محمد کەمال
-
جانتاکەم دەپێچمەوە، بەرەو بەغداد، بەرەو نادیار، بەرەو ئەو جێیەی ئیمزای ئەنفالی پورە گەرمیانیەکان و خوشکە بالیسانییەکانمی لێوە کرا ،دەبێ جانتاکەم بپێچمەوە بەرەو پایتەخت، لە دوای سی و سێ ساڵ کوردایەتی هاتن و کورتایەتییتان بۆ هێشتینەوە ..
سی و سێ هەزار جنێو لە دڵمایەو مامۆستایەتیم ناهێڵێ بێنە سەر زمانم، دەڕۆم و بەسەر نانی تیریدا داوای نان لە عەرەب دەکەم، ئەو برایانەی لەوەتەی هەن ساویلکەییمیان قۆستۆتەوە، ئەو برایانەی هیچکات ئەم یوسفەی خۆیان خۆش نەویستووە هەمیشە هەڵیانداوەتە بیری موئامەرەی خۆیانەوە، بەڵام هەر دەبێ جانتاکەم بەرەو بەغداد بپێچمەوە ..
لەجێی نالی شعرەکانی جەواهیری و لە جێی بێکەس دێڕەکانی مەعروف عەبدولغەنی ڕەسسافی بڵێمەوە و بەسەر شعری "مامۆستای کورد" ی گۆراندا بڕۆم و لە مەیدانی تەحریر شعری بەدر شاکر سەییاب بڵێمەوە کە دەڵێت ؛
(( لٲني غَریب ..
لٲن العراق الحبیب ..
بَعیدُٗ و ٲني هُـنا في الٳشتیاق !!
ٳلیە ، و ٲنـا .. ٲُنادي العــراق !! ))
من ئێستاکە وا هەستەکەم، ماسییەکی بچکۆلەم و نان لە قرش داوا دەکەم. دەبێ بڕۆم بەسەر کەشک و بەسەر دۆینەو بەسەر نەوتی خۆماڵیدا داوای نان و لـبنەی ئەوێ بکەم .لەکوردستانی ئازادەوە ناچارم بچمە ناو مەیدانی تەحریر ، مەیدانی ئازادیی ..
دەڕۆم بەڵام بە ئاشکرا نا ..
دەبێ خۆم لە چاوی بێکەس و مامۆستا هێمن و پیرەمێردی نەمر بشارمەوە و نابێ بشهێڵم مێژووم بەم چوونەم بزانێ، زۆر قورسە
دەڕۆم و دەبێ عەگال بدەم بەسەر جامانەی سەرمدا و ناشبێ لە تەریقییدا بمرم ..
زۆر قورسە دەڕۆم و لەو شوشە شکانەوەی سەرکردەکانی کورد خستویانەتە دەستمەوە دەبێ بڕۆم و بلورە چرایەکی لێ بهێنمەوە بۆ ڕوناکیـی ..
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق