سەرۆکوەزیرانی عێراق بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای راگەیاند، "هەر کارێک ببێتەهۆی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق رەتی دەکەینەوە، لەوانەش هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە بەغدا."
ئەمڕۆ سێشەممە 16-01-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا لەگەڵ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "لیژنەی دووقۆڵیی تایبەت بە پێداچوونەوە بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەست بە کارەکانی بکات، کە لە سەردانی مانگی ئابی رابردووی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنی لەسەر کرا، لەگەڵ گفتوگۆکردن بۆ دانانی کاتی تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. پەیوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بگۆڕدرێن بۆ پەیوەندیی دووقۆڵیی گشتگیر."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی تیشکی خستەسەر هێرشەکان لەنێو خاکی عێراق و گوتی، "هەر کارێک رەتدەکەینەوە کە ببێتەهۆی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و وەڵامدانەوەی راستەوخۆ، لەوانە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە بەغدا. هاوکات حکومەت سوورە لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر ئەو بنکانەی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی تێدایە."
لە دوو مانگی رابردوودا ئەمریکا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەوانەش رۆژی 04-01-2024 کە لە بۆردوومانێکی درۆنی ئەمریکادا ئەبو تەقوا سەعیدی، جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی و بەرپرسێکی دیکەی حەشد کوژران. هێرشەکان لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکانی ئەو گرووپانەدان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
هەروەها سوودانی باسی دۆخی ناوچەکەی کرد و گوتی، "سەقامگیریی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ دانانی سنوورێک بۆ فراوانبوونی ململانێکان لە راگرتنی کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەڵەستین دەستپێدەکات."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق