هەموو شتێک لەسەر ژیانی رۆناڵدۆ و جۆرجینا

ليست هناك تعليقات



جۆرجینا رۆدریگێز، هاوبەشی ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، دوای چەندین ساڵ لە دەنگۆ و مشتومڕ، نزیکبوونەوەی وادەی هاوسەرگیریی فەرمیی لەگەڵ ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێ ئاشکرا کرد.

رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، داوای هاوسەرگیریی لە جۆرجینا کردووە، ئەمەش وەک تاجێک بۆ ئەو چیرۆکە خۆشەویستییەی کە لەساڵی 2016ـەوە ئەو دووانەیەی کۆکردووەتەوە.

جۆرجینای تەمەن 31 ساڵ، وێنەیەکی کاریگەری لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەستی بە ئەنگوستیلەیەکی بریقەداری مارەیی رازاوەتەوە و دەستی رۆناڵدۆی گرتووە، لەسەری نووسیویەتی "بەڵێ، رازیبووم. لەمەدا و لە هەموو ژیانمدا".

چیرۆکێکی خۆشەویستیی چەندین ساڵە

سەرەتای پەیوەندیی نێوان ئەو دووانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، لەو کاتەوە پێکەوە چەندین وێستگەی سۆزداری و خێزانییان بەڕێکردووە.

بەڵام ساڵی 2021 ساتێکی خەمناک بوو لەنێو خۆشییەکاندا، کاتێک ئەو دووانە رایانگەیاند کە چاوەڕێی دووانەیەکی نوێن، بەڵام لەکاتی لەدایکبووندا
یەکێک لە منداڵەکانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا خوشکەکەی رزگاری بوو و ناویان نا "بێلا ئێزمێراڵدا".

ئەوکات رۆناڵدۆ لە بڵاوکراوەیەکی کاریگەردا نووسیبووی "بەخەمێکی قوڵەوە رایدەگەیێنین کە کوڕە بچکۆلەکەمان کۆچی دواییکردووە. ئەمە گەورەترین ئازارە کە هەر دایک و باوکێک هەستی پێ بکات، بەڵام لەدایکبوونی کچەکەمان هێزمان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون".



رۆناڵدۆ و جۆرجینا


پشتڕاستکردنەوە یەک لەدوای یەکەکان

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر پەیوەندییەکەیاندا، رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ هەمیشە دوودڵ بوو لە راگەیاندنی هاوسەرگیری، ئەمەش پرسیاری زۆری دروستکردبوو.

مانگی نیسانی رابردوو، جۆرجینا بەبڵاوکردنەوەی وێنەی ئەنگوستیلەیەکی جیاواز لە پەنجەیدا، دەنگۆکانی زیاترکرد، دواتریش هەوادارانیان تێبینی قسەیەکی ناڕوونی رۆناڵدۆیان کرد لەکاتی ئامادەبوونی لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەر 2024 لە دوبەی، لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، کە گوتی "جێگەی شانازییەکی گەورەیە ئەم خەڵاتە وەردەگرم. کوڕە گەورەکەم لێرەیە، هاوژینەکەشم لێرەیە".

جۆرجینا کێیە؟.. فرۆشیارێک کە بووە 'براند'

لە یەکێک لە فرۆشگاکانی جلوبەرگە بەنێوبانگەکان لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، جۆرجینا رۆدریگێزی گەنج نەیدەزانی کە لەبەردەم رووداوێکی مێژووییدایە کە ژیانی دەگۆڕێت و لە هێمنی و سادەییەوە دەیباتە جیهانی ناوبانگ و رووناکی.

نۆ ساڵ لەمەوبەر، ناوی جۆرجینای ئیسپانی بەخێرایی دەرکەوت و لەلایەن هەوادارانی تۆپی پێوە ناسرا، دواتریش نێوبانگی سنوورەکانی جیهانی وەرزشی تێپەڕاند و دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، بووە خاوەن نێوبانگێکی جیهانی.

لەساڵی 2016 کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە ئەوکات ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، سەردانی فرۆشگای 'گوچی' دەکات و ئەو کچە فرۆشیارە چالاکە سەرنجی رادەکێشێت. دوای گفتوگۆیەکی کورت بۆ یارمەتیدانی لە کڕینی پێداویستییەکانی، بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ چیرۆکێکی خۆشەویستیی سەرنجڕاکێش کە بووە باسی هەموو جیهان.



رۆناڵدۆ و جۆرجینا


جۆرجینا کێیە؟


جۆرجینا رۆدریگێز لەساڵی 1994 لە ئەرجەنتین لە باوکێکی ئەرجەنتینی و دایکێکی ئیسپانی لەدایکبووە، بەڵام دوای ساڵێک لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە ئیسپانیا و لە شاری خاکا لە هەرێمی هوێسکا نیشتەجێ دەبن.

جۆرجینا لە منداڵییەوە دەستی بە خوێندنی بالێی کلاسیک کردووە، پێش ئەوەی لە تەمەنی 18 ساڵیدا بچێتە مەدریدی پایتەخت بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی.

لە فرۆشگای گوچی وەک فرۆشیارێک کاری دۆزییەوە و دوای چەند مانگێک رۆناڵدۆی ناسی و ژیانی گۆڕا.

جۆرجینا.. براندێکی جیهانی

جۆرجینا زیاتر لە 50 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە ئینستاگرام هەیە و ئەو جەماوەرە زۆرەی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی ریکلامی بۆ گەورەترین براندە بازرگانییەکان و ناوەکەی خۆی کردووەتە براندێکی جیهانی.

دوای بەسترانەوەی ناوەکەی بە رۆناڵدۆوە، رووی لە جیهانی فاشن و مۆدە کرد و بووە پاڵەوانی کەمپەینی ریکلامی بۆ مارکەکانی وەک گوچی، پرادا و شانێڵ، هەروەها وێنەی لەسەر بەرگی گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڤۆگ، هارپەرز بازاڕ و ئێڵ دەرکەوت.

لە مارسی 2024 جۆرجینا لە هەفتەی مۆدەی پاریس نمایشی جلوبەرگی کرد و جلێکی سووری لەبەرکردبوو کە ژمارە حەوتی لەسەربوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ژمارەی درێسی دڵخوازی رۆناڵدۆ.

هەروەها پاڵەوانی زنجیرە دۆکیومێنتارییەکەی نێتفلێکس بوو بەناوی 'من جۆرجینام'، کە تێیدا بینەران دەرفەتیان بۆ رەخسا لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی ژیانی، کارەکانی و خێزانەکەی بن.



ئەو ئەنگوستیلەیەی رۆناڵدۆ بەدیاری داوەتە جۆرجینا


نرخی ئەو ئەنگوستیلەیەی رۆناڵدۆ پێشکەشی جۆرجینای کردووە چەندە؟

بابەتەکە تەنیا لەسەر هەواڵی هاوسەرگیرییەکە نەوەستاوە، بەڵکو ئەو ئەنگوستیلە ناوازەیەی لە دەستی جۆرجینادا دەرکەوت، سەرنجی هەمووانی راکێشاوە.

ئەنگوستیلەکە بە ئەڵماس چنراوە و ئەمەش بووەتە جێی سەرنجی زۆر لە میدیا جیهانییەکان کە باسیان لە بەهای ئەو ئەنگوستیلە گرانبەهایە کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکا، ئەنگوستیلەکەی جۆرجینا 30 قیرات ئەڵماسی تێدایە و یەکێکە لە گەوهەرە گرانبەها و ناوازەکان.

نرخی ئەنگوستیلەکە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، لەکاتێکدا هەندێک راپۆرتی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخەکەی لە نێوان 3 بۆ 5 ملیۆن دۆلاردایە.

چەند منداڵیان هەیە؟

رۆناڵدۆ و جۆرجینا خاوەنی دوو کچن، ئالانا (تەمەن 7 ساڵ) و بێلا (تەمەن 3 ساڵ)، لەکاتێکدا برا دووانەکەی بێلا، ئانخێل، بەشێوەیەکی تراژیدی لە کاتی لەدایکبووندا کۆچی دواییکرد.

هەروەها جۆرجینا یارمەتیدەر بووە لە پەروەردەکردنی سێ منداڵەکەی دیکەی رۆناڵدۆ: کریستیانۆ جونیۆر (تەمەن 15 ساڵ، کە دایکی دیار نیی)، ماتیۆ (تەمەن 8 ساڵ) و ئیڤا ماریا (تەمەن 8 ساڵ).




رۆناڵدۆ و جۆرجینا لەگەڵ منداڵەکانیان


لە ئەگەری جیابوونەوەدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ چەند دەداتە جۆرجینا؟

رۆژنامەی میرۆری بەریتانی خاڵێکی گرنگی پەیوەست بە هاوسەرگیرییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان رۆناڵدۆ و جۆرجینا ئاشکرا کردووە.

لە ئەگەری جیابوونەوەیان دوای هاوسەرگیریی فەرمی، رۆناڵدۆ ناچار دەبێت دەستبەرداری بەشێک لە سامانە زەبەلاحەکەی بێت.

لەو حاڵەتەدا، جۆرجینا مووچەیەکی هەتاهەتایی وەردەگرێت کە مانگانە زیاتر لە 114 هەزار دۆلاری ئەمریکییە. جگە لەوەش، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پۆرتوگال باسیان لە چەند بەندێکی دیکە کردووە کە دوای لەدایکبوونی یەکەم کچیان 'ئالانا' لەنێوان رۆناڵدۆ و هاوبەشەکەیدا دانراوە.

بەپێی ئەو رێککەوتنە، جۆرجینا دەبێتە خاوەنی کۆشکەکەی رۆناڵدۆ لە گەڕەکی لافینکا لە مەدریدی پایتەخت، کە موڵکێکی گەورەیە و رووبەرەکەی 950 مەتر چوارگۆشەیە و ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لەساڵی 2010 بەبڕی 5.64 ملیۆن دۆلار کڕیویەتی.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییە جیهانییەکان، کۆی داهاتی رۆناڵدۆ دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی تاوەکو هاوینی 2027، ملیارێک دۆلاری ئەمریکی تێدەپەڕێنیت.



رۆناڵذۆ دایکی بەکەس ناگۆڕێتەوە


بۆچی کریستیانۆ رەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئێرینا شایک بکات؟

پێش پەیوەندییەکەی لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە 2010 تاوەکو 2015 لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ ئێرینا شایکی شۆخوشەنگی رووسی، بەڵام هەرگیز داوای هاوسەرگیریی لێنەکرد.

ئەو دووانە لەساڵی 2015 جیابوونەوە و پەیوەندییەکەیان شکستی هێنا، سەرەڕای ئەوەی درێژترین پەیوەندیی رۆناڵدۆ بوو دوای جۆرجینا، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بوو:

* ناپاکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
ئێرینا شایک ئاشکرایکرد کە هۆکاری جیابوونەوەی لە رۆناڵدۆ، ناپاکی بەردەوامی بووە لەگەڵ چەندین خانمی دیکە و لە رێگەی نامەکانی مۆبایلەکەیەوە ئەمەی بۆ دەرکەوتووە.

* پەیوەندیی خراپی لەگەڵ دایکیدا
ماریا دۆلۆرێس ئاڤێرۆ، دایکی رۆناڵدۆ، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێرینا شایکدا نەبووە. رۆناڵدۆش دایک و خێزانەکەی بە هێڵی سوور دادەنێت و بە گەورەترین پشتیوانی خۆیانیان دەزانێت. ئەمە بەپێی زۆربەی راپۆرتەکان هۆکاری سەرەکیی شکستی پەیوەندییەکە بووە.

* ئاواتی ئیرینا شایک
ئاواتی شۆخوشەنگە رووسییەکە گەورەتربوو لەوەی تەنیا بە رۆڵی هاوژینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رازی بێت، چونکە نمایشکارێکی جلوبەرگی ناسراو بوو و لە بواری نواندنیشدا کاری دەکرد، پێیوابوو هاوسەرگیری رێگر دەبێت لە بەدیهێنانی خەونەکانی.



رۆناڵدۆ و جۆرجینا لە سعودیە


8 هۆکار وایانکرد رۆناڵدۆ بڕیاری هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینا بدات؟

لە هەنگاوێکدا کە دەکرێت تاجێک بێت بۆ چەندین ساڵ لە هاوبەشی و خۆشەویستی، وادیارە بڕیاری هاوسەرگیریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێز لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە. ئەم بڕیارە تەنیا رێکەوت نییە، بەڵکو دەرەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری قوڵە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و ئەزموونەکاندا پێگەیشتوون
لێرەدا 8 هۆکاری ئەگەری دەخەینەڕوو کە رەنگە پاڵنەر بووبن بۆ دۆن بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بدات:-

1 - وەڵامدانەوەی خواستی جۆرجینا
جۆرجینا لە چەندین بۆنەدا، بەتایبەتی لە زنجیرە دۆکیومێنتارییەکەیدا "من جۆرجینام"، خواستی خۆی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ رۆناڵدۆ نەشاردووەتەوە. بەدیهێنانی ئەم خواستە راستگۆیانەی هاوبەشی ژیانی و دایکی دوو لە کچەکانی، دەربڕینێکی گەورەی خۆشەویستی و رێز دەبێت.

2 - رەتکردنەوەی دەنگۆکان دەربارەی دایکی
هەمیشە دەنگۆی ئەوە هەبووە کە دۆلۆرێس ئاڤێرۆ، دایکی رۆناڵدۆ، دژی ئەم هاوسەرگیرییەیە لە ترسی چارەنووسی سامانە زەبەلاحەکەی کوڕەکەی. ئەم هەنگاوەی رۆناڵدۆ سنوورێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو قسانە دادەنێت و دەیسەلمێنێت کە پەیوەندییەکەیان رەزامەندیی تەواوی خێزانەکەی لەسەرە.

3 - دایکێکی میهرەبان بۆ منداڵەکانی
جۆرجینا توانیویەتی پەیوەندییەکی دایکانەی راستەقینە لەگەڵ منداڵەکانی دیکەی رۆناڵدۆ (کریستیانۆ جونیۆر، ئیڤا و ماتیۆ) دروستبکات و ژینگەیەکی خێزانیی گەرم و جێگیری بۆ دابینکردوون.

4 - دابینکردنی سەقامگیریی خێزانی
جۆرجینا توانیویەتی ببێتە هۆکارێکی سەقامگیری لە ژیانی خێزانیی فراوانی رۆناڵدۆدا و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دایک و خوشکەکانی رۆناڵدۆدا هەیە. ئەمەش ئارامیی دەروونیی پێویست بە رۆناڵدۆ دەبەخشێت.

5 - پێویستیی رۆناڵدۆ بە سەقامگیری
رۆناڵدۆ دەچێتە قۆناخێکی چارەنووسساز لە ژیانی وەرزشیدا. لەگەڵ یانەی نەسڕ و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، گوشاری زۆری لەسەرە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە. لەنێو ئەم ئاڵنگارییانەدا، سەقامگیریی کەسی و سۆزداری پێویستییەکی گرنگە و هاوسەرگیریی فەرمی ئەو قەڵا دەروونییە پتەوەی بۆ دابین دەکات.

6 - پێگەیشتنی پەیوەندییەکەیان
بەتێپەڕبوونی ساڵان، پەیوەندییەکەیان پتەوی و توانای رووبەڕووبوونەوەی سەخترین ئاڵنگارییەکانی سەلماندووە. ئەم پێگەیشتنە وایکردووە هاوسەرگیری ببێتە هەنگاوێکی لۆژیکی و سروشتی.

7 - پەیوەندییەکی قوڵتر دوای ناخۆشییەکان
لەوانەیە سەختترین تاقیکردنەوەیان لەدەستدانی کوڕەکەیان "ئانخێل" بووبێت لەساڵی 2022. ئەم ئەزموونە تاڵە، سەرەڕای سەختییەکەی، پەیوەندییەکی قوڵتری لەنێوانیاندا دروستکرد و وای لێکردن زیاتر هەست بە پێویستیی یەکدی بکەن.

8 - سعودیە.. پشتیوانییەکی رەها لە بڕیارێکی چارەنووسسازدا
گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ سعودیە هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە کە لەوانەیە بڕیاری هاوسەرگیرییەکەی خێراتر کردبێت.

جۆرجینا پشتیوانییەکی رەهای بۆ ئەم بڕیارە چارەنووسسازەی رۆناڵدۆ نیشاندا و بەبێ دوودڵی لەگەڵیدا چوو بۆ ریاز. ئەم هەڵوێستە پێچەوانەی هەڵوێستی هاوژینی هەندێک یاریزانی دیکە بوو کە رەتیانکردەوە بچنە سعودیە.

ئەم پشتیوانییە بێسنوورە لە هەنگاوێکی وا گەورەدا لەوانەیە بەهێزترین هۆکاربێت کە رۆناڵدۆ پاڵبنێت بۆ فەرمیکردنی پەیوەندییەکەیان وەک رێزێک بۆ ئەم هاوبەشییە راستەقینەیە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif