لیۆنێل مێسی: هیچ خەونێکم نەماوە

ليست هناك تعليقات


 لیۆنێل مێسی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، جارێکی دیکە دووپاتی دەکاتەوە کە لەسەر ئاستی وەرزشدا هیچ خەونێکی نەماوە، لەبەرئەوەی هەموو شتێکی بەدەستهێناوە. پەسنی یانەی بارسێلۆناش دەدات و دەڵێت " بارسێلۆنا مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ کردم". هەروەها دووپات لەوە دەکاتەوە، کە لە دوای خێزانەکەی تۆپی پێ گرنگترین شتی ژیانیەتی.

لیۆنێل مێسی، لە سەرەتای هەپڤەیڤینەکەدا، سەبارەت بە بارسێلۆنا قسەی کرد و گوتی "لە راستیدا بارسێلۆنا مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ کردم و زۆر چێژم لێوەرگرت، ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو". 
 
هەروەها گوتی "وامدەزانی بۆ هەتا هەتایە لە بارسێلۆنا دەمێنمەوە. ئامادەنەبووم ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم و ژن و منداڵەکانم لە بارسێلۆنا ببەم".
 
پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە ژیانی منداڵیی ئەوبوو؟ کە وەڵامەکەی بەمشێوەیە بوو "لە منداڵییەوە ژیانێکی جوانم بەسەربردووە، تەنانەت ئەوکاتەی لەگەڵ هاوڕێکانم لە رۆزاریۆ بووم، تا ئەوکاتەی ئیسپانیام بەجێهێشت. ئەمە زۆر قورس بوو، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بارسێلۆنا هەمیشە بەباشی مامەڵەی لەگەڵ دەکردم".
 
مێسی چۆن ئاستی خۆی دەپارێزێت؟ ئەمەش پرسیارێکی دیکە بوو، کە لیۆ لە وەڵامیدا گوتی "من لەگەڵ خۆمدا تووند بووم و دەمزانی چیم دەوێت و هەوڵمدا خەبات بکەم و ئامانجێک بۆ خۆم دابنێم و هەوڵی بەدەستهێنانیم دەدا".
 

مێسی لە سعودیە

لەبارەی جوانترین گۆڵی کاروانی خۆی، کە ئایا گۆڵەکەی بەرامبەر خیتافی باشترین و جوانترین بوو؟ مێسی گوتی "نازانم ئەو گۆڵەم باشترینە یان نا، بەڵام گرنگی گۆڵم پێ باشترە لە جوانییەکەی".
 
ئایا رەخنە قبوڵ دەکەی؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا کاپتنی ئەرجەنتین و ئینتەرمەیامی، گوتی "هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە رەخنە بگرێت، ئەگەر رەخنەکە سەبارەت بە تۆپی پێ بێت هەرگیز بێزارم ناکات، چونکە من یەکەم کەسم لێپرسینەوە لە خۆم دەکەم، ئەمە بەشێکە لە یارییەکە".
 
لیۆ سەبارەت بەوەی ئایا وازی لە یاریکردن دەهێنا، ئەگەر نەیتوانیبووایە جامی جیهانی 2022 بباتەوە؟ گوتی "بێگومان".
 

ساتی بەرزکردنەوەی جامی جیهانی

ئایا یاریزان چی پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە پیشەگەر؟ مێسی زوو وەڵامی دایەوە و گوتی "عەقڵیەت و کۆششکردن".
 
مێسی دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنتدا هەموو شتەکان قورستر دەبن و باسی لەوە کرد کە چۆن ئاستی خۆی دەپارێزیت و گوتی "هەمیشە خواردنی باش دەخۆم و مەشق دەکەم، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنمدا تێگەیشتم کە وەرزشکردن قورستر دەبێت".
 
تۆپی پێ چۆن کاریگەری لەسەر ژیانت هەبوو؟ مێسی وەڵامی دایەوە "خەونم ئەوەبوو کە ببمە یاریزانێکی پیشەگەری نێودەوڵەتی و دواتر پاراستنی ئاستەکەم بە رێژەی 100%". 
 
لیۆ هەروەها دووپاتی کردەوە "تۆپی پێ لە پێشینەی کارەکانمە و گرنگترین شتە لە ژیانمدا، دوای خێزانەکەم. گرنگترین شت خێزانەکەمە".
 
مێسی دووپاتیکردەوە کە باشترین ساتەکانی مۆندیال بۆ ئەو، ساتی بەرزکردنەوەی جامەکە بووە.
 
کاپتنی تانگۆ، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، کە ئایا خەونێک هەیە کە بەدەستی نەهێنابێت؟ گوتی "لە ژیانی وەرزشیمدا هەموو شتێکم بەدەستهێناوە، بۆیە هیچ خەون و هیچ ئامانجێکم نەماوە، لە رێگەی ژیانی وەرزشیمەوە توانیم هەموو خەونەکانم بەدیبهێنم".
 
دوای وازهێنان چۆن کاردەکەیت؟ ئەمەش پرسیارێکی گرنگی هەڤپەیڤینەکە بوو؟ کە وەڵامەکەی لەلایەن لیۆوە بەمشێوەیە بوو "تاوەکو ئێستا بیرم لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام هەر کاتێک هەستم کرد سوود بە تیپەکەم ناگەیێنم، وازدەهێنم".
 

مێسی لەگەڵ کوڕەکانی

سەبارەت بە خێزانەکە، کە ئایا کاتی هەیە لەگەڵیاندا بەسەرببات؟ مێسی زیاتر قسەی کرد و گوتی "بەڵێ کاتم هەیە بۆ خێزانەکەم، بێگومان هەوڵ دەدەم لەگەڵ منداڵەکانم و هاوژینەکەم چێژی لێ وەربگرم".
 
ئینجا لێیانپرسی مێسی لە ماڵەوە چیدەکات لەگەڵ خێزانەکەی؟ ئەویش گوتی "هیچ شتێکی تایبەت ناکەم، یارییان لەگەڵ دەکەم. یاریکردن بە تۆپ یان ڤیدیۆ، ئەوەی هەر باوکێک دەتوانێت بیکات. راستییەکە ئەوەیە کە کوڕەکانم، تیاگۆ، ماتیۆ و سیرۆ زۆر حەز لە یاریی ئەلەکترۆنی دەکەن".
 
مێسی، لە بەشێکی قسەکانیدا لەم هەڤپەیڤینەدا، باسی لەوە کرد کە تێنس، پادێل، باسکە، هەروەها تۆپی پێی ئەمریکی خۆشترین یارییە وەرزشییەکانن لای ئەو لە دوای تۆپی پێ.
 
ئایا تۆ رۆمانسیت؟ وەڵامی مێسی بۆ ئەم پرسیارە سەیربوو، و گوتی "من رۆمانسی نیم".
 
چ دۆخێک وادەکات مێسی بگریێت؟ مێسی گوتی "نازانم، بەڵام زۆر هەستیارم".
 
خاوەن هەشت باڵۆن دۆر، پەیامێکی بۆ گەلی سعودیە هەبوو، و گوتی "سوپاسی هەموو لایەک دەکەم بۆ ئەو خۆشەویستییەی کە پێمدەدەن، یەکەمجاریش نییە، چەندجارێک دەرفەتم بۆ رەخساوە کە سەردانی سعودیەم کردووە، سوپاس بۆ پێشوازی گەرمیان، سڵاوێکی گەورەیان بۆ دەنێرم".
 
لیۆنێل مێسی لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکدا، گوتی " من سەیری هەموو وەرزشەکان دەکەم، تێنس، پادێل، تۆپی باسکە، ئێستاش زۆر شت لەبارەی تۆپی پێی ئەمریکاوە فێربوومە و زیاتر لێی تێدەگەم و چێژی لێ وەردەگرم".

 

مێسی: سوپاسی سعودییەکان دەکەم

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif