وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، ئەوان ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن.
ئاڵپ ئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاندووە، دەتوانن رۆژانە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هاوردە بکەن و هیچ بەربەستێک بۆ ئەوە لەبەردەمیاندا نییە.
بایراکتار دەڵێت، ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا هۆکارن بەوەی تائێستا یەک بەرمیل نەوتیش هەناردە نەکراوە.
بە گوتەی بایراکتار، ئەوان ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە چارەسەری کێشەکان، بەڵام دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان ئیرادەی جیدییان هەبێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.
پێشتر چەندین جاری دیکە تورکیا لە رێگەی وەزیری وزەوە ئامادەیی خۆی و چاککردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیای راگەیاندووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە بەهۆی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای بەغدا، هەناردەکردنی نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە.
تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا بەربەستی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەیەتی. کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لەسەریان 20 دۆلارە، بەڵام بەغدا دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنان 8 دۆلارە هاوشێوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ.
دووشەممە 09-09-2024، باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، بەمنزیکانە لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەنە "لێکتێگەیشتن و دۆسییەکە دادەخرێت".
رۆژی 31-08-2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت چاوەڕێی "پێشنیاز" و رۆڵی "سەرکردایەتی"ـی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق