بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری دا سوودی بانکی وەکو خۆی بهێڵێتەوە

ليست هناك تعليقات



وەک پێشبینی دەکرا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری دا رێژەی سوودی بانکی وەکو خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام دەڵێت رەنگە لەمساڵدا جارێکی دیکە رێژەکە زیادبکات.

دوای کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە، لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە (20-9-2023) بڕیاریدا سوودی بانکی وەکو خۆی لە 5.50٪ بهێڵێتەوە.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بڕیارەکە کات دەداتە سیاسەتداڕێژەران "هەڵسەنگاندن بۆ زانیاریی زیاتر و لێکەوتەکانی لەسەر سیاسەتی نەختینەیی بکەن."

دوای بڕیارەکە، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا رایگەیاند "بڕیارماندا رێژەی سوودی بانکی لە 5.25٪ بۆ 5.50٪ بهێڵینەوە". راشیگەیاند، پابەندن بە کەمکردنەوەی هەڵاوسان بۆ ئامانجەکەیان کە 2٪ـە.

پاوڵ گوتیشی، ئەوان ئاگادارن لەو مەترسییانەی بەهۆی بەرزیی هەڵاوسانەوە دروستبووە.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەشڵێت "گێڕانەوەی هەڵاوسان بۆ 2٪ پرۆسەیەکی درێژخایەنە و زۆری ماوە". باس لەوەشدەکات پێشڤەچوونیان بەدیهێناوە "و پێشوازیی لێدەکەین، بەڵام دەبێت پێشڤەچوونی زیاتریش بەدیبهێنین بەر لەوەی بڕیار لەبارەی کاتی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بە زیادکردنی سوودی بانکی بدەین".

گوتەکانی پاوڵ ئاماژەن بەوەی رەنگە لە کۆبوونەوەی بانکەکەدا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، جارێکی دیکە سوودی بانکی زیادبکرێت، بەڵام نایشارێتەوە کە کۆتاییهێنان بە شەپۆلی زیادکردنی سوودی بانکی، نزیکە.

داتا ئەرێنییەکانی ئابووریی ئەمریکا هیوای ئەوەی دروستکردووە بانکەکە بتوانێت شەپۆلی زیادکردنی سوودی بانکی خاوبکاتەوە بەبێ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە تووشی سستی ببێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە مانگی رابردوو هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرزبووەوە؛ وەزارەتی کاری ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، 13-9-2023، رایگەیاند، لە مانگی ئابی 2023ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە گەیشتووەتە 3.7٪ بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو. ئەمە لەکاتێكدایە پێشبینی دەکرا رێژەکە 3.6٪ بێت، هەروەها زیاتریشە لە مانگی تەممووز کە هەڵاوسان گەیشبووە 3.2٪.

لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و، ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ـدا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.

ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵاکان کەمدەبێتەوە، بەوەش نرخی بەرزیی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان دادەبەزێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif