کابینەی دە

ليست هناك تعليقات


یەکەم دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان و رێکارەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت، بە سێ یاسا و پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان دەکرێت، بە هەر چواریان چارەسەرى پرسی "دانیشتنى کراوە" و "گەورەترین فراکسیۆن وەک پێکهێنەرى حکومەت" یان نەکردووە.

براوەکانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان چاوەڕێى کاژێر 11:00ى پێشنیوەڕۆى دووشەممە، 2ى کانوونى دووەمى 2024 دەکەن، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە دیاریکراوە بۆ یەکەم کۆوبونەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە دەستپێکى یاسایى هەنگاونانە بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان کە پشت بە سێ یاسا و پەیڕەوێک دەبەستێت.

پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، یاساکانى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنەمان بۆ ئەو رێکارانەى دەگیرێنەبەر لە یەکەم دانیشتنەوە تاوەکو متمانەدان بە کابینەى نوێى حکومەت.

پەرلەمان.. یەکەم هەنگاو

بەگوێرەى مادەى 47ـی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، یەکەم دانیشتنى پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامى نوێ دەکرێت و ئەندامانى نوێ سوێندى یاسایی دەخۆن.

مادەى 48ى هەمان یاسا دەڵێت، بە رێگەى دەنگدانى نهێنى سەرۆک، جێگر و سکرتێرى پەرلەمان بە دەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى پەرلەمان لە هەمان دانیشتندا هەڵدەبژێردرێن کە دەکاتە نیوە کۆ یەکى ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان (51 پەرلەمانتار).

وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند: "یەکێک لەو بۆشاییە یاساییانەى کە هەیە ئەوەیە نە لە یاسا نە لە پەیڕەى ناوخۆ باس لەوە نەکراوە کە ئەگەر سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرا، دانیشتنى یەکەمى پەرلەمان بە کراوەیی دەهێڵدرێتەوە یان نا، لە کاتێکدا دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رێگرى لەوە کردووە".

یەکێکی دیکە لەو بۆشاییانەی لە رێکارە یاساییەکاندا هەیە، ئەو ماوەیەیە کە پێویستە ئەندامى نوێى پەرلەمانى کوردستان سوێندى یاسایی بخوات ئەگەر نا مافى ئەندامێتى لەدەست دەدات.

مادەى 13ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان 30 رۆژى وەک دەرفەت داناوە بۆ سوێندخواردن لە دواى یەکەم دانیشتن، بەڵام مادەى 61ى یاسای هەڵبژاردن 90 رۆژى دیاریکردووە کە ئەگەر ئەندامى نوێى پەرلەمان لەو ماوەیەدا سوێندى یاسایى نەخوات، مافى ئەندامێتى لە دەست دەدات.

دانا دارا، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان گوتی، "بە بۆچوونى من یاسا لە پەیڕەى ناوخۆى پەرلەمان بەهێزترە و دەبێت کار بەو ماوەیە بکرێت، کە لە یاساى هەڵبژاردندا هاتووە."

پۆستێکى دیکە لە 30 رۆژدا

بە گوێرەى مادەى چوارى یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، لە ماوەى 30 رۆژ لە هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەبێت پەرلەمانى کوردستان دەرگەى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بکاتەوە، لە دواى راگەیاندنى کردنەوەى دەرگاى خۆبەربژێرکردن لە ماوەى سێ رۆژدا، بەربژێر سى ڤى خۆى پێشکێش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات.

دواى دوو رۆژ لە داخستنى دەرگاى خۆبەربژێرکردن، پەرلەمان ناوى ئەو بەربژێرانە رادەگەیێنێت کە مەرجى بەربژێربوونیان تێدایە.

هەر بەربژێرێک ناوى بڵاونەکرایەوە، بۆى هەیە لە دوو رۆژ دواى راگەیاندنى ناوى بەربژێران لە دادگەى پێداچوونەوە، تانە بدات و ئەو دادگەیەش لە دوو رۆژدا تانەکان یەکلابکاتەوە.

لە ماوەى سێ رۆژ لە رۆژى دەرچوونى بڕیارى دادگەى پێداچوونەوە لەبارەى تانەکانى خۆبەربژێرکردن، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە دەنگدانێکى ئاشکرا و بەدەنگى زۆرینەى رەها لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگى زۆرینەى رەهایان بەدەستنەهێنا، کێبڕکێ لەنێوان دوو بەربژێر دەبێت کە زۆینەى دەنگیان لە گەڕى یەکەم بەدەستهێناوە و هەر کامێکیان زۆرینەی دەنگیان لە گەڕى دووەم بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆکى هەرێمى کوردستان.

بەگوێرەى یاساى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، لە ماوەى حەوت رۆژ لە هەڵبژاردنى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەرلەمان سوێندى یاسایی دەخوات بۆ ئەوەى بەفەرمى دەستبەکار بێت.

کێ حکومەت پێکدەهێنێت؟

بەگوێرەى بڕگەى سێى مادەى 56ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمان سەرۆکى دەسەڵاتى جێبەجێکردن (سەرۆکى حکومەت) دەستنیشان دەکات.

بەگوێرەى مادەى 10 لە یاساى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، دواى دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواى لێدەکات لە ماوەى 30 رۆژدا کابینەى حکومەتەکەى پێکبهێنێت.

دیارینەکردنی فراکسیۆنی براوە بۆ پێکهێنانى حکومەت یەکێکى دیکەیە لە گرفتەکان، کە روون نییە پێویستە کام لایەن رابسپێردرێت.

وەعد مزووری دەڵێت، ئەوەى تاوەکو ئێستا کراوە لە کابینەکانى رابردووى حکومەت کە براوەى هەڵبژاردن رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، عورفى دەستووریی بووە و دەقێکى یاسایی نییە ئەوە دەستنیشان بکرێت. گوتیشى: "عورفى دەستوورى لە یاسا بەهێزترە."

لە دواى ئەوەى ئەندامانى کابینەى نوێى حکومەت دەستنیشان کران، بەگوێرەى بڕگەى چوارى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئەو پەرلەمانە متمانە دەداتە کابینەى نوێى حکومەت.

دانا دارا رایگەیاند، لە یاساکانى هەرێمى کوردستان باس لە گەورەترین کوتلە نەکراوە، بەڵام هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ خۆى، ئاماژەیە بۆ دەستنیشانکردنى گەورەترین کوتلە.

ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت متمانە بە سێ کابینەى یەک لە دواى یەک بدات، بەگوێرەى بڕگەى چوارەم لە مادەى 10ى یاساى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى ئەوەى هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
 

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif