لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵایە، رۆژ لە دوای رۆژ شەڕەکە چڕتر و خوێناویتر دەبێت و هیچ ئاسۆیەکی ئاگربەستیش بەدیناکرێت.
چاوەکان لەسەر گەڕانەوەی ترەمپن بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بەو ئومێدەی شەڕەکە بوەستێنێت، بەڵام لوبنانییەکان رەشبینن.
هەیسەم ئاکشیر، هاووڵاتیی لوبنانە و دەڵێت: "ترەمپ بێت یان هەر کەسێکی دیکە، ئیدارەی ئەمریکا هەر یەکە و وەکو خۆی دەبێت، ئەوە سیستمەکەیە، کارەکان بەڕێوەدەبات و کەسەکان تەنیا رووکەشن، جا ئەوە ترەمپ بێت یان هاریس، بۆ ئێمە خراپە."
نزیکەی دوو مانگە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی و زەوینی ئیسرائیل بۆ لوبنان و بەتایبەت بۆ سەر ناوچەکانی باشوور بەردەوامە، ئەنجامەکەی کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار کەس و دەربەدەربوونی 13 هەزار کەس بووە.
ئەو جەنگە حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، لەدوای جەنگی غەززە دێت کە 13 مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی غەززە زیانی 33 ملیار دۆلاری هەبووە.
مەمدوح، ئاوارەی غەززەیە و هیوادارە ترەمپ چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە و کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت. "ئێمە پێویستمان بە سەرکردەیەکی بەهێزی وەکو ترەمپ هەیە ئەو دۆخە رابگرێت و نەهامەتی زۆرمان چێشت."
عاسا ئیزهار، هاووڵاتیی ئیسرائیلە، ئەو دەڵێت: "من هەندێک نیگەرانم لەبارەی ترەمپەوە، لەبەرئەوەی بەرای من ئەو کەسێکی جدی نییە و پێموایە بە جیدیش لە ئێمە ناڕوانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئەو رێککەونتی ئەبراهمی هێنایە ئاراوە و هیوادارم هەروەکو خۆی رایگەیاند ئەو جەنگ دەستپێناکات و ئەو کارە بکات و کۆتایی بە جەنگەکان بهێنێت."
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی بانکی ئیسرائیلی، ئەو دوو جەنگەی ئێستا بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە، تائێستا زیانی نزیکەی 65 ملیار دۆلاری بە ئابوورییەکەی گەیاندووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق