بارزانی داوای پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت و هۆشداریی 'قەیرانی گەورەتر' دەدات

ليست هناك تعليقات



لە میانەی بەشداریکردنی لە 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، مەسعود مستەفا بارزانی جەختی لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە. ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی هەستیاری ناوچەکە ئەم پەلەکردنە پێویست دەکات و گوتی، "قەیرانی گەورە لە ناوچەکە روویداوە و رەنگە قەیرانی گەورەتریش رووبدات."

بارزانی تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی پەرلەمانی کوردستان و بە سەرکەوتووی وەسفی کرد، رایگەیاند، "دۆخی هەرێمی کوردستان لە دۆخی ناوچەکە بەگشتی بەدەر نییە، بەڵام ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بوو. هەڵبژاردن کرا و بە شاهیدیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو رێکخراوانەی هاتبوون، هەڵبژاردنێکی بێگەرد بوو، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردنێکی زۆر زۆر باش بوو، ئەنجامەکانیشی دەرکەوت."

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت،بارزانی داوای یەکڕیزی و بەشداریی هەموو لایەنە براوەکانی کرد و گوتی، "کوردستان موڵکی هەموومانە و هەموومان برای یەکدین و کەسی یەکدین، جوان نییە یەکدی بشکێنین. با لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بەشداریی کابینەی نوێی حکومەت بن."

 بارزانی بەرپرسیارێتیی سەرەکی پێکهێنانی خێرای حکومەتی خستە ئەستۆی پارتی و یەکێتی، ئاماژەی بەوە دا، "تاوەکو ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە، دەبێت هەرچی زووترە کارەکانیان تەواو بکەن و کابینەکە دروستبکرێت." دووپاتیشی کردەوە، "تەنیا مەرجی سەرکەوتنی کورد، یەکگرتنی کوردە، کورد و کوردستانی."

هەروەها ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەر هاوکارییەک لەو پێناوەدا و پەیامی بۆ پارتی و یەکێتی نارد، "پەلە بکەن لە دروستکردنی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان."

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

دەربارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق گوتی، "تاڕادەیەکی باش کێشەکانی نێوانیان چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا زۆری ماوە." هۆکاری سەرەکیی کێشەکانیشی گەڕاندەوە بۆ پابەندنەبوون بە بنەماکانی عێراقی نوێ و دەستوور و ئاماژەی بەوە کرد، "عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی پێکهات، ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانن؛ بەڵام بەداخەوە پابەندبوونی پێوە نەکرا. ساڵی 2005 دەستوورێک بۆ عێراق نووسرا، ئەگەر پابەند بوونایە بەو دەستوورە، زۆرێک لە گرفتەکان روویان نەدەدا." هەروەها چارەسەریش بە "گەڕانەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە و پابەندبوون بە دەستوور" دەزانێت.

 داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا، دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، "دەبێت جورئەتی ئەوەیان هەبێت دان بە هەڵەکاندا بنێن و جارێکی دیکە لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە، بۆئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif