وڵاتانی جیهان پێشوازی لە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەکەن

ليست هناك تعليقات


پلانی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن هەریەک لە نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا سەرکۆنەی ئیسرائیل و دەستخۆشی وڵاتانی دیکەی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکی فەڵەستین دەڵێت، "هەنگاوێکی بوێرانە"یان ناوە و ئیسرائیلیش دەڵێت، "خزمەت بە تیرۆر دەکات" و ژیانی بارمتەکان و ئەگەری رێککەوتن دەخاتە مەترسییەوە.

مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد و داوای لە وڵاتانی دیکە کرد هەمان هەنگاو بگرنەبەر.

لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکی فەڵەستین ئاماژەی بەوە کردووە، هەنگاوەکە "مافی گەلی فەڵەستین بۆ چارەی خۆنووسی" دەژێنێتەوە و پاڵپشتییەکیشە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی.

بزووتنەوەی حەماس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشوازیی لە هەنگاوەکەی نەرویج، ئێرلەندا و ئیسپانیا کرد و دەڵێت، "بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانین بۆ زامنکردنی مافەکانمان لەسەر خاکی خۆمان."

کۆمکاری عەرەبی پلانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بە "هەنگاوێکی بوێرانە" ناوبرد و گوتی، ئەمە "وڵاتەکان دەخاتە بەرەی راستیی مێژوو لەم شەڕەدا."

تورکیا بە هەمان شێو پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی "مافی زەوتکراوی فەڵەستینییەکان" ناوی برد. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەنگاوەکە هاوکاریی فەڵەستین دەکات "ئەو پێگەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت کە شایستەیە."

هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا پێشتر بیرۆکەی داننانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین پەسند کردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە داوە کە هەنگاوەکە دەبێت بە رێککەوتن و لەسەر مێزی گفتوگۆ یەکلا ببێتەوە.

بڕیاری کۆتایی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستینی دەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە زۆرینەی دەنگ پەسند بکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif