کات بەرەو کۆتایی دەچێت و پێویستە نەتەنیاهوو بوەستێندرێت

ليست هناك تعليقات


 وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "کات بەرەو کۆتایی دەچێت و پێویستە بەر لەوەی دۆخەکە بگاتە ئاستی کوڵان، نەتانیاهو بوەستێنرێت."

 
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا رایگەیاند: "لە دیدارەکەمدا لەگەڵ سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە پێیان راگەیاندم، ئەگەر رێکارە سیاسییەکان بۆ وەستاندنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بگەنە ئەنجام، رەچاوی بارودۆخەکە دەکەین، بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوامبێت، هەموو ئەگەرێک کراوەیە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر دیدار و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوتی: "لەگەڵ هەموویان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی؛ ئەگەر سوود لەو دەرفەتانە وەرنەگیرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان خستوویەتە بەردەست، فراوانبوون و کرانەوەی بەرەی نوێی شەڕ دژی رژێمی زایۆنی دەبێتە ئەگەرێکی حاشاهەڵنەگر".
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لەبارەی پەیامەکانی واشنتن بۆ تاران کە هۆشدارییان دابوو خۆیان لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە نەگلێنێت، گوتی: "کاتی ئەو پەیامە فریودەرانەی ئەمریکا بەسەرچووە. من هۆشداری دەدەم. تاوەکو درەنگ نەبووە لەبری پەیام ناردنی فریودەرانە، کوشتوبڕی منداڵان و ژنانان رابگرن".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەیدا، "ئێمە فەرمان بە هێزەکانی بەرگری (مقاومه) لە ناوچەکە نادەین، ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن. ئەگەر تاوانە جەنگییەکان رانەگیرێن و هەموو جیهان شایەتی راوەستانی دەستبەجێی نەدات، بەرەکانی دیکەی شەڕ دەکرێنەوە".
 
لەبارەی ئەگەری تێوەگلانی راستەوخۆی ئێران لە شەڕی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەگەرێک بکرێت. دووپاتی دەکەمەوە، هیچ لایەنێک ناتوانێت بەردەوامبوونی ئەو دۆخە پشتگوێ بخات، ئەمڕۆ کە باس لە بەرەی بەرگری دەکەین، مەبەستمان تەنیا حیزبوڵڵا نییە".
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەبارەی هەڵوێستی حیزبوڵڵای لوبنان گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ بەرگری لە غەززە نەکەین، سبەی دەبێ لەنێو شارەکانی خۆماندا بەرگری بکەین. حەسەن نەسڕوڵڵاش گوتی، ئەگەر ئێمە دەستپێشخەری نەکەین، سبەی دەبێ لە بەیرووت لەگەڵ رژێمی زایۆنی (ئیسڕائیل) شەڕ بکەین".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێک ئاراستە سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەڵێت: "کات بەرەو کۆتایی دەچێت. دەبێ بەرلەوەی دۆخەکە لە ئێستا خراپتر بێت، چارەسەرێکی نێودەوڵەتی بدۆزنەوە و نەتەنیاهوو بوەستێنن. با بزانن، کات بەرەو کۆتایی دەچێت، بەرلەوەی بگاتە ئاستی کوڵان، دەبێ رێگەچارە سیاسییەکان کاریگەری خۆیان هەبێت".
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif