ئێران: ئۆپەراسیۆنەکانی موقاوەمەی ئیسلامی بە فەرمانی ئێمە ناکرێن

ليست هناك تعليقات


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هیچ رۆڵێکیان لە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن نەبووە و ئاماژە بەوە دەکات، ''ئۆپەراسیۆنەکانی موقاوەمەی ئیسلامی بەرگریکردنە لە خۆیان و پاڵپشتیکردنە لە فەلەستین کە بە فەرمانی ئێمە ناکرێن."

رۆژی دووشەممە، 29-01-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، لەبارەی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن رایگەیاند، ''گرووپەکانی موقاوەمە لە ناوچەکەدا، فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەرناگرن و خۆیان بڕیار لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دەدەن."

لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 25ـی دیکە برینداربوون. ناسر کەنعانی گوتی، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی پەرەسەندنی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا و هیچ دەستوەردانێکی لە هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئوردن نەبووە."

ئەمە یەکەم جارە لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023ـەوە سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی هێرشی درۆنی یان مووشەکی دەکوژرێت و تائێستا هیچ گرووپ یان رێکخراوێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە نەگرتووەتە ئەستۆ.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، هێرشەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی حەماس و بەرگریکردن لە خۆیانە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە.

لە 17-10-2023ـوە چەندین جار هێرشکراوەتە سەر هێز، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کە زیاتر لە 158 هێرش بوون، بەڵام لە هیچیاندا هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرابوو؛ بۆیە ئەم هێرشە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە کۆمارییەکانی ئەمریکا داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن هێرش بکاتە سەر ئێران.

ناسر کەنعانی باسی لە 7ـی ئۆکتۆبەر و دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل کرد کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی بەدوای خۆیدا هێنا و گوتی، ''ئێمە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان نین. شەڕ لە غەززە چارەسەر نییە.''

بەرەبەیانی 7-10-2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بەناوی ئۆپەراسیۆنی"تۆفانی ئەقسا" هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل. بە گوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، حەماس ئەو رۆژە 250 کەسی بە بارمتە گرت و زیاتر لە هەزار و 140 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوشت. 24 کاژێر دواتر ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین" وەڵامی حەماسی دایەوە و لە رێگەی ئاسمان و زەمینەوە هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون و بە سەدان هەزار هاووڵاتیش ئاوارە بوونە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif