رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنان بەو "دۆخە ناهەموارە"ـی ناوچەکانی رۆژئاوای سووریای دەکات و دەڵێت، ماڵبات هەیە بەتەواوەتی کۆمەڵکوژکراون و رووبەڕووی تووندوتیژی تایفەگەریی بوونەتەتەوە.
سەمین خیتان، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە جنێڤ سەبارەت بە پێشهاتەکانی نێوخۆی سووریا رایگەیاند، "ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵک لە سووریا رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە لەماوەی پێنج رۆژی رابردووی ناوچە کەناراوییەکان و دەبێت ئەمە کۆتایی پێبێت."
گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا بەڵگەی کوشتنی 111 کەسی سڤیلیان لە رۆژئاوای سووریا کۆکردووەتەوە. راشیانگەیاند، پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی ژمارەی تەواوی قوربانییەکان بەردەوامە و چاوەڕێش دەکەن، ژمارە راستەقیەنەکە زۆر بەرزتر بێت لەوە.
سەمین خیتان ئاماژە بەوەش دەکات، نووسینگەکەیان رێکارێکی وردی پشتڕاستکردنەوەی قوربانییەکان جێبەجێ دەکات و ئەو رێکارەش پێویستی بە کاتی زیاترە و راشیگەیاند لەنێو ئەو 111 کەسەی کوژرانیان پشتڕاستکراوەتەوە، 90ـیان پیاون و 18ـیان ئافرەت و دوو کچ و کوڕێکن.
سەمین خیتان دەشڵێت، "لە هەندی حاڵەتدا، تەواوی ماڵبات لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ کە چەکدار نەبوون، کوژراون، بەتایبەتی لەو شار و گوندانەی زۆرینەی خەڵکەکەی عەلەویین."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی گوت، لە 72 کاژێردا، هەزار و 311 کەس لە سووریا کوژراون، لە نێویاندا 231 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا، 250 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 830 کەسی سڤیل کە زۆربەیان عەلەوین.
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئادار، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا؛ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی لەدژی گرووپە چەکدارکانی لایەنگرانی رژێمی بەشار ئەسەد لە ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا راگەیاند.
ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا و بەتایبەت پارێزگەکانی لازقییە و تەڕتووس، بە ناوچەکەی بەهێزی عەلەوییەکان ناسراو و بنەماڵەی ئەسەدیش سەر بەو پێکهاتەیە بوون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق