رۆژەکانی خوێندن بۆ چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا کەم دەکاتەوە

ليست هناك تعليقات


وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان بڕیاری دا سیستمی خوێندن لە قوتابخانە فەرمییەکاندا (حکومییەکان) بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بۆ چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا کەمبکاتەوە.

ئەم بڕیارە لەلایەن ریما کەرامی، وەزیری پەروەردەوە راگەیێندرا، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی ئیداری کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کرا.

کەرامی روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە درێژکراوەی ئەو رێکارەیە کە لە ساڵانی پێشوودا گیراوەتەبەر، هاوکات هیوای خواست ئەمە دوایین ساڵ بێت ئەم سیستمە پەیڕەو بکرێت.

بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەک هات کە تێیدا باس لە ژمارەی رۆژەکانی دەوام، ماوەی وانەکان، دەوامی رۆژانە و هەفتانە و رەچاوکردنی ئەو قوتابخانانە کرا کە بە سیستمی دوو دەوام (بەیانیان و ئێواران) کار دەکەن.

خانمە وەزیرەکە جەختی کردەوە "لەگەڵ ئیدارە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دەبم، بۆ پاڵپشتیکردنی ستافی مامۆستایان و بەڕێوەبەران بە مەبەستی بەڕێکردنی ساڵێکی خوێندنی نایاب." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە کار لەسەر "پلانی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان" دەکەن.

هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکە قەیرانی سەختی ئابووریی لوبنانە، کە لە ساڵی 2019ـەوە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە و کاریگەریی وێرانکەری لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن داناوە.

بڕیاری کەمکردنەوەی رۆژەکانی خوێندن بۆ چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا، وەک چارەسەرێکی ناچاری سەیر دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەند کێشەیەکی بنەڕەتی، لەوانە:

- کەمبوونەوەی مووچە و گرانبوونی کرێی هاتووچۆ: بەهۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرەی لوبنانی، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەشی کرێی هاتووچۆی رۆژانەیان ناکات بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە هەفتەیەکدا.

- نەبوونی کارەبا و سووتەمەنی: قوتابخانە حکومییەکان ناتوانن تێچووی کڕینی سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی موەلیدەکان دابین بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کارەبای نیشتمانی زۆر کەمە.

- مانگرتن و ناڕەزایەتیی مامۆستایان: لە ساڵانی رابردوودا، مامۆستایان چەندین جار بەهۆی کەمیی مووچە و خراپیی بارودۆخی کارکردنیانەوە مانگرتنیان راگەیاندووە.

- لاوازبوونی سیستمی پەروەردە بە گشتی: قەیرانە ئابوورییەکە بووەتە هۆی ئەوەی کە سەتان هەزار منداڵ لە خوێندن داببڕێن، بەتایبەت لە کەرتی حکومیدا.
 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif