ئەمڕۆ (31/5/2024) سەرژمێریی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردو (14) رۆژ دەخایەنێت.
🔹 سەرژمێرییە ئەزموونیییەکە لە (86) ناوچەی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت و (764) توێژەر و كارمەندی وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتی دەكەن، ئامادەکاری دەکرێت بۆ سەرژمێریی گشتی، کە بڕیار وایە لە (20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024) لە عێراقدا بەڕێوە بچێت.
🔹 بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی ساڵی (2024)، حکومەتی عێراق، بڕی (300 ملیار) دیناری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان تەرخانکردووە، کە (38 ملیار) دیناری پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت.
🔻 بە بۆچونی توێژەران؛
🔹 ئەنجامدانی سەرژمێریی ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حوکمڕانی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە.
🔹 هەندێک لە هۆزەکانی عێراق بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانن کە قەبارەی دانیشتوانی خۆیان لە چوارچێوەی پارێزگا یان قەزاکەیاندا پیشان بدەن.
🔹 هەندێ هۆزی تریش وەک نیشانەیەکی نەخوازراو بۆ نەمانی کاریگەری خۆیان سەیری سەرژمێری دەکەن، پێیان وایە دەبێتە هۆی نیشاندانی لاوازی و کەمینەیی ئەوان.
🔹 دابەشکردنی بودجەی نێوان پارێزگاکاندا بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەکانیانەوە. بۆیە سەرژمێری دەبێت هۆی سەرهەڵدانی ژینگەیەکی لەباری ململانێ ی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان زیاد بکەن.
🔹 سەرژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریکردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە سەرژمێری لەلایەن هەندێک کەمینە کاریگەر و پارێزگا کەم دانیشتووانەکانەوە.
سەرەتا
(27) ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1997، عێراق دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ئەنجامدا. سەرەڕای ئەوەی لەو سەرژمێرییەدا چەندین گرفت لە ئارادابوو کە پرۆسەکە بەسەرکەتوو لە قەڵەم نەدرێت، لە سەروو هەمووشیانەوە ئەنجام نەدانی ئەو سەرژمێرییەبوو لە (3) پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکە تەنها (15) پارێزگاکەی عێراقی لەخۆگرتبوو. ئەمەش وایکرد بەشێک لە توێژەران دان بە ئەنجامەکانیدا نەنێن و هێشتا داتاکانی سەرژمێری پێش خۆی کە (10) ساڵ بوو ئەنجام درابوو، بەڵام هەموو پارێزگاکانی عێراقی لەخۆگرتبوو بە گونجاوتر دەزانرا.
بەڵام دوای تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک بەسەر ئەو سەرژمێرییە ناتەواوەشدا، سەرەڕای بایەخە گرنگەکەی ئەو پرۆسەیە، هێشتا نەتوانراوە سەرژمێرییەکی گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، چونکە سەرژمێریی گشتی تەنها پەیوەندی بە ژماردنی دانیشتوانەوە نییە، بەڵکو وردترین وردەکارییەکانی پێکهاتەی دیمۆگرافی وڵاتەکە دیاری دەکات، کە دواتر حکومەتەکان پشتی پێدەبەستن بۆ بنیاتنانی پلانەکانیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانی ... هتد.
بۆیە دەبینین حکومەتەکانی عێراق بەناچاری بۆ داڕشتنی پلانەکانیان پشتیان بە ئاماری کۆن یان نافەرمی بەستووە، دەرەنجامیش هەڵەی گەورە و ناهاوسەنگی و نادادی کۆمەڵایەتی و ناعەدالەتی جوگرافی لە پلانەکانیان کەوتووەتەوەو دەکەوێتەوە، زیاتر لە گەیشتن بە ئەنجامە خوازراوەکان. هەر ئەم هۆکارانەشە پاڵ بەوەوە دەنێت و ناوێیەتی بەرپرسانی عێراق لە ئایندەی نزیکدا سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ (31/5/2024) سەرژمێریی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردو (14 رۆژ) دەخایەنێت سەرژمێرییە ئەزموونیییەکە لە 86 ناوچەی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت و (764) توێژەر و كارمەندی وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتی چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە دەكەن، ئامادەکاری دەکرێت بۆ سەرژمێریی گشتی، کە بڕیار وایە لە (20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024) لە عێراقدا بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، حکومەتی عێراق، بڕی (300 ملیار) دیناری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان تەرخانکردووە، کە (38 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
مێژووی سەرژمێری لە عێراق
بەپێی توێژینەوەیەکی (سەعد موحسین)، بەناوی "سەرژمێرییە ئەنجامدراوەکانی دانیشتوان لە عێراق"، لە ناوچەی نێوان دوو رووبار (میزۆپۆتامیا) کە لە ئێستادا بە عێراق ناودەبرێت لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە "سەرژمێری دانیشتووان"یان ئەنجام داوە. لەو سەردەمەدا سەرژمێرییەکان بۆ مەبەستی ئابووری و سەربازی ئەنجام دراوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی گەنجان بە تایبەتیش لە ڕەگەزی نێر، کە توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە یان ژمارەی ئەو بازرگان و خێزانە دەوڵەمەندانەی کە باج دەدەن.
لە سەردەمی شازادە کۆدیا، کە فەرمانڕەوایی میرنشینی "لەگش"ی سۆمەری لە ساڵی (2144 پێش زایین تا 2124 پێش زایین)کردووە، سەرژمێری بۆ دانیشتوانی میرنشینەکەی ئەنجامداوە، کە بە خەمڵاندن ژمارەیان نزیکەی (450 هەزار) کەس بووە.
لە عێراقی هاوچەرخدا، لە ساڵی (1927)، حکومەتی ئەو کات هەوڵیدا یەکەم سەرژمێری دانیشتوان دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ئەنجام بدات، بەڵام هەڵەو کەم و کورتی زۆر هاوشانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بوو، ئەمەش وایکرد بەغدا ئەنجامەکانی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە ساڵی (1934) سەرژمێرییەکی تر بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو دانیشتووانەی کە توانای بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و جەنگدا هەیە ئەنجامدرا. ئەم سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی عێراقی بە زیاتر لە (3 ملیۆن و 200 هەزار) کەس دیاری کرد.
سەرەڕای سادەیی داتاکانی، بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ دەوڵەت لە پلان و بەرنامە حکومییەکانیدا مایەوە، تا سەرژمێرییەکی دیکە لە ساڵی (1947) ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەی عێراقییەکان گەیشتە (4 ملیۆن و 826 هەزار) کەس.
ئەمجارە یەکەم هەوڵی عێراقە بۆ سەرژمێریکردنی دانیشتوان بە بەکارهێنانی ئامرازە تەکنیکییە مۆدێرنەکان، بە بەراورد بەو ئامێرانەی لەو کاتەدا لەبەردەستدا بوون، کە هانی بەغدای دا بۆ ئەوەی سیاسەتێک بگرێتەبەر، هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری دانیشتوان ڕێکبخات.
ئەو سەرژمێرییانەش لەو کات بەدواوە رێکخرا، بریتی بوون لە؛ سەرژمێری ساڵی (1957) کە تێیدا ژمارەی دانیشتوان گەیشتە (6 ملیۆن و 300 هەزار) کەس، 1965 (لە بری ساڵی 1967)، سەرژمێریەکانی ساڵانی (1977)و (1987) و (1997) ڕێکخرا، کە دوایین جار بوو سەرژمێری تێدا ئەنجامدرا.
مەترسییەکانی پەکخستنی سەرژمێری
بەبێ داتابەیسێکی بەهێز، "وڵات بە چاوی داخراوەوە بە ڕێگایەکی تاریکدا دەڕوات" ئەمەش وتە و تێڕوانینی "سەمیر خزەیەر هادی" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێرییە لە عێراق.
موحسین حەسەن، لە لێکۆڵینەوەکەیدا بە ناونیشانی "بەربەستەکانی بەردەم سەرژمێری دانیشتووان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ئایندەی گەشەپێدان لە عێراق"، ئاماژەی بەوە داوە، خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتوان بەو مانایەیە کە پێوەرەکانی ئاماری لە عێراقدا دەچنە ناو کایەی پێشبینیکردنەوە، ئەمەش ئەنجامەکەی دەرکەوتووە کە شکستی زۆربەی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی لێکەوتووەتەوە، چونکە لەسەر بنەمای داتای خەمڵێنراوی جێی متمانە نییە.
لە سایەی ئەنجامنەدانی سەرژمێری، عێراق شکستی خواردووە لەوەی قەبارەی گەشەی دانیشتوان بە وردی دیاری بکات، کە ئەمەش بووە بە ڕێگر لە سیاساتی کەمکردنەوەی خێرایی گەشەی دانیشتوان و سەریکێشاوە بۆ سەرهەڵدانی زیادڕەوییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی بەکاربردن و سەرهەڵدانی بێکاریی بەرفراوان. (لە بارەی خێرایی گەشەی دانیشتوانەوە بڕوانە خشتەکە).
گەشەی دانیشتوانی عێراق (2015 - 2030)
هەروەها دەوڵەت کورتی هێناوە لەوەی بتوانێت ئاماری باوەڕپێکراوی لەبەردەست بێت، تا یارمەتی بدات لە دروستکردن و دەرکردنی بڕیارەکان، بۆ داڕشتنی پلانی سەرکەوتوو، کە هاوسەنگی لە نێوان قەبارەی دانیشتوان و دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بکات، ئەمەش زیانی جیددی بە هەموو لایەنەکانی گەشەپێدان لە عێراقدا بەجێهێشتووە.
هۆکارەکانی دواخستنی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق
یەکەم؛ ئەمن، ئابوری و کۆرۆنا
وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق دە ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، بۆیە بڕیار بوو لە ساڵی 2007 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەوە بۆ ساڵی 2009 دواخرا، دواتر بۆ ماوەی (10) ساڵ بە یەکجار دواخرا، لە ساڵی (2019) دووبارە دواخرا.
پێی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانی عێراق، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێرییەکەی ساڵی (2019) دەستیپێکرد، ئومێدیان وابوو کە لە ساڵی (2020)دا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا دواخرا، چونکە مەحاڵ بوو ڕێکخەران و ڕاسپێردراوان کە ژمارەیان (150 هەزار) توێژەری مەیدانی بوو بتوانن سەردانی ماڵەکان بکەن لەو بارودۆخەدا، بۆیە ناچار بوون کە وەزارەتی پلاندانان پڕۆژەکە دوابخات.
لە ساڵی 2022 بەغدا نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ دووبارە ئەنجامدانی سەرژمێری، ئەوەش بەهۆی ئەو بودجە زۆرەی کە مەکتەبی ناوەندی ئامار پێویستی بوو، ڕووی نەدا، کە بڕەکەی (120 ملیۆن) دۆلار بوو، حکومەتی عێراقیش لەو کاتەدا نەیتوانی دابینی بکات.
مەهدی ئەلعەلاق، ڕاوێژکاری باڵای سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەگەڵ هاتنی حکومەتی نوێ و پەسەندکردنی بودجەی نوێ، تەرخانکردنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتی دابینکراوە.
محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگی شوباتی 2023، لە میانەی سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوە ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی عێراق، ڕایگەیاند، هەموو توانایەکی پێویست بۆ تەواوکردنی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا دابین دەکرێت.
سودانی جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەتەکەی پشت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەبەستێت لە دانانی سیاسەتەکانی و جێبەجێکردنی بەرنامە ئابوورییەکانی، هەروەها ئامادەکردنی پلانی داهاتوو کە هاوکارە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا.
هاوکات لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ سەرژمێری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق خراوەتە گەڕ، عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی (ئایاری 2024)دا سەرژمێری ئەزموونی ئەنجامدەدەن _هەر بەو جۆرەش لە ئێستادا دەست پێکردووە_ و پرۆسەکەش بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە چەند ناوچەیەکدا ئەنجامدەدرێت کە سەرژمێری گشتی دەیانگرێتەوە. وا بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی (2024) کۆی پرۆسەکە لە عێراقد بە فەرمی بەڕێوەبچێت.
دووەم؛ ناکۆکی و ململانێی سیاسی
موحسین حەسەن، لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریکردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان و دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگارێک لەو کورسیانە بەپێی دەستوور، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە سەرژمێری لەلایەن هەندێک کەمینە کاریگەر و پارێزگا کەم دانیشتووانەکانەوە. بە مەبەستی پاراستنی نوێنەرایەتی پەرلەمانی خۆی لەسەر بنەمای پێوەرە خەمڵێنراوەکان.
هەروەها ئەنجامدانی سەرژمێری ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حوکمڕانی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە. لە مادەی 140ی دەستووری عێراقدا هاتووە، سەرژمێرییەکی وردی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجام بدرێت و دواتر ڕیفراندۆم لەسەر خواستی دانیشتووانیان بۆ پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان یان مانەوە لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئەنجامی سەرژمێرییەکە پێویستی بە گۆڕانکاری لە بودجەی گشتیدا دەبێت. هەرێمی کوردستان پشکی لە بودجەدا بەرامبەر بەڕێژەی دانیشتوانەکەی وەردەگرێت، پرسێک کە ناکۆکی هەمیشەیی لە نێوان هەردوولا دروست کردووە، دوای ئەوەی بەغدا بڕیاری دا پشکی هەرێم بۆ 12.6% کەم بکاتەوە لەبری 17%، سەرەڕای ناڕەزایەتی کورد لەو بارەیەوە، بەهۆکارەکەی جیاوازیە لە دیاریکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە نێوان دوو لایەن.
هەروەها دابەشکردنی بودجەی گشتی فیدراڵی لە نێوان پارێزگاکاندا بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەکانیانەوە. بۆیە سەرژمێری دانیشتووان پاڵنەر دەبێت بۆ سەرهەڵدانی ژینگەیەکی لەباری ململانێ ی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان زیاد بکەن.
بە بڕوای ئەو توێژەرە (حەسەن)، بیرۆکەی ئەنجامدانی سەرژمێری خۆی هێشتا بابەتی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقییە. کورد بە دەرفەتی دەزانێت کە هێزی ڕەگەزی کورد پیشان بدات بەوی زۆرینەی لە ناوچە جێناکۆکەکاندایە و لە ڕێگەیەوە ئامانجیان لکاندنی ناوچە جێناکۆکەکانە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن لە مەلەفی چارەی خۆنووسین، لە کاتێکدا هەندێک لە هۆزەکانی عێراق بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانن کە قەبارەی دانیشتوانی خۆیان لە چوارچێوەی پارێزگا یان قەزاکەیاندا پیشان بدەن، لە کاتێکدا هۆزەکانی تریش وەک نیشانەیەکی نەخوازراو بۆ نەمانی کاریگەری خۆیان سەیری سەرژمێری دەکەن، پێیان وایە دەبێتە هۆی نیشاندانی لاوازی و کەمینەیی خۆیان.
سەرەڕای ئەم کەشوهەوای گرژییە، ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری بەردەوامە لە کاتێکدا حکومەت دڵنیایی دەدات لە پێویستی جێبەجێکردنی لە کاتی خۆیدا.
پرسیاری سەرەتا و کۆتایی ئەوەیە؛ ئایا ئەمجارە سەرژمێری لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟، یان دووبارە دوادەخرێتەوە؟
سەرچاوەکانوزارة التخطیط (جهاز المرکزي للإحصاء)، المٶشرات السکانیة، تقديرات سكان العراق للفترة (2015-2030)؛
https://shorturl.at/eQ32pالحرة (ارفع صوتك - بغداد)، لماذا عجز العراق عن إجراء تعداد سكاني منذ ربع قرن؟، 23 فبراير 2023؛
https://shorturl.at/h0t9xالعالم الجديد، هل ينجح التعداد السكاني في 2024؟.. التخطيط تكشف عن التفاصيل، 27 تشرين الثاني 2023، (تقاریر)؛
https://shorturl.at/zxrw
ڕاپۆرتی درەو
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق