لەسەر تووندکردنی یاسای کۆچبەری دەستی لەکار کێشایەوە

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانی فەرەنسا پڕۆژەیاسای نوێی کۆچبەرانی تێپەڕاند و وەزیری تەندروستی لەبەر "تووندیی" یاساکە دەستی لەکار کێشایەوە. سەرۆکی فەرەنساش دەڵێت، "ئەو یاسایە قەڵخانێک بوو, کە پێویستمان بوو".

رۆژی چوارشەممە 20-12-2023، حیزبەکانی فەرەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکە یاسای نوێی کۆچبەرییان پەسندکرد و لەبەر تووندیی یاساکە وەزیری تەندروستیی وڵاتەکە وەک بەرگریی لە کۆچبەران دەستی لەکار کێشایەوە.

ئۆلیڤیێر ڤێران، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "ئۆرێلیێن روسۆ، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیی حکومەتدا لە رۆژی چوارشەممە بەشداریی نەکردووە." بەمجۆرە گوتەبێژەکە دەستلەکاركێشانەوەی وەزیرەکەی پشتڕاستکردەوە.

دوێنێ سێشەممە وەزیری تەندروستی گوتی، "بەهیچ جۆرێک رێی تێناچێت بەرگریی لەو پڕۆژەیاسایە بکەم."

هەر بەگوێرەی ڤێران، حکومەتی فەرەنسا بەشێوەیەکی کاتی ئەگنێس فێرمین لوبۆدۆ وەک وەزیری نوێی تەندروستیی فەرەنسا دیاری دەکات.

ساڵێک و شەش مانگ بوو گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر لەسەر یاسای کۆچبەری هەبوو، چەند جارێک یاساکە لەلایەن حیزبەکەی ماری لوپێن، سیاسەتڤانی راستڕۆ و سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنساوە رەتدەکرایەوە بە بیانووی ئەوەی لە یاساکە نەرمییەکی زۆر بەرامبەر کۆچبەران هەیە، بۆیە ئیمانوێل ماکرۆن ناچاربوو پڕۆژەیاسایەکی تووندتر کە بتوانێت حیزبەکانی دیکە رازیبکات ناردە پەرلەمان و بڕیاری لەسەردرا.

پڕۆژە یاساکە چییە؟

پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی کۆچبەران نییە، بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیە، لەمەدوا هاوکارییە داراییەکان بۆ کۆچبەران کەم دەکرێنەوە، یاساکان کە لە بەرژەوەندی قوتابی و خوێندکارانی بیانیدان، تووند دەکرێن. ساڵانە ژمارەی کۆچبەران دیاری دەکرێن، ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی بیانی لەفەرەنسا لەدایک دەبن، بە زەحمەت وڵاتینامەی فەرەنسی وەردەگرن، هەر هاووڵاتییەکی خاوەن دوو وڵاتینامە تاوان بەرامبەر پۆلیس بکات، ئەگەری هەیە وڵاتینامەی فەرەنسی لێبسەندرێتەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەو بارەیەوە گوتی، "فەرەنسا ئەو یاسایەی پێویست بوو، ئەو یاسایە وەک قەڵخانێکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی شەڕی کۆچی نایاسایی بکەین و ئاسانکاری بۆ ئەوانە بکەین کە بە یاسایی دێن."

چەپڕۆکان دژ و راستڕۆکان هاوڕان

نزیکەی 63 ئەندامی چەپڕۆی حکومەت، لە دژی یاساکە وەستانەوە و قبووڵیان نەبوو، یەک لەوان وەزیری تەندروستی بوو، بەپێی چەند بەرپرسێکی حکومی، ئۆرێلیێن روسۆ رۆژی سێشەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشی ئێلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیران کردووە و تائێستا هیچ ئاماژەیەکی قبوڵکردنی لەئارادا نییە.

چاوەڕوان دەکرێت چەند وەزیر و بەرپرسێکی دیکە دەستلەکاربکێشنەوە، میدیای فەرەنسا وای بڵاوکردەوە. بەڵام، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا گوتی، "هیچ یاخیبوونێکی وەزاریی نییە."

بۆریس ڤالاود، سیاسەتڤان لە حیزبی چەپڕۆی سۆشیال تێپەڕاندنی یاساکای شەرمەزارکرد و گوتی، "یاساکە پڕە لە بیرۆکەی بۆگەن."

بۆ کەمکردنەوەی رەخنە و بەرهەڵستییەکانی نێو حکومەت، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە لێدوانێکی بۆ میدیای وڵاتەکەی گوتی، "پڕۆژەیاساکە دەکرێت پەرەبسێنێت و لەلایەن ئەنجوومەنی دەستوورییەوە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت."

سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا هەروەها گوتی، "ئێمە ویستمان یاسایەک تێپەڕێنین کە بە دوو خاڵ خزمەتی هاونیشتیمانیانی فەرەنسا بکات: لابردن و دەرکردنی ئەوانەی کە هیچ مافێکی مانەوەیان لە فەرەنسا نییە هەروەها باشتر کارلێککردن لەگەڵ ئەوانەی کە لەلایەن فەرەنساوە پێشوازییان لێدەکرێت."

ئەندامێکی ناونەهێنراوی کۆبوونەوە فەرمییەکەی رۆژی چوارشەممە کە وەزیری تەندروستی بەشداریی تێدا نەکرد ئاشکرای کرد: "ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆبوونەوەکە گوتوویەتی پڕۆژەیاساکە کۆمەڵێک شتی تێدایە کە بەدڵم نی.ن بەڵام لە هەمانکاتدا دژی بەهاکانی فەرەنساش نین."

ژین فیلیپ تانگوی، سیاسەتڤانێکی راستڕۆی فەرەنسایە و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکەی بە "سەرکەوتنی تەواو" ناوبرد.

لەلایەکی دیکەوە ئیریک سیۆتی، سەرۆکی حیزبی کۆمارییەکانی فەرەنسا گوتی: "ئەمە بۆ راستڕۆکان سەرکەوتنێکی مێژووییە."

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خواستێکی زۆری کۆچبەرانی لەسەرە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لەو چەند ساڵی دواییدا، کاریگەرییەکی زۆر کەوتووەتە سەر پرۆسەی نیشتەجێکردن، خستنە بەر خوێندن، خستنە سەر کار و چەندین لایەنی دیکەی ئاسوودەکردنی ئەو کۆچبەرانە.

بەگوێرەی پەیمانگەی ئاماری نیشتیمانیی فەرەنسا، لە ساڵی 2021 لانیکەم ٪10.3ـی دانیشتووانی فەرەنسا کۆچبەر بوون کە یەکسان بوو بە نزیکەی 7 ملیۆن کەس. لە ساڵی 2018ـش لانیکەم 9 ملیۆن کۆچبەر لەو وڵاتە ژیاون.

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif