رۆبین ئامۆریم، گەیشتە کارلینگتۆن بۆ دەستبەکاربوون وەک راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد. راهێنەرێک کە هاتووە داروپەردووی یەکێک لە گەورەکانی ئەورووپا، لەسەردەمی رووخانیدا، بونیاد بنێتەوە.
ئامۆریمی 39 ساڵان، گەیشتە مانچێستەر، بۆ شوێنگرتنەوەی تێن هاگ، ئەو راهێنەرەی هێندەی رووخاندی، هێندەی بونیادنەنا لە یانەکەدا.
ئامۆریم تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەم گەڕەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی کات لەبەردەستدایە، تاوەکو هەندێک لە وردەکارییەکان لەبارەی یانە نوێیەکەیەوە شارەزا ببێت، بەرلەوەی یاریزانەکانی لە گەشتە نێودەوڵەتییەکە بگەڕێنەوە و مەشقەکانیان دەستپێبکەنەوە و دواتریش ئەو لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یاریی بەرامبەر ئیپسویچ تاون لەبەردەم میدیاکاندا دەربکەوێت.
کاروانی ئامۆریم وەک راهێنەر لە ئاتلێتکۆ کاسا بییا دەستیپێکردووە، بەڵام وەرزێک مانەوەی ئەو لەگەڵ براگا، سەرنجی بەرپرسانی سپۆرتینگی بۆ ئەو راکێشا و کاتێک ساڵی 2020 مەشقدانی ئەو یانەیەی وەرگرت، بازێکی گەورەی بەیانەکەدا.
ئامۆریم یەکێکە لەو راهێنەرە دەگمەنانەی توانییان مۆنۆپۆڵی دوو جەمسەری پۆرتۆ و بێنفیکا بەسەر خولی پۆرتوگالیدا بشکێنن و هەر لە یەکەم وەرزی دەرکەوتنی لەگەڵ یانەکەدا، سپۆرتینگی گەیاندەوە سەر سەکۆی نازناوی خولی پۆرتوگال. وەرزی رابردووش هەمان دەستکەوتی دووبارە کردەوە و ئیدی لەوێوە روون بووەوە کە تۆپی پێی پۆرتوگال، راهێنەرێکی نموونەیی دیکەی بەرهەمهێناوە.
عاشقی پیکی بلایندەرز
ئامۆریم ئاشکرایکردووە، 'خوپێوەگرتوو'ی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی پیکی بلایندەرزە کە باس لە چیرۆکی گرووپێکی مافیایی ئینگلتەرا دەکات. ئەو بەهاوڕێکانی گوتووە شێت و شەیدای ئەو زنجیرەیەیە.
ئامۆریم ئەوەشی ئاشکراکردووە کە پێشتر سەردانی پزیشکی دەروونیی کردووە بۆئەوەی هاوکاریی بکات لە 'خۆکۆنترۆڵ'کردن لە کاتی تووڕەییدا، چونکە وەکئەو گوتویەتی، "لەکاتی یارییەکاندا و لە کاتی تووڕەییدا، ناتوانێت جەستەی خۆی کۆنترۆڵ بکات".
نهێنیی تووڕەییەکەی ئامۆریم، بۆ منداڵیی ئەو دەگەڕێتەوە. چونکە لە تەمەنی شەش ساڵیدا، جیابوونەوەی دایک و باوکی لەیەکدی بینیوە و ئەو لەلایەن ئانابێلای دایکییەوە گەورەکراوە.
خۆی گوتویەتی کە هەژارییەکی زۆری بینیوە، دایکی، ئەو و براکەی بە 'قەراخە نان' گەورەکردووە.
ڤێرجیلیۆ، باوکی ئامۆریم باسی ئەو رۆژانەی کردووە کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، ئەو دەڵێ، "پاش جیابوونەوەمان، گۆڕینی کەشی ماڵەکە بۆ کوڕەکان زۆر گرنگبوو. رۆبن لە قوتابخانەیەک دەیخوێند کە لەگەڵ ئارامییەکەیدا راهاتبوو، کاتێک قوتابخانەکەی گۆڕی، رووبەڕووی گاڵتەپێکردن بووەوە لەلایەن هاوڕێکانی، ئەوەش زۆر ئازاری دەدا".
ئەو زیاتر دەڵێ، "هاوڕێکانی بۆیە گاڵتەیان پێدەکرد، چونکە ئەو زیاتر حەزی لە خواردنەوەی ئاو بوو لە بری خواردنەوە گازییەکان".
ئەو پەسندییەی ئاو بەسەر خواردنەوە گازییەکاندا، دواجار بووە هۆکاری سەرکەوتنی رۆبین، چونکە ئەو دەستیکرد بەیاریکردن و دواتر یانەی پیلینتێسی، گرێبەستی لەگەڵدا کرد و تاوەکو 2008 لەو یانەیە مایەوە، پاشانیش روویکردە بێنفیکا.
ئەو لەبارەی رۆژانی یارییکردنیەوە لە بێنفیکا دەڵێ، لەگەڵ هەموو دۆڕانێکدا بەشێوەیەک دۆخم تێکدەچوو کە باوەڕپێنەکراو بوو، "دوای یەکەم شکست لەگەڵ بێنفیکا، چەند رۆژێک نانم پێنەخورا و کەوتمە خەمۆکییەکی قورسەوە".
ئەو تووڕەییەی ئاراستەکەی گۆڕی
پێدەچێ تووڕەیی، بەشێکی گەورە بووبێت لە ژیانی ئامۆریم، هەربۆیە لە رێگەی چارەسەرەوە هەندێک لەو دۆخەی کۆنترۆڵکرد.
ئامۆریم رۆژانێک ناوەڕاستکارێکی لێهاتووبوو، پێشبینیدەکرا بۆ چەند ساڵێک وەک ئەستێرەیەک لەو هێڵەدا بمێنێتەوە، تەنانەت پێشبینی چوونی بۆ یانەی گەورەی لێدەکرا، بەڵام ئاراستەکە پێچەوانە کەوتەوە.
ئەو کاتێک یاریزان بوو، پێکانی بەردەوام بەرۆکی گرت، دەڵێ هێندە بێزار و تووڕەبووم لە دووبارەبوونەوەی پێکانەکانم، ئیدی رۆژێک لە ژووری چارەسەری پێکان، پێڵاوەکانم و هەرچی بەردەستم کەوت، گرتمە دیواری ژوورەکە تاوەکو کەمێک خۆم بەتاڵ بکەمەوە.
ئامۆریم بەسەر ئەو دۆخەدە سەرکەوت، بەشداریی مۆندیالی 2014ی کرد لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەڵام ساڵی دواتر ئاستی بەشێوەیەک دابەزی، کە ناچاربوو بە رووکردنە یانەی وەکرەی قەتەری رازی بێت. ئەو دەڵێ، گۆڕانکارییەکە ناخۆشبوو، بەڵام لە وەرزێکدا دووجار بەکارتی سوور دەرکرام، لە کاتێکدا هەرگیز پێشتر ئەوەم بەسەردا نەهاتبوو، دیارە ئەوە پەیوەندی بەدووبارەبوونەوەی تووڕەیی و هەڵچوونە بەردەوامەکانمەوە هەبوو.
رۆژەکە زوو دەستپێدەکات
دوای تەنیا 14 یاریی، ئامۆریم بڕیاریدا لە وەکرە بڕوات، ئەو دەڵێ، "خەڵک گوتیان دەتوانی لەوێ بەردەوام بیت و پارەیەکی باش کۆبکەیتەوە، بەڵام پارە هیچ مانایەکی نییە لە کاتێکدا تۆ دەچیتە نێو یاریگەوە و ناتوانیت باشترینی خۆت پێشکێش بکەیت. نەمدەتوانی بەرگەی ئەوە بگرم یاریزانانی تیپی بەرامبەر تەماشام بکەن و باسی ئەوە بکەن چۆن لە ئێمەیان بردووەتەوە".
راهێنەرە گەورەکان، خاوەنی خووی تایبەتی خۆیانن. هەندێکیان خووی تایبەتیان هەیە و رۆژانە دووبارەی دەکەنەوە و کروویانەتە رووداوێکی هەمیشەیی و دووبارە لە ژیانیاندا.
ئامۆریم پابەندە بەخێزانەوە، بەڵام وێنەکانی ماریای هاوژینی و میگویل و مانوێلی کوڕی زۆر کەم بڵاو دەکاتەوە، ئەو هاوشێوەی فێرگسۆنە، پێیوایە رۆژەکە دەبێ زوو دەستپێبکات، هەر بۆیە هەموو رۆژێک کاژێر شەشی بەیانی بەئاگایە و سەرقاڵی دەستپێکردنی رۆژەکە و رێکخستنی کارەکانیەتی.
ساڵێک کرێ خانوو
ئامۆریم بەوە ناسراوە کە پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ یاریزانەکانیدا هەیە، زۆر لێیان نزیکە و مامەڵەی زۆر دۆستانەیان لەگەڵدا دەکات.
کاسیمیرۆ، گوتبوی هەمووان لە مانچێستەر بەشەوقەوە چاوەڕێی دەستبەکاربوونی ئامۆریم وەک راهێنەری نوێی یانەکە دەکەن.
ئەو راهێنەرە، بەوە ناسراوە کە سۆزدارە بەرامبەر یاریزانەکانی. کاتێک راهێنەری کازابیا بوو، یەکێک لە بەرگریکەرەکانی تیپەکەی بەناوی دیتێرسۆن لۆپێز، لەلایەن ئەو راهێنەرەوە شۆککرا.
لۆپێز، بەهۆی بێپارەیی و پێویستییەوە ناچاربوو لە دوای یاریکردن و مەشقەکان، ئێواران وەک دیلیڤەری لە چێشتخانەیەک کاربکات، تاوەکو پارەیەکی زیاتر بۆ ژیاندنی خۆی و هاوژین و منداڵەکانی دابین بکات.
رۆبین، بۆ ماوەی ساڵێکی رێک کرێ خانووی بۆ لۆپێزدا، ئەو دەڵێ، "رۆبین فریشتەی ژیانم بوو".
رۆبین دواتر مەشقدانی یانەی کازابییای لێ قەدەخەکرا لەبەرئەوەی بڕوانامەی مەشقدانی دانپێدانراوی نەبوو. ئەو روویکرد تیپی دووەمی یانەی براگا و ئەوکات تیاگۆ ریبێرای هاوڕێی گوتی، "لە تیپی دووەمی براگا، ئەو بەمانگ بێکار دەمایەوە، مووچەشی وەرنەدەگرت، بەڵام ئەو خەمی لە یاریدەدەرەکەی دەخوارد و سووربوو لەسەرئەوەی لە هیچ شتێکی کەم نەبێت".
ماڵە رووخاوەکەی یونایتد
ئێستا ئامۆریم لەبەردەم ئەرکێکی نوێ و ئاڵنگارییەکی زەبەلاحدایە. ئەگەر سەرکەوتن لە شوێنەکانی دیکە زەمینەیان هەبووبێت، لە مانچێستەر هیچ زەمینەیەک بۆ سەرکەوتن لەئارادانییە، مەگەر ئامۆریم خۆی ئەو کەشە بۆخۆی دروست بکات.
یونایتد تیپێکی ئەنجام خراپ و لێکهەڵوەشاوە، ناکۆکی زۆر و کێشەی گەورە لە تیپەکەدا هەیە. شکست باڵی بەسەر هەموو شتدا کێشاوە و لە دوای ئەزموونی سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە، هیچ راهێنەرێک سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستنەهێناوە.
ئامۆریم لە یونایتد، داواکراوە لێی ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت. یاریزانەکانی لەچواردەوری خۆی کۆبکاتەوە. تەبایی بگێڕێتەوە نێوانیان و رێگەی سەرکەوتنیان بۆ بدۆزێتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق