ئەنجوومەنى هاریکاریی کەنداو داوا لە عێراق دەکات پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت

ليست هناك تعليقات


ئەنجوومەنى وەزارەتى سەر بە ئەنجوومەنى هاریکارى کەنداو داوا لە عێراق دەکات پابەند بێت بە سەروەریى خاکى کوێت و بڕیار و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەوبارەیەوە پێشێل نەکات و دەڵێت: "هەموو جۆرە پێشێلکارییەک رەتدەکەینەوە کە زیان بە سەروەریى دەوڵەتى کوێت بگەیێنێت".

رۆژی 8ى ئەیلوولى 2023، ئەنجوومەنى وەزارەتى سەر بە ئەنجوومەنى هاریکارى کەنداو لە کۆبوونەوەى خولى 157ى خۆیدا، چەند داواکارییەکى ئاڕاستەى عێراق کرد لەبارەى کێشەکانى سنوور لەگەڵ کوێت.

ئەو ئەنجوومەنە لە راگەیێندراوێکدا داواى لە عێراق کرد پابەند بێت بە سەروەریى خاکى کوێت و بڕیار و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەوبارەیەوە پێشێل نەکات بەتایبەت بڕیارى ژمارە 833ى ئەنجوومەنى ئاسایش لەبارەى دیاریکردنى سنوورى نێوان هەردوو وڵات و رێکەوتنى رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى لە ناوچەى خۆر عەبدوڵڵا.

رۆژی 4ى ئەیلوولى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بەوەى رێککەوتننامەی خۆر عەبدوڵڵا پێچەوانەی مادەی ( 61/ چوارەم)ی دەستووری عێراقە کە دەڵێت: "پرۆسەی پەسندکردنی رێککەوتن و بەڵێننامەکان کە دەکرێنە یاسا دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت". 

رێککەوتنى خۆر عەبدوڵڵا لە 25ى تشرینى دووەمى 2013 لە نێوان عێراق کوێت واژۆ کرا لەبارى جوڵەى دەریاوانى لە بەندەرى خۆر عەبدوڵڵا لە سنورى پارێزگاى بەسرە، کە ناوچەیەکى سنوورى نێوان هەردوو وڵاتە و ئەو رێککەوتنەش لەسەر بنەماى بڕیارى 833 ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتییە کە لەساڵى 1933 دەرکراوە کە تایبەتە بە دیاریکردنى سنوورى نێوان عێراق و کوێت.

ئەنجوومەنى وەزارەتى سەر بە ئەنجوومەنى هاریکارى کەنداو داواى لەعێراق کرد پرۆسەى دیاریکردنى سنوورەکانى لەگەڵ کوێت جێبەجێبکات و دەڵێت: "هەموو جۆرە پێشێلکارییەک رەتدەکەینەوە کە زیان بە سەروەریى دەوڵەتى کوێت بگەیێنێت و مافى خۆیەتى بەگوێرەى رێکارە یاساییەکان وەڵامدانەوەى هەبێت".

رۆژی 31ى حوزەیرانی ئەمساڵ، سالم عەبدوڵڵا جابر سوباح، وەزیرى دەرەوەى کوێت سەردانى عێراقی کرد و دۆسیەى دیاریکردنى سنوورى لەگەڵ بەرپرسانى عێراق تاوتوێکرد، بڕیاردرا لێژنەیەکى باڵا لەنێوان هەردوولا بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێندرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif