جوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرلە هەڵبژاردن

ليست هناك تعليقات


 عوسمان گوڵپی

هەڵبژاردن گەورەترین وێستگەی هێزی سیاسییە کە تیایدا لە بەردەم دۆڕان و بردنەوەدایە، کە بۆ هەریەکێکیان کاریگەری لەسەر داهاتووی هێزە سیاسیەکە دادەنێت. هەربۆیە هێزە سیاسییەکان بەرلە هەڵبژاردن زۆرترین جموجوڵ دەستپێدەکەن بەپاساوی پێویستی قۆناغەکە و شێوازی ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێ بەڕێوەدەچێت. 

لێرەدا مەبەستمە باس لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بکەم کە پێش هەر هەڵبژاردنێك هەندێك سەرقاڵی و جموجوڵ دەستپێدەکەن. لێرەدا من نامەوێ باسلەوەبکەم ئۆپۆزسیۆن کێیە و چیە و پۆلێنیان بکەم، چونکە مەرج نیە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێناسەی ئۆپۆزسیۆن بیانگرێتەوە و بچنە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە، بەڵام لێرەدا من هەمویان بە ئۆپۆزسیۆن ناودەهێنم. لە ئێستادا هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەڵمەتێکی سیاسیان لە ئاستی باڵا بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوبەش بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێکردوە، کە لە ڕاستیدا زەرورەتی پێکەوەبوون نەك بۆ ئێستا بەڵکو لە ڕابردووشدا هەبووە و پێکەوە نەبوونیان هۆکار بوە بۆ بەهێزبون و مانەوەی دەسەڵات و کاریگەر نەبوونی خۆیان. 

"ئۆپۆزسیۆن بایی ئەوەندە هوشیاری سیاسی و هەڵبژاردنیان هەیە کە زۆر باش لە هێزی پێکەوەبوون تێدەگەن و لێکەوتەکانی دەزانن"

بۆیە هەموان هیوا خوازی پێکەوەبوونیانین و بۆ خۆشیان بایی ئەوەندە هوشیاری سیاسی و هەڵبژاردنیان هەیە کە زۆر باش لە هێزی پێکەوەبوون تێدەگەن و لێکەوتەکانی دەزانن، بەڵام بۆچی سەرکەوتوو نابن و چی ڕێگرە؟ ئەوە قسەیەکیترە. 

ئەم هێزە سیاسیانەی لە ئێستادا هیچ یەکێکیان یەكلیستیان ڕەد نەکردۆتەوە (نەوەی نوێ، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل). هەرچەند ئەم یەك لیستی و یەكهەڵوێستییەی ئۆپۆزسیۆن تازە نیە و هەڵبژاردنەکانیتریش چەندین دیدار و کۆبونەوەیان ئەنجامدا لەگەڵ هەڵای میدیایی و هیوابەخشینەوە، کەچی هیچی لێ سەوز نەبوو و هەموان چونەتەوە سەر رێگا تەسکەکەی خۆیان.

 بۆیە پێموایە ئەم هەنگاوەش هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێ و هەموان بە تەنیشت کۆبونەوەکانی پێکهێنانی یەكلیستیەوە سەرقاڵی تۆمارکردنی لیستی خۆیانن و ئامادەسازی بۆ شتێك دەکەن کە هەموو شتێکە یەكلیستی نەبێت.

"حەوشەی پشتەوەی دەسەڵاتە و بە ئامانجی لێدان لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی ڕاستەقینە پستیوانی کراوە"
 رێگریە سەرەکیەکانیش ئەمانەن: 

1. ئەم هێزانە هەموویان ئۆپۆزسیۆن نین، بەڵکو دەکرێت بڵێین تێیاندایە کە حەوشەی پشتەوەی دەسەڵاتن و خودی یەکێتی و پارتی بە ئامانجی لێدان لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی ڕاستەقینە پستیوانی کردوون. 

2. جۆرێکیتریان راستە لە بنەمادا زۆر جیاوازن لە یەکێتی و پارتی و ناڕازین لە ئیدارەدان و سیاسەتی دەسەڵات، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی داراییان یەکێتی و پارتیە، نەیانتوانیوە بە ئەرکی خۆیان هەستن. یەکێك لە گیرۆدەیی ئەم هێزانە بوونی بەرپرسی بڕیار بەدەستە لە نێویاندا کە ڕاستەوخۆ وابەستەییان بە دەسەڵاتەوە هەیە و پەیوەندیەکانیان بۆ بەهێزبوونی شەخسی و جێپێ قایمکردنی خۆیان بەکار هێناوە چ لە هەڵبژاردن و چ بۆ کۆنگرەکانیان سودیان لێ بینیوە. لەمەدا هێزەکان بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن، ئامانجە گشتییەکان دەکەنە قوربانی ئامانجە شەخسیەکانیان. 

بۆیە پێموایە درێژەکێشانی باسی ئەم یەکلیستی و سەردان و جموجوڵانە بۆ ئەوەیە کە کەسیان نایانەوێ ببنە واجیهەی ڕەدکردنەوەی یەكلیستی لە بەردەم ڕای گشتیدا. ئەگەرنا هەندێكیان هیچ باوەڕێکیان پێی نیە و زۆر باش دەزانن کە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام لە چوارچێوەی سەردانەکانیاندا گەرموگوڕتر لەوانەی کە بەراستی هەوڵی بۆ دەدەن خۆیان دەخەنە ڕوو. 

گەر سەرنج بدەیتە ئەم هێزانە دەبینی کە ئەو جیاوازییەی لە نێوان لیستی هەڵوێست و شاسوار عبدلواحیددا هەیە زۆر فراوانترە لەوەی کە لە نێوان هەر یەکێکیان و پارتی و یەکێتی هەیە. بەتایبەت شاسوار عبدلواحید لە ڕابردوودا زۆرتر ڕووی لە حیزبەکانی تر بووە تا یەکێتی و پارتی، ئەمەش بازنەی دۆستبوونی زۆر بچوك کردۆتەوە و بوەتە بەشێك لە گەشەی بێ متمانەیی زیاتر بەجۆرێك کاتێك باس لە ئۆپۆزسیۆنی ساختە دەکرێت بێ ناو هێنان سەرنج دەچێتە سەر پرۆژەکەی شاسوار عبدلواحید. بۆیە دواجار نەك یەكلیستی دروست ناکرێت، بەڵکو هەر یەکەیان دەبێتە خۆراکی بانگەشەکانی ئەویتر. 

جیاواز لەمان، بەرەی گەل هەیە وەك هێزێكی دروستبووی دۆخێکی تایبەتی ناچاری، کە بڕوام وایە هەندێك هێز لە پێناو ڕازیکردنی دڵی یەکێتیش بێت نابنە هاوپەیمانی و پێیانوایە دۆستایەتی لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی، نیگەرانی بافڵ تاڵەبانی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ئامادەی ئەو جووڵەیە نابن! هەرچەند باوەڕیشیان پێی هەبی!

یەکگرتوو و کۆمەڵی وەك دوو هێزی ئیسلامی هەموو هەڵبژاردنێك باس لە یەكلیستی و لیژنەی هەماهەنگی دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی خواستی جەماوەرەکەیان بن بۆ یەك هەڵوێستی و پێکەوەبوون. رێگری شەخسی و جۆری پەیوەندی نێوخۆییان لە نێوان پارتی و یەکێتی و جیاوازی پەیوەندی دەرەکیان و بارلاری هەریەکێکیان بۆ قۆناغێک، هۆکاری سەرەکی بە ئەنجامنەگەشتنی ئەم دوو هێزەن. لە باشترین حاڵەتدا ئەم دوو هێزە ئۆپۆزسیۆنە نزیکەکانن پێکەوە.

"چاوەڕێی سەرکەوتنی یەكلیستی لێ ناکرێت و دواجار لە یەك لیستیەوە دێنەوە بۆ موزایەدەی ئەوەی کێ ئامادەی یەكلیستی بوو و کێ ڕەدی کردەوە"

 بۆیە ئەو جموجوڵەی لە نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا هەیە، چاوەڕێی سەرکەوتنی یەكلیستی لێ ناکرێت و دواجار لە یەك لیستیەوە دێنەوە بۆ موزایەدەی ئەوەی کێ ئامادەی یەكلیستی بوو و کێ ڕەدی کردەوە. واتە ئەم نزیکبونەوەی ئێستا دەبێتە دوورکەوتنەوەی زیاتر بۆ هەندێکیان و جێگای دڵخۆشی نیە. هەرچەند ئەم نوسینە بەمانای ڕەدکردنەوەی هەموویان نیە و هێشتا هەندێکیان شایەنی متمانە پێکردنن و دەتوانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن بۆ قۆناغی داهاتوو، کە من پێموایە زۆر ئاساییە چەند هێزێكی ئۆپۆزسیۆنمان هەبێت و یەك لیستیش نەبن.

بە هیوام ئەم بۆچوونەم پێچەوانە بێتەوە و یەكلیستیان ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و هەموان ببینە بانگەشەکاری ئەم لیستە و بە هیوایەکی گەورەوە ڕوو بکەینە سندوقەکانی هەڵبژاردن لەگەڵ دنیایەك تێبینی لەسەر خودی هەڵبژاردن و ڕێگای گۆرانکاری.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif