ئێران: لە 5 مانگدا بایی 4.6 ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق کراوە

ليست هناك تعليقات


جێگری وەزیری ئابووری و دارایی ئێران رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا ئێران بایی 4.6 ملیار دۆلار کەلوپەلی هەناردەی عێراق کردووە، هاوردەش لە عێراقەوە تەنیا بایی 246 ملیۆن دۆلار بووە.

محەممەد رزوانیفەر، جێگری وەزیری ئابووری و دارایی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-08-2024، واتە لە ماوەی پێنج مانگدا 13.1 ملیۆن تۆن کەلوپەل، کە بایی 4.6 ملیار دۆلار بووە، لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق کراوە.

جێگری وەزیری ئابووری و دارایی ئێران گوتی، بەراورد بە پار، هەناردەکردنی کەلوپەل لە ئێرانەوە بۆ عێراق 27% زیادیکردووە.

بە گوتەی محەممەد رزوانیفەر، لە ماوەی ئەم پێنج مانگەدا هاوردەی وڵاتەکەی لە عێراقەوە تەنیا 43 هەزار تۆن کەلوپەل بووە، کە بایی 246 ملیۆن دۆلار بووە. گوتیشی، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، هاوردەکردنی کەلوپەل لە عێراقەوە لەڕووی کێشەوە 7.5% کەمیکردووە، بەڵام لەڕووی نرخەوە 56% زیادیکردووە.

زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق دەکرێن بریتین لە ئاسن و پۆڵا، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، شیرەمەنییەکان و گازی شل.

محەممەد رزوانیفەر گوتی، "ساڵی رابردوو (هەتاوی) 26.7 ملیۆن تۆن کەلوپەل بە بەهای 9.4 ملیار دۆلار هەناردەی عێراق کراوە، 143 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 585 ملیۆن دۆلاریش شتومەک لەو وڵاتەوە هاوردە کراوە."

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات هاتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی هەر دوو وڵات هەوڵدەدەن لە هەموو روویەکەوە و بە تایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن و قەبارەی بازرگانییان بگەیێننە 20 ملیار دۆلار.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif