دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە لەکۆبونەوەیەکی گشتیدا فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانو نوسەرانی سەربەخۆ "ڕۆنووس" ئەنجومەنی جێبەجێکردنی خۆی هەڵبژارد، دوێنێ لەکۆبونەوەی بۆردی فیدراسیۆنەکە هەریەکە لەسەرۆکی ئەنجومەنو جێگرەکەییو وتەبێژی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردران
لەکۆبونەوەی بۆردی فیدراسیۆنەکەدا بەشێوەی هەڵبژاردن هەریەکە لەهاوکار عیزەت میكه بەڕێوەبەری گشتی دەزگای میدیایی شارپرێس بەسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنو بەهزاد محسن مامۆستای زانکۆو نوسەری شاری هەولێر بەجێگری سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردرانو دەنگی ئەندامانی بۆردیان بەدەستهێنا
هەر لەو کۆبونەوەیەدا د. جەعفەر عەلی مامۆستای زانکۆو نوسەری دیاری کوردستان، وەک وتەبێژی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرا.
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنو جێگرەکەییو وتەبێژی ڕۆنووس لەکاتێکدایە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەشاری سلێمانیو لەکۆبونەوەیەکی گشتیداو بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەڕۆژنامەنوسانو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نهێنی ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی فیدراسیۆنەکە هەڵبژیردران
ڕۆنووس فیدراسیۆنێکی تایبەت بەنوسەرانو رۆژنامەنوسانو لەتەواوی کوردستان ئەندامی بۆردی هەیەو بەگوێرهى پەیڕەوو کارنامەی فیدراسیۆنەکە ئامانج لەکارکردنی، فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕِینو بەرگری لەئازادی وشە دەبێت
ڕۆنووس پێکدێت لەژمارەیەک دەزگای میدیایی ئەهلی ئازادو نوسەری سەربەخۆ لەناوەوەو دەرەوەی کوردستانو نوێنەرایەتیان لەدەرەوەی کوردستانیش دەبێت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی جیهانیەکان بۆ پەرەدان بەگیانی ئازادی ڕادەربڕینو کەمکردنەوەی سانسۆرو فشارەکان لەسەر دەنگی ئازادو سەربەخۆ
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق