وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق قسەیان کردووە. روبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت سزای سەر بەشێک لە "ئەکتەرە زیانبەخشەکان" وەکو خۆی بمێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مارکۆ روبیۆ و ئەسعەد شەیبانی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و روبیۆ هیوای خواستووە کە ئەم هەنگاوانە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بن بۆ گەلی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە سزاكان لەسەر "ئەکتەرە زیانبەخشەکان، لەنێویاندا بەشار ئەسەد، هاوکارەکانی و هەر لایەنێکی دیکە کە هەڕەشە لە ئاسایشی سووریا و جیهان دەکات"، وەک خۆیان دەمێننەوە.
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا تاوتوێی پێداچوونەوە بە لیستی تیرۆری نێوخۆیی و لیستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە پەیوەستن بە سووریاوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کردووە، وەک "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا، هەروەها لەنێوبردنی پاشماوەکانی بەرنامەی چەکی کیمیایی رژێمی ئەسەد."
هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە مانگی ئایاردا لە سەردانێکیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاندبوو، ئەمریکا هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.
ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی کاتیی سووریا داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات سزاکانی لەسەر کەمبکاتەوە. مانگی پێشوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێنمایی فەرمیی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی هەندێک سزا لەسەر بانکەکان، هێڵە ئاسمانییەکان و خودی ئەحمەد شەرع.
حکومەتە نوێیەکەی سووریا سزاکانی بە هۆکاری نەتوانینی وڵاتەکە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکان و بنیاتنانەوەی سیستمی تەندروستی زانیوە.
تورکیا و سعودیە، دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پاڵپشتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەکەن.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو، سووککردنی سزاکان لە بەرامبەر چەند مەرجێکدایە، لەوانە دەرکردنی هەموو چەکدارە بیانییەکان لە سووریا، رادەستکردنی ئەو کەسانەی واشنتن بە "تیرۆریستی فەلەستینی" ناویان دەبات و یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
زۆربەی سزا قورسەکان لە دوو دەیەی رابردوودا بەسەر رژێمی ئەسەددا سەپێندرابوون بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانەی کە ئەمریکا بە رێکخراوی تیرۆریستی ناویان دەبات. یەکەمین سزاکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1979، کاتێک سووریا وەک دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەستنیشان کرا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق