ڤینیسیۆس لە هەژارترین خێزانەوە بۆ بەنێوبانگترین هەڵبژاردەی جیهان

ليست هناك تعليقات


ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەوکاتەی چاوی لە بەزەیی خوا بوو، بەیانی تاوەکو ئێوارە چاوی لە دەرگای ماڵەوە بوو، بۆ ئەوەی دایک و باوکی لە کارکردن بگەڕێنەوە و سکە برسییەکەی تێر بکەن. هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە، کە رۆژێک دێت دەبێتە یەکێک لە بەنێوبانگترین و باشترین یاریزانانی جیهان، و بۆ بەنێوبانگترین هەڵبژاردە و یانەی جیهان یاری دەکات.

ڤینی ژیانێکی پڕ مەرگەساتی هەبووە، ئەو لە ژینگەیەکی هەژارەوە پێگەیشتووە و بە تێکۆشان و کۆڵنەدان توانیویەتی لە هەژارترین خێزانەوە بگاتە ئەو رۆژەی کە بەهای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی یەک ملیار یۆرۆ بێت.

هەژارییەکی بێوێنە

ڤینیسیۆس لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە کە بەدرێژایی رۆژ کاریان دەکرد بۆ دابینکردنی دوو ژەم لە رۆژێکدا بۆ سێ منداڵەکەیان، و یەک ژەم بۆ باوک و دایک، کە بێگومان شەقام یەکەم گۆڕەپانی ڤینی بوو بۆ ئەنجامدانی تۆپی پێ.

ڤینی لە تەمەنی 7 ساڵیدا دەستی بە یاریکردن لە تیپەکانی فوتساڵ کردووە، ئەمەش یارمەتی داوە تواناکانی لە یاریکردن پەرەپێبدات. دوای ساڵانێک رووی لە فلامینگۆ کرد، بۆ ئەوەی دەست بە ژیانی راستەقینەی لەگەڵ تۆپی پێ بکات.

ڤینیسیۆس وەک بەرگریکاری چەپ لەگەڵ فلامینگۆ یاری دەکرد، بەڵام بەخێرایی بوو بە ئامێری گۆڵکردن، کە هەمووانی سەرسام کرد و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشا، بوو بە یاریزان و گۆڵکار و ئەستێرەی سەرەکی لە قۆناخەکانی تەمەنی لاویدا.

ئەو دەرفەتەی کە خێزانە هەژارەکە چاوەڕێی دەکرد کاتێک هاتە پێشەوە کە بانگهێشتکرا بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵەوانێتی لاوانی ئەمریکای باشوور، ئەمەش وایکرد فلامینگۆ بەهای مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لە 30 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 45 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە.

ڤینی چووە پاڵەوانێتییەکە و 7 گۆڵی تۆمارکرد، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، و سەرکردایەتی بەرازیلی کرد بۆ بردنەوەی نازناوەکە، بۆیە تیپە ئەوروپییەکان ئاگاداری بوون و دەستیانکرد بە داواکردن واژۆی ئەو کوڕە گەنجە، بەڵام لەبەرئەوەی سەرەتا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی زۆربوو، یانەکانی ئەوروپا نەیاندەتوانی سەرکێشی بکەن.

بەهەشتی مەدرید

بارسێلۆنا گوشاری دروستکرد بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ڤینی، بەڵام ریال مەدرید بڕیاریدا هاوکێشەکە بگۆڕێت و لە هاوینی 2017ـدا بڕی 46 ملیۆن یۆرۆی پێشکێشکرد لە بەرامبەر گواستنەوەی بۆ ریزەکانی یانەکەی. ئەوە دووەم گرانترین گرێبەست بوو لە مێژووی تۆپی پێی بەرازیلدا دوای گرێبەستەکەی نەیمار.

ڤینی ساڵێکی تەواو چاوەڕێی کرد تاوەکو بەڕاستی بچێتە ریال مەدرید، چونکە ئەوکات تەمەنی 17 ساڵ بوو، بۆیە رێگەی پێنەدرا لە دەرەوەی بەرازیل یاری بکات، کە لە بەرازیل بەشێوەیەکی یاسایی رێگری لە یاریزانان دەکرێت بەشێوەیەکی پیشەگەرانە لە دەرەوەی وڵات یاری بکەن پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 18 ساڵی.

لە مانگی تەمموزی 2018 ڤینیسیۆس تەمەنی بوو بە 18 ساڵ، یەکەم یاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە 29ـی ئەیلوولی 2018 ئەنجامدا، کاتێک لە یاریی دێربیی مەدریددا وەک یاریزانی یەدەگ چووە نێو یاریگە و یارییەکە سەرنجڕاکێشی لەگەڵ یانەی مێرێنگێ ئەنجامدا.

خیانەتی بارسێلۆنا

ئاندرێ کۆرێ، دۆزەرەوەی بەهرەکانی بارسێلۆنا لە ئەمریکای باشوور ئاشکرایکرد، ڤینیسیۆس نزیکبوو لە پەیوەندیکردن بە یانەی بارسێلۆنا، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، نوێنەرانی ڤینیسیۆس خیانەتیان کرد و لە بەڵێنەکانیان پاشگەز بوونەوە.

کورێ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی رایگەیاندووە "سێ ساڵ و نیو پێش ئەوەی ڤینیسیۆس پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات، ویستمان گرێبەست لەگەڵ ڤینی بکەین و لەگەڵ هەردوو نوێنەری، فرێدریکۆ پینا و ستیفانۆ هویلا رێککەوتنمان کرد، کە هاوڕێیەتییەکی زۆرم لەگەڵیان هەبوو، بەڵام لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکەی گرێبەستەکەدا، خیانەت و ناپاکی روویدا".

ئاماژە بەوەش دەکات "هەرچەندە ڤینیسیۆس گوتی هاندەری بارسێلۆنایە، هەروەها نەیمار نموونەی بەرزیەتی، و پشتڕاستیکردەوە کە مێسی لە رۆناڵدۆ باشترە، بەڵام دواتر لێدوانەکانی پێچەوانە کردەوە دوای ئەوەی بەڕاستی پەیوەندی بە مەدریدەوە کرد".

کۆرێ لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "نوێنەرانی ڤینیسیۆس لە بارسێلۆنا بوون، بەڵام ڤاگنەر ریبیرۆ، بەرێوەبەری کاری بەنێوبانگ، پەیوەندی بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدەوە کرد و ئامۆژگاری کرد کە گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، دواتر بانگهێشتی کردن بۆ ئەوەی بچنە مەدرید".

ئاماژەی بەوەشکرد، جۆنی کالافات، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، مەحاڵە یاریزانە بەرازیلییەکە پەیوەندی بە تیپەکەیانەوە بکات، چونکە ئەو دەیزانی کە من پەیوەندییەکی چەند بەهێزم بە ژینگەی یاریزانەکەوە هەیە، پێش ئەوەی نوێنەرانی ڤینیسیۆس بگەڕێنەوە بارسێلۆنا، ئەوان رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێمە کرد و تەوقەیان لەگەڵ کردین، پاشان ون بوون و خیانەتیان لێکردین.

تیمێکی تایبەت

تیمێکی تایبەت لە پزیشک و پسپۆڕان سەرپەرشتی مەشق و سیستمی خواردنی ڤینی دەکەن، ئەوان دڵنیایی ئەوە دەدەن کە یاریزانە بەرازیلییەکە بەباشی ئاگاداری هەموو بارودۆخەکانییەتی، هەروەها لە رووی راهێنان و خواردنەوە هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت.

رۆژنامەی گڵۆبۆی بەرازیلی ئاشکرایکردووە، زیاتر لە 10 کەس لە نزیکەوە لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر کاردەکەن، لەنێویاندا چێشتلێنەر و فۆتۆگرافەرێکی تایبەت.

چێشتلێنەرەکە خواردنی هاوسەنگ و تەندروست ئامادە دەکات و پێشکێشی دەکات، بە جۆرێک کە بڕی ئەو خواردنەی ڤینیسیۆس دەیخوات کۆنترۆڵ دەکرێت، بەو پێیەی دەزانێت کە خواردنی دڵخوازەکەی تێکەڵەیەک لە برنج و دانەوێڵەیە، گۆشتی سپیش پێکهاتەی سەرەکی خۆراکەکەیە.

تیاگۆ لۆبۆ، پزیشکی فیزیکیی کاردەکات بۆ چاککردنەوە و پشووپێدانی ڤینیسیۆس دوای هەموو یارییەک، بەمەبەستی پاراستنی لە پێکان، هەروەها کۆمپانیای "TMF"ـی بەکرێ گرتووە بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی ژیانی لە ئەوروپا.

ڤینی و مۆدە

ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی ئەو جلوبەرگانە هەڵدەبژێرێت کە رەنگدانەوەی کەسایەتییەکەی بن و لەگەڵ کارەکتەری ئەودا بگونجێن، هەروەها حەزی لە رەنگی گەشاوەی وەک زەرد، سوور و شینە.

ئەستێرەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە رۆژانی ئاساییدا جینز له گەڵ تیشێرت یان کراسێکی ساده لەبەردەکات، بەڵام له بۆنه فەرمییەکاندا قات و چاکەت لەبەردەکات.

ڤینی لە رێگەی ئیکسسواراتەوە دیمەنی کەسایەتی خۆی زیاتر دەڕازێنێتەوە، چونکە کاتژمێری مۆدێرن و کڵاوی گەنجان و چاویلکەی خۆری لەبەردایە.

پڕۆژەی خێرخوازی

هەروەها ڤینیسیۆس هەوڵدەدات بەشێک لە کاتەکەی بۆ پڕۆژەکەی تەرخان بکات، کە دەستیپێکردووە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی هەژار.

ناوی پڕۆژەکەی "پەیمانگای ڤینیسیۆس"ـە، کە گرنگی بە پەروەردە دەدات بۆ ئەوەی خوێندن ئاسانتر و چێژبەخشتر بکات بۆ ئەو منداڵانەی کە هەژار و کەمدەرامەتن.

ڤینی دەڵێت "نامەوێت منداڵی زیاتر ببینم وەک ڤینیسیۆس، نەیمار و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دەمەوێت پزیشک و کەسانی شایستەی زیاتر لە هەموو کەرتەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی پێشبکەوین".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif