ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لەدوای چوونەسەر کاری پارتی کار لە هاوینی رابردوودا بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا، 50 هەزار کەسی تێپەڕاند.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، رۆژی دووشەممە، 474 پەناخواز گەیشتنە بەریتانیا و بەوەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لەو رێگە ئاوییەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، گەیشتە 50 هەزار و 271 کەس.
بەرپرسانی فەرەنساش بڵاویانکردەوە، رۆژی دووشەممە کۆچبەرێکی ژن لە کاتی هەوڵدان بۆ سەرکەوتنی بەلەمێک بۆ چوون بەرەو بەریتانیا گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەم ساڵ لانیکەم 21 کەس لە کاتی چوون بۆ بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە. ئامارەکانی رێکخراوەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە هەلومەرجی دیکەدا گیانیان لەدەستداوە، وەک رووداوی ئۆتۆمبێل یان کێشەی تەندروستی.
حکومەتی بەریتانیا بەردەوام لە گەڕان بەدوای رێگەچارەیەکە بۆ ئەوەی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی سنووردار بکات و دواتریش بیوەستێنێ.
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەسەر پلانێک رێککەوتن کە تێیدا هەندێک لەو کۆچبەرانەی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە دەستبەسەر دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە فەرەنسا.
حکومەتی بەریتانیا ئێستا پلانی تاقیکاری "یەک بە یەک" جێبەجێ دەکات و بۆ هەر پەناخوازێک کە دیپۆرتی فەرەنسای دەکاتەوە، یەکێک وەردەگرێت، بەو مەرجەی داواکارییەکەی پەسندبکرێت.
تاوەکو ئێستا دەیان کۆچبەر بەپێی رێککەوتنە نوێیەکەی بەریتانیا لەگەڵ فەرەنسا دەستگیرکراون و لە چەند هەفتەی داهاتووشدا یەکەم کۆمەڵەیان رەوانەی فەرەنسا دەکرێنەوە.
پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز کێشەیەکی لەمێژینەیە بۆ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا و فەرەنسا.
حکومەتی پێشووی بەریتانیا پلانی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەبوو، بەڵام پلانەکە کە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، لەلایەن ستارمەرەوە هەڵوەشێندرایەوە، دوای ئەوەی لە تەممووزی 2024 پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت.
بەشی زۆری ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە بەریتانیا خەڵکی ئەفغانستانن و دوای ئەوانیش سووریاییەکان، ئەریتری و ئێرانییەکان دێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق