هەڵواسینی ترسنۆکی و خوێنی بەعسیانە بە ئاڵادا

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی 

نادادگەری و گەندەڵی و جیاوازی چینایەتی، کاریگەری خراپی لەسەر هەموو جۆرەکانی ئینتیماکان هەڵچنیوە، بە جۆرێك کە لە هەموو جێگایەك هەست بە تێکشکانی ئینتیما گشتیەکان دەکەین، ئینتیمای نیشتمانی لە تێکشکاوترینیانە، لە ڕاستیدا من نامەوێ لێرەدا باسی ئینتیما و هۆکارەکانی تێکشکانی بکەم، بەڵام ئەوەی پێویستە لەسەری بوەستین ئەو تێکشکانەیە کە خەریکە هەموو سنورەکانی تێپەڕاندوە و کاریگەری لەسەر ئێستاو داهاتوومان جێدەهێلێت، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی وەك و ئێمە.

"ناکرێت دژایەتی خاك و ئاڵاو زمانی نەتەوەکەی خۆت ناوبنێی خەبات و بەگژدا چوونەوەی ستەم"


نیشتمان و خاك و ئاڵاو زمان تا جل و بەرگ لە هەموو نەتەوەکانی دنیادا خاڵی هاوبەشی نێوان خەڵکە بەدەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتەوە، دابەشبونەکە هەرجۆرێكبێت ئەوا ئەستەمە دەسەڵات بتوانێ قۆرخکاری لەمانەدابکات، بەڵام خەریکە خەڵکێك لە پاڵ نەیاریدا بۆ دەسەڵات هەموو ئەمانە دەخاتە سەنگەری دژایەتی خۆی لە کاتێکدا ئەمە دۆڕانە بۆ سەدان ساڵ، هەرچەند دنیای مۆدێرنە جارێکیتر پێناسەی بۆ ئەمانە کردۆتەوە و دەکرێت خەڵكێك هەبێ وا بیربکاتەوە کە دنیای ئێستا پێویستی بە دەوڵەت و نەتەوە و ئاڵا و زمانیش نیە، بەڵام نەمن ڕووم لەم مرۆڤانەیە و نە ئەوانیش هێندە ئاستی تێگەشتنیان لاوازە کە هەموو سنورەکان تێکبشکێنن.

"دەبێت کۆمەڵگە هەموو ئەوانە ڕەدبکاتەوە کە دەیانەوێت خوێنی بەعسیانە و شوێنکەوتنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان وەك هەڵوێست و دژایەتی دەسەڵات نیشان بدەن"


ئەوەی مەبەستی منە ئەو کەسانەن کە هیچ سنورێکیان بۆ بێڕێزیکردن نەهێشتۆتەوە بەرامبەر ئاڵاو خاك و زمان و نەتەوە، لە کاتێکدا دەکرێت تۆ دژی دەسەڵات و تاك بەتاکی ئەوانەبیت کە حکومداری دەکەن و بەدەنگی بەرز بڵێین نا بۆ گەندەڵی و نادادگەری و هەموو ئەوانەی تۆیان بێزار کردوە، بەڵام ناکرێت بێیت و وێنەی ئاڵاکەت دانێیت و زەربێکی لێ بدەیت و ئەمە ناوبنێی ناڕازیبون لە دەسەڵات، ناکرێت دژی خاك و خەڵک و نەتەوەکەی خۆت بیت و دەست بخەیتە دەستی تینوانی خوێنت و ئەمە بکەیتە خەبات و بەگژدا چوونەوەی ستەم و نادادی، ناکرێت شوێنکەوتنی پارویەکی چەور و شوێنکەوتنی بەرژەوەندیەکان وەك دەستکەوت بە خەڵك بفرۆشینەوە، مرۆڤ چۆن دەبێت سوکایەتی بە ئاڵاو خاك و نەتەوە و زمانی خۆی بکات هەر لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارەکانی بەدڵی ئەو نین، لە کاتێکدا بە دەسەڵات بلێی گەندەڵ و خاك فرۆش و هۆکاری نەمانی ئینتیمای نیشتمانی، کەچی خۆت بێیت و بەناوی دژایەتی ئەمانەوە سوکایەتی بە هەموو شتێکی نەتەوەکەت بکەیت و ناوی لێ بنێی ئازایەتی، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی دژی خاك و نەتەوە و ئاڵا دەوەستنەوە ئەوانەن کە جورئەتی وەستانەوەیان نیە بەرامبەر دەسەڵاتدارەکان و دێن شەڕی ترسنۆکی خۆیان بەئاڵاو نەتەوە و خاكدا هەڵدەواسن، ناتوانن بە بەرپرسەکان بڵێین بەری چاوتان کلی پێوەیە کەچی زۆر ئاسان دێن و ئاڵای کوردستان دادەنێت و زەربێکی لێدەدات، ئەمە لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت دەبێت ئیدانە کراوبێت و بەخوێنێکی بەعسیانە پێناسە بکرێت و کۆمەڵگە ڕەدی بکاتەوە وەك چۆن دەبێت گەندەڵی و نادادگەری و ستەمکاری ڕەد بکاتەوە.

"مرۆڤی بە هەڵوێست دژی دەسەڵات دەوەستێتەوە و بەهاکانی خۆشی تێکناشکێنێ"


چونکە کاتێك کۆمەڵگەیەك بەهاو ئینتیمای هاوبەشی تێدا نەمایەوە ئیدی دەسەڵاتەکانیش بگۆڕێن دۆخی خەلکەکە ناگۆرێت و رێشی لە خۆشگوزەرانی ناکەوێت و هەمیشە لە لێواری کەوتن و ژێردەستەییدا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە هێڵێکی گشتی بۆ هاوبەشیەکانمان دانێین و رێگە نەدەین بەناوی دژایەتی و حیزب و بنەماڵەو گەندەڵیەوە کەس ئەو هێڵە گشتیانە تێپەڕێنێ، چونکە بەهادانان بۆ خاك و ئاڵاو نیشتمان و جلوبەرگ و ڕەسەنایەتی خۆت رێگری لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ناگرێت بەڵکو دەبێتە پەرژینێکی پارێزەریان کاتێك بەدەستهاتن، بەها هاوبەشەکان بەشێکن لە هۆکاری مانەوە و بەهێزی لە پاڵ هۆکارەکانیتردا.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif