ترس هەیە نەتەنیاهوو کۆتایی بە ئاگربەستی غەززە بهێنێت

ليست هناك تعليقات

 

بەرپرسانی ئیدارەی ترمپ ترسیان لەوە هەیە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەستی غەززە بهێنێت و جارێکی دیکە جەنگ دژی حەماس دەستپێبکاتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆڕک تایمزی ئەمریکی کە لە زاری چەند بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئەمریکییەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئیدارەی ترەمپ نیگەرانە لەوەی رەنگە نەتەنیاهوو، کار بکات بۆ پێشێلکردن و کۆتاییهێنان بە ئاگربەستە 10 رۆژییەکە.

راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییە باس لەوە دەکات، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەری راوێژکار و زاوای ترەمپ پلانیان هەیە، ئەمە هەفتەیە لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆببەوە و گوشار بخەنە سەر سەرکردایەتی ئیسرائیل بۆ پاراستنی رێککەوتنەکە و بەردەوامیدان بە ئاگربەستەکە.

لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، بڕیارە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیاش گفتوگۆ بکەن، بەمەبەستی ناردنی تیمێکی تایبەت بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو تەرمی بارمتانەی هێشتا لەکەرتی غەززە ماون.

هەرلەبارەی ئەگەری شکستهێنانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ترەمپ لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆشکی سپی، هۆشداری دا بەوەی ئەگەر حەماس پێشێلکاریی ئاگربەستەکە بکات، ئەوا رێگە بە ئیسرائیل دەدات لەنێویان بەرێت.

ترەمۆ لەوبارەیەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ حەماس رێککەوتین بەوەی بەباشیی مامەڵە دەکەن. تاوەکو ئێستا ئەوان بەباشی هەڵسوکەوت دەکەن. ئەگەر وانەبن و ئەگەر پێویست بکات لەنێویان دەبەین. ئەوان ئەوە باش دەزانن."

راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆڕک تایمز، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا کاربەدەستانی تیمی ترەمپ سەرنجیان لەسەر ستراتیجییەتێکە بۆ پاراستنی ئاگربەست و رێککەوتنی ئاشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەربۆیە بڕیارە ڤانس لە چەند رۆژی داهاتوو بگاتە ئیسرائیل و شان بەشانی ویتکۆف و کوشنەر هەوڵ بدەن نەتەنیاهوو، رازی بکەن، بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر حەماس نەکاتەوە.

بەگوێرەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ، ئێستا دۆخەکە زۆر هەستیارە و هەریەک لە ویتکۆف و کوشنەر-یش دانیان بەوەدا ناوە هێشتا مەترسی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنامەکە هەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، وەرزی زستانەی دانیشتنەکانی کنێستی ئیسرائیل دەستیانپێکرد و نەتەنیاهوو لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەگەر ساڵی رابردوو گوێی لە بۆچوونی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بگرتایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، ئەوا "ئیسرائیلییەکان دەبوونە دووکەڵی چەکی ئەتۆمی".

بەڵام لە هەمان دانیشتندا، یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لەماوەی سەرکردایەتی ئەودا، ئێران توانیویەتی بەهێز بێت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی پێشبخات.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif