ئامادەکاریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. بەرپرسی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ بەربژێرەکانی هەڵبژاردنیان پەسند نەکردوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی ئەیلوولی 2024 نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "ناوی بەربژێرەکان لەبەردەست کۆمیسیۆندایە و تاوەکو ئەمڕۆ پەسند نەکراون."
پێشتر وردبینیی ناوی بەربژێران لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی کۆتاییهاتووە و دوای پێداچوونەوەی ناوەکان، دەبێت کۆمیسیۆن پەسندیان بکات.
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دوورنەخراوەتەوە.
بەگوێرەی خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 16ـی ئەیلوول بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کۆمیسیۆن پەسندی نەکردووە. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، "دوای پەسندکردنی ناوی بەربژێرەکان رۆژی بانگەشە دیاری دەکرێت."
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
بەپێی خشتەی پەسندکراوی کۆمیسیۆن بۆ دابەشبوونی پەسندکراوی بنکەکانی دەنگدان، ئەو بنکانە بەم شێوەیە بەسەر بازنە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەبن:
پارێزگای هەولێر
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 498
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 62
پارێزگای سلێمانی
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 477
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 57
پارێزگای دهۆک
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 264
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 33
پارێزگای هەڵەبجە
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 27
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 1
هەروەها ئەم بنکانەش بۆ دەنگدانی تایبەت لەم پارێزگایانە دەکرێنەوە:
- نەینەوا: 4 بنکە
- بەغدا: 3 بنکە
- کەرکووک: 1 بنکە
- ئەنبار: 1 بنکە
- سەڵاحەددین: 1 بنکە
- دیالە: 1 بنکە
- واست: 1 بنکە
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق