راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، نابێت ئۆپۆزیسیۆن دژی پرۆسەی چارەسەری بێت. لەبارەی پرسی کوردەوە ئاماژە بەوە دەکات: ''لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار، ئەردۆغاندا کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد هات و دان بە ناسنامەی کورد نرا''.
محەممەد ئوچووم، راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی وڵاتەکەی، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گوتی: ''وەک دەستپێشخەریێکی دەوڵەت دەستیپێکرد، ئێستاش وەک سیاسەتێکی دەوڵەت بەردەوامە''.
راوێژکاری ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، نابێت ئۆپۆزیسیۆن دژی پرۆسەی چارەسەری بێت و پێیوایە پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە، سوودی بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێت.
بە گوتەی ئوچووم، کۆتاییهاتنی شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پەکەکە، رۆڵی لە فراوانبوونی زەوینەی سیاسەتی دیموکراسی لە تورکیا دەبێت.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ساڵی 2002ـەوە پارتی دەسەڵاتی تورکیایە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکیەتی.
ئوچووم باسی لەوە کرد، ئاکپارتی پرسی کوردی چارەسەر کردووە، گوتیشی: ''لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار ئەردۆغاندا، سیاسەتی رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن لە کورد کۆتاییان هات. دان بە ناسنامەی کورد نرا، قەدەخەی سەر زمانی دایک هەڵگیرا. مافە کولتوورییەکانیان بەدەستهێنا''.
پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، 1ـی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەنگاوی بۆ نرا.
هەرچەندە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئەو پرۆسە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردە، بەڵام حکومەتی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە، پرسی کوردی لە وڵاتەکەی چارەسەر کردووە و پرۆسەکە تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق