومرگییەکانی ئەمریکا گوشارێکی بەرچاویان خستووەتە سەر براندە ئەڵمانییەکانی ئۆتۆمبێل؛ هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا "DPA" لە شرۆڤەیەکدا کە هەمان رۆژ بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، لاوازیی خواست لە کەرتە سەرەکییەکان، بەتایبەتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، پیشەسازیی ئەڵمانیای تووشی کێشە کردووە، چونکە باجە گومرگییەکانی ئەمریکا رێگرن لەبەردەم هەناردەکردنی بەرهەمە ئەڵمانییەکان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif