کۆمپانیایەک لە هەنگاریا پەیجەرەکانی حیزبوڵڵای دروستکردووە

ليست هناك تعليقات


بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەکانی ئەندامانی حیزبوڵڵا لە لوبنان تاوەکو ئێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو منداڵیان لەنێودایە. بەپێی ژمارەیەک سەرچاوە، ئیسرائیل مادەی تەقەمەنی لەنێو پەیجەرەکاندا چاندووە.

سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە پەیجەرەکان لەلایەن کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆڵۆی تایوانییەوە دروستکراون، بەڵام ئەمڕۆ لە شاری تایپەی پایتەختی وڵاتەکە، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە رایگەیاند، "نزیکەی سێ ساڵە کۆمپانیای بی ئەی سی [کە کۆمپانیایەکی هەنگارییە] هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە هەیە و لە زۆر بەرهەمیشدا نوێنەرایەتیمان دەکات. ئەوان داوایان لێکردین پەیجەر دروست بکەن و بۆ هەر دانەیەکیش ئێمە بڕێک پارە وەردەگرین، بەڵام ئەوان خۆیان دیزاین و دروستی دەکەن".

نووسینگەی سەرەکیی کۆمپانیای بی ئەی سی لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریایە. لە سەرەتای ساڵەوە حیزبوڵڵا پێنج هەزار پەیجەری تایبەتی لەو کۆمپانیایە داوا کردووە.

رۆژی سێشەممە، هەزاران پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە کە لە دەستی ئەندامانی حیزبوڵڵادا بوون و بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەحمەد شەماس، هاووڵاتیی لوبنانە و دەڵێت: "ئەوەی روویدا وەک بوومەلەرزە وابوو، دزەکردنێکی لەو جۆرە کە هەمووانی بە ئامانج کرد. ئەوە بوومەلەرزە بوو، بۆیە دەبێت لەلایەن بەرەی موقاوەمە وەڵامێکی تووند و وێرانکاری هەبێت، ئەگەرچی ببێتە دروستبوونی جەنگیش".

میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە دەڵێت، ئیسرائیل ئەمریکای لەو کارە ئاگادار کردووەتەوە. هاوکات هەر یەک لە نیویۆرک تایمز و رۆیتەرز ئاماژەیان بەوە کردووە، پەیجەرەکان بڕێکی کەم تەقەمەنییان تێکراوە تاوەکو بتەقنەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی لوبنان بە رۆیتەرزی گوتووە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆساد چەندین مانگ پێشتر بڕێکی کەم تەقەمەنی لەنێو پێنج هەزار پەیجەردا چاندووە کە حیزبوڵڵا داوای کردوون.


بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە تەقینەوەکە بریندار بوون، چاویان لەدەستداوە، هەندێکی دیکەش دەست و پەنجەیان.

شارەزایەکی سەربازیی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات، وا دەردەکەوێت هەر یەکێک لە پەیجەرەکان تاوەکو 20 گرام تەقەمەنییان تێدابووبێت. سرووشتی ئەو تەقەمەنییەش وابووە کە زۆر زوو بتەقێتەوە.

زۆربەی ئەوانەی بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە لە بەیرووت بوون. ئەمڕۆ تەرمی بەشێکیان بە خاک سپێردرا.

حیزبوڵڵا لە دوایین پەیامیدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پاڵپشتیی غەززە.

لە تارانیشەوە دوایین کاردانەوە ئەوە بوو کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکانی لوبنانەوە پێویستە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئیسرائیل شەرم لە خۆیان بکەن.

هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قاهیرەوە رایگەیاند، راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس باشترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

بلینکن چەند کاژێرێک دوای تەقینەوەکانی رۆژی سێشەممە گەیشتە قاهیرە کە ئەمە 10یەمین سەردانیەتی. هەر لەوێ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە ئەمریکا هیچ دەستێوەردان و ئاگادارییەکی پێشوەختەی لە رووداوەکە هەبووبێت.

تەقینەوەکان تەنیا لە لوبنان نەبوون، لە سووریاش ژمارەیەک پەیجەر تەقینەوە. سەرەکیترین شوێنەکانیش لەو دوو وڵاتە ئەمانە بوون: بەیرووت، دیمەشق، سەرعین و سور.

رووسیاش ئەمڕۆ چوارشەممە قسەی لەسەر رووداوەکە هەبوو و سەرکۆنەی کرد و لوبنانی بە وڵاتێکی "دۆست" ناوبرد. هەروەها گوتی، ئەو کارە نیشاندەری ئاڵنگارییەکی سەرەکییە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان نیگەرانیی خۆی لە تەقینەوەکان دەربڕی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif