دوای ئەڵمانیا، بەریتانیا دەبێتە دووەم وڵات عێراق رێککەوتنی لەگەڵ دەکات بۆ ناردنەوەی پەناخوازان. ئامانجەکە ناردنەوەی هەموو ئەو پەناخوازانەیە مافی مانەوەیان نییە و بە نایاسایی چوونەتە نێو ئەو شانشینەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 70 کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی زۆرترین پەناخوازی کورد و عێراقییان لێیە، بە روانین لەوەی لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر گەنج لە باشووری کوردستان بەرەو بەریتانیا کۆچیان کردووە، ئەو رێککەوتنە مەترسی لەسەر ناردنەوەی هەزاران کۆچبەری کورد دروست دەکات.
لە 9 مانگ دا دوو هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا و 70 کۆچبەر خنکاون
میدیای بەریتانیا رایگەیاندووە: "هەزاران عێراقی لەدوای رێککەوتنەکەی نێوان لەندەن و بەغدا مەترسی رەوانەکردنەوەیان لەسەرە، هەردوو سەرۆکوەزیران رایانگەیاندووە: ئامانج هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قاچاخچییە بە مرۆڤ.
بەریتانیا لە چەند ساڵی رابردوو دا تووشی مشتومڕی زۆر بووە لەسەر ناردنەوەی پەناخوازان.
پەناخوازی عێراقی لە ریزی ئەو وڵاتانەیە زۆرترینیان روو لە بەریتانیا دەکەن؛ بەپێی ئاماری فەرمی حکومەتی بەریتانیا زیاتر لە دوو هەزار عێراقی کە بەشی زۆریان کوردن لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو ئەیلوولی هەمان ساڵ روویان لە بەریتانیا کردووە، کەمتر لە 30 پەناخواز رەوانەکراونەتەوە.
هاوکات، بەپێی ئاماری ئاژانسی تاوانی بەریتانیا، لە ساڵی 2024، زیاتر لە 70 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بە بەلەمی بچووک، لە نۆکەندی ئینگلیز دا گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان (NCA) رایگەیاند، "ئەو گرووپەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە تۆڕەکەی ئامانج حەسەن زادەوە هەیە."
ئامانج حەسەن زادە دانیشتووی شاری پرێستنی بەریتانیا بوو، 8ی نۆڤەمبەری رابردوو دادگەیەکی بەریتانیا بە تاوانی بردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بە 17 ساڵ بەندکردن سزای دا.
ئەو هاونیشتمانییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "باشترین قاچاخچییە" و چەندین کۆچبەریش لەنێو بەلەم گرتە ڤیدیۆیان بڵاوکردبوویەوە و تێیدا ستایشی ئامانجیان دەکرد.
ئاژانسە بەریتانییاکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیر کراوە خەڵکی پارێزگای سلێمانییە، تەمەنی 38 ساڵە و بەوە تۆمەتبارە کە لەگەڵ تۆڕێک هاوئاهەنگیی کردووە کە خەڵکیان بە بەلەم لە یۆنانەوە گەیاندووەتە ئیتاڵیا.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان هەر خەڵکی سلێمانییە، تەمەنی 40 ساڵە و پارەی لەو کۆچبەرانە وەرگرتووە کە ئامانج حەسەن بۆ وڵاتانی ئەورووپا بردوونی.
تۆمەتبارەکەی دیکە لە سییەکانی تەمەنیدایە و خەڵکی پارێزگای سلێمانییە و بەوە تۆمەتبارە، "خەڵکی بۆ تۆڕەکەی ئامانج حەسەن کۆکردووەتەوە."
تۆمەتبارەکان لە چەند هەڵمەتێکی جیاواز لە 8 تاوەکو 12ی ئەم مانگە دەستگیر کراون و لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیاندا چەند ئەفسەرێکی ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەەی تاوان بەشداربوون.
ئاژانسە بەریتانیەکە باس لەوەش دەکات، "ئەوە یەکەمجارە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی بۆ بەئامانجگرتنی قاچاخچییان کار دەکات."
بەگوێرەی ئاژانسە بەریتانییەکە، "سێ تۆمەتبارەکە بە دەستبەسەرکراوی دەمێننەوە، بە تۆمەتی قاچاخچێتی کردن بە مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
رۆب جۆنس، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاژانسی نیشتیمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان دەڵێت، "پێشتر ئەوان [قاچاخچییەکان] وا بیریان دەکردەوە کە دەستمان پێیان ناگات، بەڵام بە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق نیشانمان دا کە ئەو شتە چیدیکە راست نییە و، قاچاخچییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
مارتن کلارک کە یەکێکە لەو ئەفسەرە بەریتانییانەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە دەڵێت، "هاوئاهەنگییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی هەبوو و دەمەوێت سوپاسیان بکەم."
ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "حەوت هەفتە پێشستا وەک بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ گۆڕانکاری، رێکەوتنە گرنگەکەی بەریتانیام سەبارەت بە هاوئاهەنگی جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایشی سنوور لەگەڵ عێراق واژۆ کرد و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە."
کووپەر دەشڵێت: "ئەو باندە تاوانکارییانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق کار دەکەن، رێز لە سنوورەکان و دەسەڵاتی دادوەری ناگرن؛ هەر لەبەر ئەوەشە گرنگە بەریتانیا لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت."
ئەو کارە هاوبەشەی دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، رۆژی 28-11-2024 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی هاوبەشی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و باندە تاوانکارییەکان، کە لە ناوچەکە و ئەورووپا کاردەکەن، واژۆ کرد.
عێراق لە ریزبەندی سێیەمی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین پەناخواز تێیدا دەچنە بەریتانیا. زۆربەی ئەو پەناخوازانەش کوردن و لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە بەریتانیا. حکومەتی عێراق بە عێراقی ناویان دێنێت.
بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا لە نێوان 2018 بۆ 2024 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 18 هەزار و 975 کەس گەیشتوونەتە بەریتانیا، لەو ژمارەیە 817یان نایاسایی بوونە و وەکو قوربانیی رێگەی قاچاخ و قوربانیی دەستی قاچاخچییەکان هەژمارکراون.
دواتر ئەلبانیا دێت 13 هەزار و 706 پەناخوازی لەو شەش ساڵەدا گەیشتوونەتە بەریتانیا، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 274 کەسی وەکو قوربانی هەژمارکراون.
پاشان عێراق دێت، لە ماوەی شەش ساڵدا 13 هەزار و 582 پەناخوازی عێراقی بە کۆی گشتی حکومەتی بەریتانیا هەموویان بە کۆچبەری نایاسایی لە قەڵەم دەدات لە ریزی چوارەم ئەفغانستان دێت. لەدوای ئەوان، لە ریزی پێنجەمدا کۆچبەر و پەناخوازی سووریایی دێن، لەو شەش ساڵە دا 6 هەزار و 846 کۆچبەری نایاسایی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان گەیشتوونەتە بەریتانیا.
بۆ ساڵی 2024 بەپێی ئامارە فەرمییەکەی بەریتانیا عێراق لە ریزی سێیەم دێت، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2024 واتە تەنیا لە شەش مانگ دا 437 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە بەریتانیا ئەو ژمارەیە 13٪ـی کۆی ئەو کۆچبەرانە پێکدێنێت لە شەش مانگی 2024 گەیشتوونەتە شانشینەکە. ئەفغانستان لە ریزی یەکەم و ئێران لە ریزی دووەمدایە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق