سەرۆکوەزیرانی عێراق و میری قەتەر گفتوگۆیان لەبارەی رەنگدانەوە نەرێنییەکان و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بۆ سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد بەهۆی هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
شەوی 16ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن محەممەد ئال سانی، میری قەتەر کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سوودانی – تەمیم، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووە لە رۆشنایی "هێرشە دوژمنکارانەکەی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران".
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سوودانی رایگەیاندووە: "دەستدرێژییەکانی زایۆنیزم بۆ سەر ئێران، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرایە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی."
سوودانی وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێداگری کردووە لە رەتکردنەوەی عێراق بۆ بەزاندنی ئاسمانەکەی کە پێشێلکارییە بۆ سەروەرییەکان و پێچەوانەی هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی تۆکمەکردنی زیاتری هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە بۆ راگرتنی "دەستدرێژی دوژمنکارانەی زایۆنی" و پشتیوانیکردن لە ئاراستەی دانووستاندنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لەلایەن خۆیەوە، میری قەتەر پاڵپشتی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سەروەری عێراق کرد لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەتی ناوەندی لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرگرتن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ.
بەرەبەیانی رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، ئێران ئێوارەی هەمان رۆژ بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و چەند شارێکی دیکەی ئیسرائیل.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق