وەرزی درووێنەی برنجە، بارانی زۆریش بەرهەمی جووتیارانی دەشتی هەریر و باتاسی دووهێندەی ساڵانی رابردوو زیاد کردووە.
جووتیاران رەنجی شەش مانگ کارکردنیان بۆ بەرهەمهێنانی برنج چنییەوە، کە یەکێکە لە بەرهەمە باشەکانی هەریر و باتاس.
سەیدا حەمەد، جووتیارە و دەڵێ "بەراورد بە پار، بەرهەمی برنج بەڕێژەی 65٪ زیادی کردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە؛ ئەمساڵ ئاو زۆر بوو و کەشوهەوا گونجاو بوو."
کڕیاری برنجی هەریر و باتاس زۆرن و جووتیار خەمی فرۆشتنی نابێت، کە هەر لەدوای درووێنەکردن لەنێو زەوییەکانیان، ئامادەی دەکەن بۆ بازاڕ.
نامیق عەبدولخالق، جووتیارە و لەبارەی بەرهەمی برنجەکەی دەڵێ " هەر لە ئێستاوە هەمووی فرۆشراوە، برنجی ئێرە کڕیاری خۆی هەیە و پێش درووێنەکردنی، کڕیار دێن و دەڵێن برنجەکە، هەرچەندە با هەمووی بۆ ئێمە بێت.''
برنجی سەدری و خڕ، دوو لەو جۆرە برنجانەن کە لە دەشتی هەریر و باتاس دەچێندرێن.
هەریر لە پارێزگای هەولێر و ئاکرێش لە پارێزگای دهۆک، رووبەری زیاتر لە 12 هەزار دۆنم زەویان بە برنج چێنراوە؛ بەرهەمی ئەمساڵیان نزیکەی 11 هەزار تۆنە.
نرخی برنجی هەردوو ناوچە، ئەمساڵ بەراورد بە پار دابەزیوە.
سەیفوڵڵا رەمەزان، فرۆشیاری برنج دەڵێ "برنجی شەش مانگی، پار کیلۆی بە 4500 دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بۆ 3500 دینار دابەزیوە، تەحالوفیش کیلۆی بە 2500 دینارە و چەندی زیاتر بێتە بازاڕ، نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت."
پێویستیی نێوخۆی بازاڕ بۆ برنج ساڵانە نزیکەی 300 هەزار تۆنە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا نزیکەی 23 هەزار تۆنی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق