وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 26 کەس، دامەزراوە و کەشتیدا سەپاند، گوایە پەیوەندییان بە کۆمپانیایەکی سووریاوە هەیە و نەوتیان بۆ ئێران و گرووپە نزیکەکانی فرۆشتووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، سزادراوەکان سەر بە کۆمپانیای (قاتریجی)ن و "سەدان ملیۆن دۆلاریان" بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حووسییەکانی یەمەن بەدەستهێناوە.
گەنجینەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیای قاتریجی لە رێگەی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بە سووریا و چین، داهاتی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری کۆکردووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، هەمان کۆمپانیا پێشتر ئاسانکاریی بۆ فرۆشتنی سووتەمەنی لەنێوان داعش و حکومەتی سووریادا کردووە.
برادلی سمیس، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی دەڵێت، "تاوەکو دێت ئێران زیاتر پشت بە هاوبەشە بازرگانییەکانی وەک کۆمپانیای قاتریجی دەبەستێت بۆ ئەوەی کارە تێکدەر و تۆڕە بەوەکالەتە تیرۆریستەکانی خۆی لە سەرانسەری ناوچەکە پارەدار بکات."
سمیش دەڵیت، "وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی تواناکانی رژێم لە بەڕێوەبردنی ئەجێندای مەترسیداری خۆی لە ناوچەکە."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، کۆمپانیای قاتریجی، دوای فرۆشتنی نەوتی ئێران، پارەکەی لە شارەکانی وەک ئیستەنبووڵ و بەیرووت سپیکردووەتەوە و بەو جۆرە، سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ سوپای پاسداران بەردەستکردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق