بەنداوی دەربەندیخان ملیار و نیوێک مەتر سێجا ئاوی تێدایە

ليست هناك تعليقات


نزیکەی 60 هەزار دانیشتووی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 20 ساڵە کێشەی کەمیی ئاوی خاوێنیان هەیە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ئەم هاوینە هەڕەشەی کەم ئاوییان لەسەرە.

قەزای دەربەندیخان لەکاتێکدا کێشەی کەم ئاوی هەیە، خاوەنی دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێ: "بەنداوەکەمان ئێستا زیاتر لە ملیار و نیوێک مەتر سێجا ئاوی گلدراوەی تێدایە، بەڵام خەڵکەکەمان بەدەست نەبوونی ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن".

سلێمان محەممەد گوتی: "سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و ئاوی پڕۆژەکانی دەربەندیخان رووباری سیروانە؛ تەواوی ئاوەڕۆی شاری سلێمانیش دەڕژێتە نێو رووبارەکەوە تاوەکو دەگاتە دەربەندیخان، ئەمەش بووەتە هۆکاری پیستربوونی سەرچاوەی ئاوەکەمان".

لە ساڵی 2008ـەوە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی لایەنی پەیوەندیداری لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە ئاوی رووباری سیروان لە سنووری قەزای دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە.

قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا 97%ـی دانیشتووانی شارەکە ئاوی دابینکراو بۆیان بۆ خواردنەوە بەکارناهێنن و متمانەیان بە خاوێنی ئاوەکە نییە.

ئێستا ئەو ئاوەی لە دەربەندیخان بەرهەم دەهێندرێت بەهۆی کەمییەوە، بە نۆرە سێ رۆژ جارێک دەدرێتە هەر گەڕەکێک.

سلێمان محەممەد مەترسیی کەم ئاوی لە قەزاکەی دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئەو ئاوەشی کە شیاوی خواردنەوە نییە کەمە؛ بۆ وەرزی پێشمان کە هاوینە مەترسی جیدیی کەمئاوی لە شارەکەمان هەیە".

یەکێکی دیکە لەکێشەکانی دەربەندیخان بەرزیی شارەکەیە بەراورد بە رووباری سیروان و پڕۆژەکانی دابینیکردنی ئاو. قایمقام دەڵێت: "لە رووبارەکەوە بە سێ پلە و سێ حەوزی جیاواز ئاو سەردەخەین. هەموو ماتۆڕەکانی سەرخستنی ئاوی هەر سێ حەوزەکان کۆن بوون، ئەوانیش هێندە نۆژەنکراونەتەوە کەڵکی کاردنیان نەماوە و پێویستیان بە گۆڕینە".

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی، بڕیاربوو پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە و لە 14-02-2014ـەوە بەردی بناخەی دانرا جێبەجێ بکرێت، هەرچەند بەشێکی کارەکانی تەواو کرا، بەڵام چەند ساڵێکە کارکردن لێی راگیراوە.

سلێمان محەممەد گوتی: "دووجار لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بەڵێنی چارەسەرکردنی نەبوونی بودجە بۆ پرۆژەی ئاوەکە دراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بێ ئەنجام بووە".

قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "داوا لە هەموو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەم، هەرچی زووە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەواو بکەن و رێگربن لە سەرهەڵدانی قەیرانی نەبوونی ئاو لە شارەکەمان، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا".


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif