ئەحمەد شەرع لە نێوان دوو لووتکەدا

ليست هناك تعليقات


شیروان شەمێرانی

ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا ئەوەبوو کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بەشداریی لووتکەی عەرەبی بکات لە بەغدا، بەڵام بە هۆکاری مێژوویی و کاردانەوەی دەروونیی شیعەکان، بڕیاری دا ئامادەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی نەبێت، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی بکات، ئەگەرچی شەیبانیش جێگای رق و کینەی شیعەکانی دەسەڵاتە، بەڵام ناگاتە ئاستی ئەو رقەی بەرامبەر بە شەرع دەریدەبڕن.

لە بەرامبەردا، ئەوەی کە چاوەڕوانکراو نەبوو گەیشتنی شەرع بوو بە لووتکەیەکی دیکە، گرنگییەکەی بەراورد بە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی ناکرێت، ئەویش سڵاوکردن و کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ سەرۆکی گەورە هێزی جیهان دۆناڵد ترەمپ، بێگومان بەهەر پێوەرێک بێت ترەمپ لە سەرجەم سەرۆکە ئامادەبووەکان لە بەغدا بۆ شەرع و وڵاتی سووریا لەپێشتر و گرنگترە، شەرع دەیویست لە رێگەی بەغداوە ئەو پەستانە نێودەوڵەتییەی بە میراتی لە بەشار ئەسەدەوە بۆی ماوەتەوە هەڵبگرێت، کەچی بەچەند کاژێرێک و بێ هەڵگرتنی منەت و بیستنی هات و هاواری بەغداییەکان بە مەرامی خۆی گەیشت، لەو کاتەشدا لووتکەی بەغدا بێجگە لە ئامادەبوونێکی پرۆتۆکۆڵی سەنگینییەکی ئەوتۆی بۆ سووریا نامێنێتەوە، بەواتایەکی دیکە، شەرع لەم وێستگەدا پێویستی بە بەغدا نەما، بۆ شەرع لووتکە لە "ریاز"ـی پایتەختی شانشینی سعودیەیە نەوەک بەغدای پایتەخی عێراق. ئەمەش دۆڕانێکی دیکەی سیاسی و دیپلۆماسیی پارتە فەرمانڕەواکانی عێراقە، شەرع لەگەڵ بینینی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا داواکاریی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریاشی بەدیهات. کەواتە: بای بای بەغدا.

هەڵگرتنی سزاکان چی دەگەیێنێت:

- پشتگرتن و یارمەتیدانی ئەمریکایە بۆ سووریای نوێ بەسەرۆکایەتیی شەرع، وە لەگەڵ پێشوازیکردنی لە پاریس واتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روو بە قبووڵکردنی دەسەڵاتی ئێستای سووریا دەڕوات، یان دەیانەوێ چانسێکی بدەنێ، بەڵام لەژێر چاودێریدا.

- قایل بوونی ترەمپ بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و لەوەش زیاتر بینینی ئەحمەد شەرع، لە ئەنجامی وتوێژ و داواکاریی هەریەک لە ئەردۆغان و بن سەلمان بووە، بەڵام سرووشتی ترەمپ بێ بەرامبەری مادی هیچ هەڵوێستێکی لەو چەشنە ناگرێت، بۆیە راگەیاندنی هەڵوێستی نوێی واشنتن لە سووریا پاش واژۆکردنی وەبەرهێنانی 600 ملیار دۆلاری سعودییەکانە لە ئەمریکا، بەواتایەکی دیکە ترەمپ گیرفانی خۆیی پێشوەختە پڕکرد. بەڵام ئایا ئەوە کۆی داواکارییەکانی ئەمریکایە؟، بێگومان نەخێر، ئەوەی سووریا ویستی لە ئەمریکا دەستی کەوت، ئێستا کاتی ئەوەیە شەرع نەخشەی دید و سیاسەتی خۆی روون بکاتەوە، واشنتن دڵئارام بکات لە داهاتووی سووریا، لەهەمان کاتدا هەنگاوەکانی بەجێهێنانی خواست و داواکارییەکانی ئەمریکاش روون بکاتەوە، بەڵام بەمشێوەیە هاوکێشەکە هەڵگەڕایەوە، لە مانگەکانی رابردوودا بەرنامە وابوو کە بە مەرج سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن هەنگاو بە هەنگاو، بەڵام ئێستا بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان درا پاشان داوای جێبەجێکردنی مەرجەکان لە شەرع دەکرێت.

- عەرەب نایەنەوێت ئەو هەڵەیەی لەگەڵ عێراقی پاش رژێمی بەعس کردیان لەگەڵ سووریای پاش رژێمی بەعس دا دووبارەی بکەنەوە، ئەو کات لە 2003 دا سیاسەتێکی نابەجێی دوورەپەرێزانەیان لەگەڵ عێراقدا گرتەبەر، خۆیان زەرەرمەندی یەکەمی ئەنجامەکانی بوون، عێراقیان بۆ ئێران بە جێهێشت، بەوهۆیەشەوە زیاد لە 17 ساڵ خاک و خەڵکی عێراق بە ئاگری کردە تیرۆریستییەکان سووتا، ئێستا وەک ئەزموون دەیانەوێت سووریا لەو دەردەسەرییەی عێراق بپارێزن، پاشان بەتەواوی رزگاری بکەن لە چنگی ئێرانییەکان. هەروەها هاوسەنگییەکیش لەگەڵ هەژموونی تورکیا دا دروست بکەن، ئەگەر عێراق رۆشتبێت بۆ ئێران با سووریا نەکەوێتە هەگبەی تورکەکان.

- لەهەمان کاتدا ئەزموونی عێراق بەزەقی لەپێش چاوی هەموو لایەکە، هەموو لایان روونە کە ئاڵۆزی لە سووریا بە دەوڵەتێکی بێهێزەوە واتە تەقاندنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی، ناوچەکەش خۆی بۆ خۆی بەدەست جەنگەوە ناڵەی دێ، بۆیە سەقامگیریی سووریا کاری لە پێشینەی گشت لایەکە، هەموو هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن لە پاراستنی نەوە نوێیەکانی سووریا لە خزان بۆ ناو تووندڕەوی، هەژاری و نەداریش هۆکارێکی حاشا هەڵنەگری داڕمانی دۆخی ئاسایشی وڵاتانە. گرووپە تووندئاژۆکان گەنجی هەژار بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی کردەی تووندوتیژی.

ئەی ئیسرائیل چی؟

هەندێ لە توێژەرە ئەمریکییەکان داوای پەیوەندیی نێوان سووریا و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام بەدوور لە توێژینەوەی پیاوانی دەرەوەی دەسەڵات، لە سەر زەویدا واقیعەکە خولقاوە، ئێستا سوپای ئیسرائیل پانتاییەکی زۆری خاکی سووریای داگیر کردووە، بەردەوام بۆردوومانی پێگە سەربازی و دەزگە هەستیارەکانی سووریا دەکات، بەو کردانەی دەیەوێت ببێت بە یەکێک لەو فاکتەرانەی داهاتووی سووریا دیاری دەکەن لەگەڵ تورکیا و ئەمەریکییەکان، گوشارێکی وا لە شەرع بکات ناچاری دانوستاندنی بکات، پێدەچێت ئامانجەکەشی هاتبێتە دی، لە پاریس لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، شەرع گوتی: دانوستاندنی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، ئەم لێدوانە یان زۆر لە سادەیی و بێ ئەزمونییەوە هات، یان لەوپەڕی روونی لە سیاسەتکردنەوە، هەرکامیان بێت، ویستێکی ئیسرائیل و ئەمریکییەکان لە پەیوەندیی نێوان دیمەشق و تەلئەبیبدا بەدی هاتووە، بەو جۆرەش سەرۆکی کاتیی سووریا ئەمەریکییەکانی روو بە خۆی هێنا و سیاسەتی ئەمریکییەکانی بەرامبەر خۆی و حکومەتەکەی نەرمکرد، سوپای ئیسرائیلیش تا ماوەیەکی نادیار لە ناو خاکی سووریادا دەمێنێتەوە، واتە هەستیارترین مەرجێک لە بەردەم شەرعدا هەنگاوەکانی نراوە، پێشناچێت شەرع توانای لەوە زیاتری هەبێت.

کۆی ئەم گۆڕانکاریانە، یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ رژێمی سووریای نوێ، هیچ نەبێت بۆ ماوەیەک گەلی سووریای بەش مەینەت هەناسەیەک دەدات و دەرگایەکی گەورە بەڕووی ئابووری و پەرەپێداندا دەکرێتەوە. شەرعیش دەستکراوە دەبێت لە پراکتیزەکردنی نەخشە و پلانەکانیدا.

کورد؟

پەیوەندیدار بە کوردەوە لەمەڕ ئەم کرانەوە نێودەوڵەتییە بەڕووی دەسەڵاتی سووریادا دەکرێت دوو خاڵ بگوترێت، یەکەمیان: سیاسەتی هەرێمی کوردستانی جیاواز لە بەغدا بەرامبەر بە سووریای پاش ئەسەد دروست و راست بووە، دوومیشیان: بۆ رۆژئاوای کوردستان دەخوازێت بزانن کە گۆڕانکارییەکان چاوەڕێی ئەوان ناکات، نەوەک بەواتای ئەوەی کە لە چەند مانگی رابردوودا خراپیان کرد، بەڵکو بەواتای ئەوەی کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە قەبارەی کورد گەورەتر و تیژتر دەڕوات، بۆیە دەبێت ئەو پێگە و رێزەی لای وڵاتان هەیەتی بەهەدەری نەدات، بە قازانجی خۆی بەکاریبێنێت پێش نەمان و بەسەرچوونی، ئەمە دەگوترێت، چونکە ئارامیی ناوخۆیی سووریا و پەیوەندیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان یەکێکە لەو پێوەرانەی نمرەکانی دەرچوون و کەوتنی دەسەڵاتەکەی شەرعی پێ دادەنرێت.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif